ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان (١٦ی مەی) وریشە مورادی دوای ٣ ڕۆژ مانەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا گەڕێنرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە. ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا مانی لە خواردن گرتبوو، دوای گەڕانەوە بۆ ناو بەندی ژنان کۆتایی بە مابگرتنەکەی هێناوە. هەروەها پەخشان عەزیزیی هاوبەندیی ئەم ژنە چالاکەیش کە لە ڕۆژی سێشەممەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گواستنەوەی وریشە مورادیدا بۆ بەندی ٢٠٩ مانی لە خواردن گرتبوو، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وریشە مورادی نیوەڕۆی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان (١٦ی مەی) دوای ٣ ڕۆژ مانە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا گەڕێنرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.
دەوترێت بێبەشکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە کە لە پێشترەوە بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی بۆی دانرابوو، دوای گەڕانەوەیشی بۆ ناو بەندەکە هەر بەردەوامە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) وریشە مورادی بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، سەرۆکی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە بەندی ژنانەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین. ئەم چالاکە کوردە ٢٤ کاتژمێر دوای گواستنەوەکە و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا، لە نیوەڕۆی ٢٦ی گوڵانەوە (١٥ی مەی) مانی لە خواردن گرتبوو.
هەروەها پەخشان عەزیزیی هاوبەندیی ئەم زیندانییە سیاسییەیش لە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گوڵانەوە (١٤ی مەی) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گواستنەوەی وریشە مورادیدا بۆ بەندی ٢٠٩ لە بەردەم بەشی پاسەوانیی بەندی ژنانی زیندانەکەدا دانیشت و مانی لە خواردن گرت. ئەم ژنە چالاکە دوای ڕۆژێک کۆتایی بە دانیشتنەکەی لە بەردەم بەشی پاسەوانیدا هێنا، بەڵام وازی لە مانگرتنەکەی نەهێنا و درێژەی پێ دا.
ئەم دوو زیندانییە سیاسییە نیوەڕۆی دوێنێ کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.
وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشاندا و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم زینداییە سیاسییە لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.
وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.
پەخشان عەزیزی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.
ئەم ژنەچالاکە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١١ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە. پەخشان عەزیزی بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە.
دۆسیەی ئەم دوو چالاکە ژنە بە تۆمەتی «بەغی» ڕەوانەی بەردەم لقەکانی ١٥ و ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران کراوە.