تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ (٢٨ی ژوەن) زیندانیی سیاسی خەدیجە مێهدیپوور دوای ڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندان و دادگای شاری ئیلام مۆڵەتی پشووی کاتیی دەرمانکردنی پێ دراوە.
دەوترێت ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ دەرمانکردنی نەخۆشیی کۆئەندامی هەرس و هەروەها ددانی مۆڵەتێکی کورتی چوار ڕۆژەی پێ دراوە.
خەدیجە مێهدیپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرا و دوای ٢٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە لایەن ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا.
ناوبراو دوای چەند حەفتە لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر پەروانە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»، «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر»، بە لەبەرچاوگرتنی مادەی ١٣٤ (یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان) سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێبەندانی ١٤٠٠دا (فێبرییەی ٢٠٢٢) و بە پاڵپێوەنانی بەرپرسانی زیندان، بە بیانووی سووکایەتیکردن بە «ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» و «قاسم سڵێمانی» کەوتە بەر پەلامار و لێدانی ٣ کەس لە زیندانییە ئاساییەکانەوە. ئەوکات بەشی پێوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی زیندانەکانی ئیلام لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ئەم تێکهەڵچوونەی پشتڕاست کردبووەوە.
ناوبراو پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا (١١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک حوکمی بەندکرانی بۆ دەر چوو کە گۆڕیبوویان بۆ غەرامەی پارە.