تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕ (٢٦ی ژوەن) زەهرا محەممەدی، زیندانیی سیاسیی کورد و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەوە مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا.

دەوترێت باوکی ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی (تامین اجتماعی)ی سنە خەوێنراوە و دوای ئەوەی بەرپرسانی زیندان، دادگای شۆڕشی ئیسلامی و ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕەزامەندییان بۆ داواکارییەکەی نیشان داوە، ناوبراو بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ دراوە.

زەهرا محەممەدی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠دا (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ٥ ساڵ بەندکران خۆی ڕادەستی نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادگای سنە کرد و لەوێوە ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە کرا.

زەهرا (زارا) محەممەدی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی نۆژینە و لە ساڵانی ڕابردوودا چالاکییەکانی خۆی لە بواری فێرکاری و وتنەوەی زمانی کوردیدا چڕ کردبۆوە. ئه‌نجومه‌نی نۆژین له ‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێرانه‌وه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمیی کارکردنی پێ درابوو‌ و لە ‌ساڵانی ڕابردوودا له‌چه‌ندین شاری كوردستان خولی فێرکاریی زمانی كوردیی کردبۆوه‌، ئەم دامەزراوە مەدەنییە هەروەها لە بوارە فەرهەنگییەکانی تر و ڕێکخستنی کەمپەینی یارمەتیدانی لێقەوماوانی لافاو، یارمەتیدانی خەڵک لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا و… کاری کردووە.

خانمی محه‌ممه‌دی له‌ڕێكه‌وتی ٢ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٨دا (٢٣ی مەی ٢٠١٩) له ‌لایه‌ن هێزه ‌ئه‌منییه‌كانەوە لە سنه‌‌ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لەسەر چالاکییەکانی لێپرسینەوەی لێ کرا و بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر زەخت و گوشارەوە. ناوبراو له‌ڕێكه‌وتی ١١ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٨دا (٢ی دێسامبری ٢٠١٩) به ‌دانانی بارمته‌ی ٧٠٠ میلیۆن تمه‌نی ئازاد كرا.

زارا محەممەدی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٠) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە تۆمەتی «پێکهێنانی تاقم و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» دادگایی کرا و‌ حوکمی‌١٠ ساڵ به‌ندكرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.

پارێزەرەکانی خانمی محەممەدی بۆ تانەدان لەم حوکمە داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەیان لەڕێی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەرییەوە پێشکەش کردبوو کە ئەم داواکارییە لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە ڕەت کرایەوە.