ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٨ی مارسی ٢٠٢٥) ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی نەورۆزەوە لە لایەن هاووڵاتیانی کوردی ورمێوە لەم شارەدا بەڕێوە چوو. لەم ڕێوڕەسمەدا دەیان هەزار کەس بە هەڵکردنی ئاگر و سەما و هەڵپەڕکێ، نەورۆز و دەسپێکی ساڵی نوێیان پیرۆز کرد. چەند ڕۆژ دواتر، لە ڕۆژی ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا (٢٢ی مارسی ٢٠٢٥) هەزاران هاووڵاتیی ئازەربایجانی لە شاری ورمێ و لە ڕێوڕەسمێکی دەوڵەتیدا بە بۆنەی گیانلەدەستدانی ئیمامی یەکەمی شیعەکانەوە خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد کە بە داخەوە کەوتە ژێر کاریگەریی ڕەوتە مەزهەبی و ناسیۆنالیستییە توندڕەوەکانەوە. لەم ڕێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی حکومەت و بە پاڵپشتیی هێزی پۆلیس بەڕێوە چوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەشداربوان، گۆپاڵ بەدەست و بە «حەیدەر حەیدەر»وتن هەندێ دروشمیان وتەوە و کۆمەڵە پلاکاردێکیان بەرز کردەوە کە نموونەی ئاشکرای ڕقبەخشینەوە و دژایەتیکردنی کورد بوو.

هەندێ لە خۆپیشاندەران کە بە ڕوونی وەفاداریی خۆیان بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەگەیاند، هەڕەشەی کوشتنیان لە هاووڵاتیانی کورد دەکرد. هەروەها هەندێکیان وێنە و پۆستەری غوڵامڕەزا حەسەنی، ئیمام جومعە و نوێنەری پێشووی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ورمێیان بەرز کردبووەوە کە بەناوبانگ بوو بە دژایەتی و کوشتنی کوردان.

ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و ئازەربایجان بەپێی باوەڕە قووڵەکانی خۆمان بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان خەڵک بە هەموو ڕەنگ و چەشنە جیاوازەکانەوە و بە پێداگرتن لەسەر بەرگریکردن لە مافە بنچینەییەکانی هەموو تاکەکان، لەوانە مافی بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی سیاسی و ڕێوڕەسمە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، هەرجۆرە ڕقبەخشینەوە و دژایەتیکردنێکی ئەویدی و هاندان بۆ توندوتیژی، کە لە ڕێوڕەسمەکەی ٢ی خاکەلێوەی ورمێدا بینیمان، بە توندی شەرمەزار دەکەین.

ئێمە دژایەتیی بێئەملاولای خۆمان لەگەڵ هەرجۆرە هەنگاوێکدا کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی بەشێک لە هاووڵاتیان و پەرە بە هەڕەشە و توندوتیژیی دژ بە ئەوانیدی بدات، ڕادەگەیەنین. ورمێ وەک شارێکی چەندکولتووری و چەندئەتنیکی، موڵکی هەموو دانیشتوانیەتی، لەوانە ئازەربایجانییەکان، کوردەکان، ئەرمەنییەکان، ئاشوورییەکان و دانیشتوانی دیکەی شارەکە. ئێمە هۆشداری دەدەین لەمەڕ هەرجۆرە بەکارهێنانێکی جیاوازییە مەزهەبی، زمانی و ئەتنیکییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ پەرەپێدانی ململانێ، شەڕانگێزی و تێکهەڵچوون، هاوکات جەخت دەکەینەوە لەسەر زەروورەتی پاراستنی پێکەوەژیان، ڕێزگرتنی بەرانبەر و دوولایەنە و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

بێگومان خەڵکی ورمێ و ناوچەکە کارەساتی شەڕی نەغەدەیان لە بەهاری ١٣٥٨دا (١٩٧٩) لە بیر نەکردووە کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد و ئازەربایجانی. کۆماری ئیسلامی کە ئەوکات تازە دەسەڵاتی گرتبووە دەست، ئەو کارەساتەی بەتەواوی بە ئاڕاستەی کۆکردنەوەی هێز، قووڵترکردنەوەی درزە مەزهەبی و ئەتنیکییەکان و بەرهەمهێنانەوەی تەندوتیژیدا بە کار هێنا. ئەم حکومەتە مانەوەی خۆی لە دروستکردنی قەیران و دووبەرەکیدا دەبینێت، هەر بۆیە نابێ مۆڵەتی پێ بدەین جارێکی تر زەمینەی کارەساتێکی گەورەتر بڕەخسێنێت.

ئێمە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و ئازەربایجان، سەرجەم هاووڵاتیانی ورمێ، هەروەها حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنی و پیشەیی و فەرهەنگییەکانی کوردستان و ئازەربایجان بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی بە هەموو توانای خۆیانەوە هەوڵ بدەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و لە بەرانبەر پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و هاندانی ڕەوتە توندڕەو و شەڕانگێزەکانی سەر بە هەر بەرەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکدا، هەڵوێستی ڕاشکاوانە وەربگرن.

نابێ بهێڵین ورمێ ببێتە گۆڕەپانێک بۆ زۆرانبازیی ڕەوتە مەزهەبی و ناسیۆنالیستییە توندڕەوەکان و شوێنێک بۆ پەرەدان بە توندوتیژی و بەکارهێنانی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هاووڵاتیان و بەستێنێک بۆ ڕقبەخشینەوە و نانەوەی دووبەرەکی.

ئەنجومەنی پارێزگاریکردن لە زیندانیانی سیاسیی ئازەربایجانی لە ئێراندا (ئاداپ)

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردپا