ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ (١٣ی ژووییەی ١٩٨٩) لە ناوەندی ئەورووپادا سێ کەسایەتیی سیاسیی کورد، دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو، سکرتێری ئەودەمی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ ڕەسوول، لە کاتی دانوستاندنێکی فەرمیدا و بەبێ چەک، بە دەستی کەسانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ڤییەنا تیرۆر کران. ئەم تاوانە ڕووداوێکی بەڕێکەوت نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە سیاسەتی مەبەستدار و پلانبۆدانراوی کۆماری ئیسلامی بۆ سڕینەوەی فیزیکیی دژبەرانی سیاسی لە دەرەوەی ئێراندا؛ سیاسەتێک کە لە دەیەکانی دواتریشدا بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی پێ درا.
٣٦ ساڵ دوای ئەو تاوانە، نە بکەران و فەرماندەرانی لە ناو کۆماری ئیسلامیدا خراونەتە بەر لێپێچینەوەی یاساییەوە، نە دەوڵەتی نەمسا (ئۆتریش) ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و نە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانیش هەنگاوێکی کاریگەریان بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕەوتی پارێزبەندی و بێسزاییە هەڵگرتووە. ئەم بێهەڵوێستییە بەردەوامە وای کردووە کۆماری ئیسلامی پێگەیەکی بێباکانە وەربگرێت و نەک هەر لە دەیەکانی دواتریشدا درێژە بە تیرۆرە مەبەستدارەکانی لە خاکی ئەورووپادا بدات، بەڵکوو لە دۆسیە ئەمنییەکاندا و وەکوو کەرەستەیەک بۆ مامەڵەی دیپلۆماسی، سیاسەتی فەرمیی بەبارمتەگرتنی ئەو هاووڵاتیانەی خستە بەرنامەوە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی دوو وڵات بوون.
ئێمە وەکوو ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەم گیانبەختکردوانە و لە پێناو کۆتاییهێناندا بە ڕەوتی بێسزامانەوە، داوای گرتنەبەری هەنگاوی دەسبەجێ، یاسایی و نێودەوڵەتی دەکەین.
١. تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەپێی پرەنسیبە قبووڵکراوەکانی یاسای نێودەوڵەتی ناکەوێتە بەر ڕێسای بەسەرچوونەوە؛
تیرۆرکردنی مەبەستداری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی نموونەی ڕوونی «کوشتنی سەروویاسایی»یە کە پاڵنەری سیاسی و دەستی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتەوە بوو. بەپێی مادەی ١ی کۆنڤانسیۆنی ١٩٦٨ی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەسەرنەچوون لە ناو زەمەندا، هەرجۆرە تاوانێک کە هەڵگری ناوەرۆکی سیاسی و ڕێکخراوی وەکوو ئەم حاڵەتی تیرۆرە بێت، ناکەوێتە بەر ڕێسای بەسەرچوونەوە. هەروەها پرەنسیبی «تاوانی بەردەوام (Continuing Crime)» جەخت دەکاتەوە کە تا کاتێک بکەران پارێزبەندی و پاڵپشتی دەوڵەتییان هەبێت، تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە و دەبێ بەداواچوونی بۆ بکرێت.
هەر بۆیە ئێمە داوا لە دەوڵەتی نەمسا، وڵاتانی ئەورووپا و دامودەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لەسەر بنەمای پرەنسیبی بەسەرنەچوون، ڕەوتی لێکۆڵینەوەی دادوەری و کەیفەریی دۆسیەکە زیندوو بکەنەوە و بەم شێوەیە ڕێگری بکەن لە هەڵاتن و پارێزراوبوونی هەمیشەیی کاربەدەستانی ئەو تاوانە لە دادپەروەری.
٢. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو فەرماندەر و بەڕێوەبەری ئەم تیرۆرە و دەوڵەتی نەمسا وەکوو وڵاتی میوانداری دانوستاندنەکان، بەرپرسایەتیی ڕاستەوخۆی یاسایی، ئەخلاقی و سیاسییان هەیە؛
ئازادکردنی گومانلێکراوان، ڕاگرتنی ڕەوتی دادوەری و جێبەجێنەکردنی بڕیاری فەرمیی دەستگیرکردن، نموونەی پێشێلکردنی ئاشکرای ئەرکە دەوڵەتییەکان لە بەرانبەر دادپەروەریی کەیفەری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدان. بێهەڵوێستیی حکومەتی نەمسا، بەتایبەت لە ساڵانی دواتردا، زەمینەی بۆ دووپاتبوونەوەی تاوانی هاوشێوە لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و سویسرا خۆش کرد.
نەمسا، وەکوو شوێنی ڕوودانی ئەم تیرۆرە، سەرەڕای بەڵگەنامەی فراوان و دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن، گومانلێکراوانی ئازاد کرد و ڕادەستی تارانی کردنەوە. ئەم کارە پێشێلکردنی ئاشکرای ئەرک و بەڵێنەکانی نەمسایە کە لە بەڵگەنامەکانی دژەتیرۆریزمدا، پرەنسیبەکانی ڕێگریکردن لە ئێعدامی سەروویاسایی و مادەکانی ٦، ١٣ و ١٤ی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتیی یاسا مەدەنی و سیاسییەکاندا، وەک ئەرک خراوەتە ئەستۆی. لە لایەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامی نەک تەنها بەرپرسایەتیی ئەم تاوانەی هەڵنەگرتووە، بەڵکوو پلەی بکەرانیشی بەرز کردووەتەوە و ئەرکی دیپلۆماتیکی پێ بەخشیون.
هەر بۆیە ئێمە داوا دەکەین دەوڵەتی نەمسا بە گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی، بە شێوەی فەرمی دۆسیەکە بکاتەوە و لە بەرانبەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا وەڵامدەر بێت. هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ وەکوو حکومەتی فەرماندەری تیرۆر بخرێتە بەر ڕێکاری سیاسی و یاسایی و گەمارۆوە.
٣. بێدەنگبوون لە بەرانبەر تیرۆردا زەمینەی بۆ بەبارمتەگرتن ڕەخساندووە: بەردەوامیی سیاسەتی سڕینەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکاندا؛
تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەنا، درێژەی خولێکی نوێی سەرچەشنێکی بەردەوام بوو لە سڕینەوەی ڕێکخراوی دژبەران لە دەرەوەی ئێراندا. بێدەنگبوون و بێهەڵوێستیی دەوڵەتی نەمسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو پەیامەی بۆ کۆماری ئیسلامی بەدواوە بوو کە تیرۆرکردن لە خاکی ئەورووپادا هیچ لێکەوتە و تێچوویەکی نییە. ئالێرەوە کۆماری ئیسلامی لە بەرینکردنەوەی تیرۆریزمی بانسنووری و سیاسەتی بەبارمتەگرتندا بێباکانەتر جووڵایەوە. لە ساڵانی دواتردا چەندەها حاڵەتی کوشتنی سیاسیی وەک تیرۆرەکانی میکونوس و فەرەیدوون فەڕوخزاد و…، پاشانیش شەپۆلی دەستبەسەرکردن و مامەڵەپێوەکردنی بەندکراوانی هەڵگری دوو ڕەگەزنامە، بە ئەنجام گەیەنرا.
بەم پێیە، ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین ئەم بەردەوامیپێدانە بە فەرمی بناسێت و بە گرتنەبەری ڕێکارەکانی بەرپرسیارکردن، ڕێگری لە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتی تاوانە بگرێت.
٤. ئێمە داوای کاراکردنەوەی دەسبەجێ و یەکلاکەرەوەی ڕێکارە نێودەوڵەتییەکانی ژێرەوە بە مەبەستی لێپێچینەوە لە بکەران و فەرماندەرانی ئەم تیرۆرە دەکەین، تاکوو دۆسیەکە بگەڕێنرێتەوە سەر ڕێڕەوی دادپەروەری و سیکلی بێسزامانەوە بشکێنرێت؛
- زەختی یاسایی و سیاسی بخرێتە سەر دەوڵەتی نەمسا بۆ کردنەوەی فەرمی و دەسبەجێی دۆسیەکە و جێبەجێکردنی بڕیاری دەستبەسەرکردن و هەڵگرتنی بەرپرسایەتیی یاسایی وەکوو دەوڵەتی میواندار لەو تاوانەدا؛
- پرەنسیبی ئەهلییەتی جیهانی (Universal Jurisdiction) لە وڵاتانی ئەورووپادا بۆ دادگاییکردنی غیابیی بکەران و دەرکردنی بڕیاری دادوەری؛
- بایکۆتی مەبەستداری ماگنیستیکی (Magnitsky) دژ بە کەسانی دیاریکراوی وەک محەممەدجەعفەر سەحراڕوودی، ئەمیرمەنسوور بوزورگیان و بەرپرسیارانی دیکەی تیرۆرەکە؛
- بەدواداچوونی دووبارە بۆ ئاگاداریی سووری ئینتەرپۆل (Red Notice) بە مەبەستی سنووردارکردنی هاتوچۆی تاوانباران و ئاسانکاری بۆ دەستبەسەرکردنیان لە وڵاتانی سێهەمدا؛
- گرتنەبەری ڕێکارەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانە نێردەی تایبەت بۆ پرسی کوشتنی سەروودادوەری، شۆرای مافەکانی مرۆڤ و کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی ICCPR بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە و دەرکردنی ڕاپۆرتێکی فەرمی؛
ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئەم ڕێکارانە نەک تەنها لە بەردەستدان، بەڵکوو لە هەندێ دۆسیەی هاوشێوەیشدا گیراونەتە بەر. ئەگەر لەم دۆسیە دیاریکراوەدا نەگیرێنە بەر، بێگومان ئەو بێدەنگبوونە بە واتای ڕەوایەتیدان بە تیرۆریزمی دەوڵەتی و بەجێهێشتنی یەک لە ئاشکراترین تاوانە سیاسییەکان لە خاکی ئەورووپادا لێک دەدرێتەوە. هەر بۆیە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، یەکێتیی ئەورووپا و دەوڵەتانی ئەندام لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا، وەک ئەرک و بەرپرسایەتییەک دەبێ هەموو ئەو ڕێکارانە بۆ کۆتاییهێنان بە سیکلی پارێزبەندی و بێسزامانەوە بخەنە گەڕ.
لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە؛ بێدەنگبوونی دەوڵەتانی ئەورووپا، لەوانە دەوڵەتی نەمسا، هەروەها ئاوڕنەدانەوەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەم تاوانە، ئەو پەیامەی بە کۆماری ئیسلامی داوە کە دەتوانێت لە خاکی ئەورووپادا مرۆڤەکان بکوژێت بەبێ ئەوەی هیچ لێکەوتە و تێچوویەکی بەدواوە بێت. هەر ئەم بێدەنگییە ڕێگای بۆ کۆماری ئیسلامی خۆشتر کردووە تاکوو پەرە بە هەڵسوکەوتە نایاساییەکانی لە بواری ڕفاندن، بەبارمتەگرتن، هەناردەکردنی توندوتیژی و سەرکوتکردنی بانسنووریدا بدات.
ئێمە جەخت دەکەینەوە کە تەنها ڕێگا بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری لەم دۆسیەیەدا بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی سیکلی پارێزراوبوون و بێسزامانەوە، گەڕاندنەوەی ڕەوتی دادوەری و بەرپرسکردنی دەوڵەتەکان. بێلایەنی لە ئاست تیرۆرکردنی قاسملوودا بێلایەنییە لە ئاست مافی قوربانیانی داهاتوودا.
ئێمەی واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە ڕادەگەیەنین؛ تا کاتێک فەرماندەران و بکەرانی ئەم تیرۆرە نەخرێنە بەر لێپێچینەوەی یاساییەوە، تا کاتێک دەوڵەتی نەمسا ددان بە هەڵەکانی خۆیدا نەنێت و ڕێوشوێنێک بۆ ڕێککردنەوەی هەڵەکان نەگرێتە بەر و تا کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسایەتیی یاسایی و سیاسیی خۆی هەڵنەگرێت، ئەم تاوانە هەر تاوانێکی زیندوو و شایانی بەدواداچوونە و وەک پەڵەیەک بە نێوچەوانی دادپەروەریی جیهانییەوە دەمێنێتەوە.
واژۆکەرانی بەیاننامەکە:
- ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند
- ناوەندی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ
- سەنتەری بەڵگەنامەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا
- ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی ئێران
- کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان – ژێنێڤ
- تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
- گرووپی مافەکانی مرۆڤی بەلووچستان
- ڕەسانەک
- ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی ئەهواز
- ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی کوردپا