ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) وریشە مورادی (جوانا سنە)، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢وە (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دەستبەسەر کراوە، بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لەم زیندانەدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا لە نیوەڕۆی چوارشەممەوە مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها هاوکات پەخشان عەزیزی، چالاکی بواری ژنانی کوردستان و هاوبەندیی ئەم زیندانییە سیاسییە، لە هەمان ڕۆژی سێشەممەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گواستنەوەی وریشە مورادیدا بۆ بەندی ٢٠٩ مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی سێشەممە ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) وریشە مورادی بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، سەرۆکی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران، بە مەبەستی لێپرسینەوەی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە بەندی ژنانەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین. ئەم چالاکە کوردە ٢٤ کاتژمێر دوای گواستنەوەکە و لە نیوەڕۆی ٢٦ی گوڵانەوە (١٥ی مەی) مانی لە خواردن گرتووە.

وریشە مورادی لە کاتێکدا گوازراوەتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ کە لە حەفتەیەک پێشترەوە و بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو.

پەخشان عەزیزیی هاوبەندیی ئەم ژنە چالاکەیش کە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، لە ڕۆژی سێشەممەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گواستنەوەی وریشە مورادیدا بۆ بەندی ٢٠٩ لە بەردەم بەشی پاسەوانیی بەندی ژنانی زیندانەکەدا دانیشتووە و مانی لە خواردن گرتووە. ئەم ژنە چالاکە دوای ڕۆژێک کۆتایی بە دانیشتنەکەی لە بەردەم بەشی پاسەوانیدا هێناوە، بەڵام وازی لە مانگرتنەکەی نەهێناوە و درێژەی پێ داوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی، لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە بڕیار بوو ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بەڕێوە بچێت، بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەر «عەمووزاد»ەوە هەڵوەشایەوە و دوا خرا بۆ کاتێکی تر.

بەپێی سزانەمەیەک کە لە لایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئەمنیەتی ئێڤینەوە دەرکراوە، داوای سزادانی ئەم دوو ژنە چالاکە بەپێی هەردوو مادەی ٢٨٨ و ٤٩٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی کراوە.

بەپێی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، «هەرکات ئەندامانی گرووپی باغی پێش تێکهەڵچوون و بەکارهێنانی چەک دەستگیر بکرێن، ئەگەر هێشتا ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە مابێت سزای بەندکرانی پلە سێ و ئەگەر ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە نەمابێت سزای بەندکرانی پلە پێنجیان بەسەردا دەسەپێت». هەروەها بەپێی مادەی ٤٩٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی، «هەرکەسێک کە ئەندام بێت لە دەستە یان کۆمەڵە یان لقی کۆمەڵەیەکدا کە دەیهەوێ ئاسایشی نیشتمانی تێک بدات، سزای سێ مانگ تا پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا دەسەپێت مەگەر ئەوەی بسەلمێت ئاگای لە ئامانجەکانی ئەو گرووپ و دەستەیە نەبووە».

وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشاندا و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.

وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.

ئەم ژنەزیندانییە پێش ئەوەی ببێتە ئەندامی کەژار لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی داعشدا بەشداریی کردووە و لە هێرشێکی داعشدا لە کۆبانێ برینداریش بووە.

ماڵپەڕی «بێتاوان» کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی ١٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) هەواڵی دەستبەسەرکردنی سێ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە بەرواری دەستبەسەرکردنیان، ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی «پژاک» بوون.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «سیاسی و ڕێکخستنی ژنان» لە کوردستاندا ڕاگەیاندبوو و داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کردبوو لە ئاست «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» و «سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان»دا دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.

پەخشان عەزیزی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

ئەم ژنەچالاکە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١١ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە. پەخشان عەزیزی بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

پەخشان عەزیزی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەشکەنجە و گوشاری لێپرسەوەکاندا بۆ قبووڵکردنی تۆمەتەکان و دانپیانان لە بەردەم کامێرای تەلەڤیزیۆندا، چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو و وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو تۆمەتەکان، ڕایگەیاندبوو کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و وەرگێڕ لە ناوچەکانی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کاری کردووە.

لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دیداری ئەم چالاکە ژنەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا وەک هۆکار بۆ سەلماندنی تۆمەتە هەڵبەستراوەکان لە قەڵەم داوە.

لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دیداری ئەم چالاکە ژنەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا وەک هۆکار بۆ سەلماندنی تۆمەتە هەڵبەستراوەکان لە قەڵەم داوە.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و دەرچووی لقی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران، لە ڕابردوویشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.