٢٢ دامەزراوەی مافی مرۆڤ و ١٣ بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە بە دەسپێشخەریی دەزگای REDRESS و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئامادە کراوە، داکۆکییان کردووە لەسەر دابینکردنی خێرای مافی دەرمان بۆ زەینەب جەلالیان و داوایان کردووە کۆتایی بە ئازاردان و هەڕەشەکردن لەم زیندانییە سیاسییە بهێنرێت و بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێت.
واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە لەگەڵ ئاماژەداندا بە نەخۆشییە فراوان و قورسەکانی زەینەب جەلالیان لە ماوەی زیاتر لە ١٧ ساڵ بەندکراندا، لەوانە شیمانەی تووشبوونی بە نەخۆشیی شێرپەنجەی منداڵدان، هەروەها ڕێگریکردنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ ئەم ژنەزیندانییە، نیگەرانیی جیدیی خۆیان لە بەرانبەر مەترسییەکانی سەر ژیان و تەندروستیی کۆنترین زیندانیی سیاسیی ژنی ئێراندا دەر بڕیوە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، بە پشتبەستن بە نامە و ڕاسپاردەکانی چەندەها دامودەزگا و پسپۆڕی سەر بە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانە نامەی ٩ ڕاپۆرتدەر و نێردەی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە گوڵانی ١٤٠٤دا (مەیی ٢٠٢٥) سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زەینەب بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نێردراوە، وتراوە: «ئێستە زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لەو بانگەوازە تێ پەڕیوە، بەڵام ئێران هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە و دۆخی زەینەب تەنانەت خراپتریش بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، کاربەدەستانی ئێران لەباتیی دابینکردنی دەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو، خستوویانەتە ژێر گوشارێکی زیاتریشەوە تاکوو لە بەرانبەر دەرمان یان ئازادکردنیدا «تۆبەنامە»یەک واژۆ بکات».
واژۆکارانی بەیاننامەکە جەختیان کردووەتەوە: «زەینەب دەبێ زۆر خێرا پشکنینی بۆ بکرێت، نەخۆشییەکانی دیاری بکرێن و خزمەتگوزاریی پێویست و گونجاوی بۆ دابین بکرێت تاکوو ڕێگری لە گورزی لەقەرەبوونەهاتوو بۆ سەر تەندروستی و کەرامەتی بکرێت.» هاوکاتیش لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی ئەوەدا کە زەینەب لە بەرانبەر گوشارەکانی کاربەدەستانی حکومەتدا بۆ واژۆکردنی «تۆبەنامە» تەسلیم نەبووە و بەرەنگاریان بووەتەوە، ئەم گوشار و جەبرە وەکوو بەشێک لە سەرچەشنێکی بەربڵاوتر پێناسە کراوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕێگایەوە دابینکردنی چاودێریی پزیشکی دەبەستنەوە بە بێدەنگبوونی سیاسی یان دەربڕینی پەشیمانییەوە.
دامەزراوە و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاندووە کە دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و هەراسانکردنی دەروونیی زەینەب نیشاندەری هەنگاوی هۆشیارانەی دەوڵەتی ئێرانە بۆ سزادان و تێکشکاندن و بێدەنگکردنی زیندانیانی سیاسی. ئەوان داوای گواستنەوەی خێرای بۆ نەخۆشخانەیەکی مەدەنی، دابینکردنی بێمەرجی هەموو چاودێرییەکی پزیشکیی گەنجاو، کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکان و هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی «تۆبەنامە» و ئازادکردنی خێرای لەسەر بنەمای بۆچوونەکەی کۆمیتەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە.
هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی جیهانی و دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردووە گوشارەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران زیاد بکەن. بە وتەی بەیاننامەکە، سەرباری خستنەبەردەستی بەڵگەنامەی باوەڕپێکراو و داواکارییە بەردەوامەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەوڵەتی ئێران تا ئێستایش ئامادە نەبووە بەرپرسایەتییەکانی خۆی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا جێبەجێ بکات و ئێستە هەنگاوی نێودەوڵەتیی هەماهەنگ و پێداگرانە بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتی زەینەب پێویستییەکی خێرا و ژیانییە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی هاوبەشی ٢٢ دامەزراوەی مافی مرۆڤ و ١٣ بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤدا بۆ پاڵپشتیکردن لە مافی دەرمانی خێرای زەینەب جەلالیان، خودی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەیش لە زیندانی یەزدەوە نامەیەکی سەرئاوەڵای بڵاو کردەوە. زەینەب لەم نامەیەدا و لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆکی ساڵەها زیندان، ئەشکەنجەدان، بێبەشکردن لە دیدار و دەرمانی پزیشکی، جەختی کردووەتەوە کە بەرخۆدان تاکەڕێگای خەباتکارێکە لە بەرانبەر سەرکوتدا و ژنانی زیندانی لە سیستەمی پیاوسالاردا ڕووبەڕووی ئازاری دووهێندە دەبنەوە. زەینەب جەلالیان وتوویەتی کە بە هۆی دۆخی سەختی زیندان و پشتگوێخستنی دەرمانکردنیەوە، نەخۆشییەکانی پەرەیان سەندووە و ئێستە پزیشکەکان وتوویانە دەبێ نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، بەڵام دەسەڵاتداران تا ئێستایش هەر لە زینداندا هێشتوویانەتەوە.
لەم نامەیەدا زەینەب باسی دۆخی جەستەیی خۆی دەکات و نووسویەتی: «زۆر ئاساییە کە دوای نزیک بە بیست ساڵ ژیانکردن لە شوێنێکی وەک زینداندا، کە ناچاری ژیانێکی بەکۆمەڵ بکەیت، نەخۆشیی پێست و ئیلتیهاب و کێشەی ڕۆحی و دەروونی بەرۆکت دەگرێت. لە هەمووی خراپتر، هەلومەرجی نەگونجاوی خۆراک لە زینداندا تووشی گەلێ نەخۆشیی جەستەییت دەکات. بەتایبەت کاتێک زیندانیی سیاسی بیت ئەوا بەربەستی زیاتریشت بەسەردا دەسەپێنن؛ لەوانە بەربەست لە بەردەم خزمەتگوزاریی پزیشکیدا. سەرباری ڕاسپاردەی پزیشکان لەسەر زەروورەتی دابینکردنی دەواودەرمان، هیچ ئاوڕێکت لێ نادرێتەوە».
ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ئاماژەدان بە ڕێگریکردن و ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی زیندان لە ڕاسپاردەی پزیشکان و پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی، جەختی کردووەتەوە کە سەرباری هەموو ئازارەکان، لە شوێنی دروستی مێژوودا وەستاوە: «بە داخەوە بە هۆی بێبەشبوونم لە دەواودەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ ماوەی چەندەها ساڵ، نەخۆشییەکەم زۆر پەرەی سەندووە، هێندە قووڵ کە ئیدی چارەسەرەکان کاریگەرییان نییە و ئێستە پزیشک وتوویەتی دەبێ نەشتەرگەریم بۆ بکرێت. ئەگەرچی پزیشک ڕایگەیاندووە کە بە هۆی نەخۆشییەوە دەبوو ساڵەها لەمەوپێش لە زیندان ئازاد کرابام و نەشتەرگەریم بۆ کرابا، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕەچەتەی پزیشکییەکەمیان ڕادەستی پزیشکیی داد کرد. دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی، وەڵامیان دامەوە کە «ئەم بەندکراوە توانای مانەوە لە زیندانی هەیە و دەبێ هەر لە زینداندا بمێنێتەوە.» سەرباری هەموو ئازار و نەخۆشییەکانم دیسان هەر خۆشحاڵم، چونکوو دەزانم هەموو ئەم ئازارانەم لە پێناو ئازادیدا بووە. کە وایە من لە شوێنە دروستەکەی مێژوودا وەستاوم».
ئەم زیندانییە سیاسییە لە کۆتاییدا وێڕای شیکردنەوەی بارودۆخی خراپی زیندانەکان و هەلومەرجی پڕووکێنەری زیندانیانی سیاسی، داوای لە ئازادیخوازانی جیهان کردووە لە بەرانبەر تاوان و هەڵاواردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبن، چونکوو «بێدەنگبوون لە بەرانبەر ئەم ستەم و تاوانانەدا کە لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی خوشکان و برایانی خەباتکارمان دەکرێتەوە، لە ڕاستیدا ڕەوایەتیدانە بە کردارەکانی ئەم ڕژێمە تاوانکارە».
لە درێژەدا دەتوانن کۆی دەقی بەیاننامەی دامەزراوە و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها نامەکەی زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزدەوە بخوێننەوە.
نامەی سەرئاوەڵای کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پاڵپشتیکردن لە مافی دەرمانی دەسبەجێ و پێویستی زەینەب جەلالیان، کۆنترین زیندانیی سیاسیی ژن لە ئێراندا
ئێمەی واژۆکارانی ئەم نامەیە، وەکوو چالاکوانان، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسیی پێشوو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، نیگەرانیی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین لە مەترسییەکانی سەر ژیان و تەندروستیی چالاکوانی مافەکانی ژنان و زیندانیی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان کە زیاتر لە ١٧ ساڵ لە ژیانی، واتە بەشی هەرەزۆری تەمەنی گەورەساڵیی خۆی، لە زینداندا تێ پەڕاندووە. زەینەب کۆنترین زیندانیی سیاسیی ژنە لە ئێراندا و تاکە زیندانیی سیاسیی ژنیشە کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە.
سەرباری هەموو نیگەرانییە جیدییەکان لە بەرانبەر تووشبوونی زەینەب بە چەندین نەخۆشیی قورس کە هەڕەشە لە ژیانی دەکەن، کاربەدەستانی ئێران بەردەوام ڕێگرییان کردووە لە دەستەبەرکردنی چاودێری و خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست و گونجاو بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە. ڕاپۆرتەکان نیشاندەری ئەوەن کە زەینەب گیرۆدەی نەخۆشییەکانی گورچیلە، کۆئەندامی هەرس و بینایی بووە. جیا لەمانە، لە جۆزەردانی ١٤٠٣وە (ژوەنی ٢٠٢٤) چەندەها جار لە لای گەدە و سکەوە تووشی ئازاری قورس بووە و بەپێی ڕاپۆرتەکان، تووشی لانیکەم دە فیبرۆمی منداڵدان بووە و ئەمەیش بووەتە هۆی خوێنلێچوونی قورس و فراوانی. یەک لەو دەگمەن پزیشکانەی توانیویەتی ڤیزیت و پشکنینی پزیشکیی بۆ بکات، هۆشداریی داوە لەسەر ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی منداڵدان و پێدەچێ پێویستی بە نەشتەرگەری بێت، بەڵام تا ئێستە هیچ جۆرە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی تاقیکاریی ورد و تێگەیشتنی یەکلاکەرەوە نەڕەخسێنراوە.
زەینەب دەبێ زۆر خێرا پشکنینی بۆ بکرێت، نەخۆشییەکانی دیاری بکرێن و خزمەتگوزاریی پێویست و گونجاوی بۆ دابین بکرێت تاکوو ڕێگری لە گورزی لەقەرەبوونەهاتوو بۆ سەر تەندروستی و کەرامەتی بکرێت.
چەندەها دامەزراوە و پسپۆڕی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار دەستبەسەرکردن و هەلومەرجی بەندکرانی زەینەبیان شەرمەزار کردووە. لە ١١ی گوڵانی ١٤٠٤دا (١ی مەیی ٢٠٢٥) نۆ ڕاپۆرتدەر و نێردەی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە دەستبەسەربوونی درێژخایەن و سەرەڕۆیانە و ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی و ئەشکەنجە و شێوەکانی تری مامەڵەی خراپ لە بەرانبەر زەینەب جەلالیاندا، نیگەرانیی قووڵ و جیدیی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوان داوایان لە کاربەدەستانی ئێران کردبوو هەنگاوی خێرا و بەبێ مەرج هەڵبگرن بۆ دەستەبەرکردنی چاودێریی گونجاوی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی ناسەربازیی مەدەنی و سەربەخۆدا و هۆشدارییان دابوو کە «کاتەکە ئێجگار هەستیارە».
ئێستە زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لەو بانگەوازە تێ دەپەڕێت، بەڵام ئێران هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە و دۆخی زەینەب تەنانەت خراپتریش بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، کاربەدەستانی ئێران لەباتیی دابینکردنی دەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو، خستوویانەتە ژێر گوشارێکی زیاتریشەوە تاکوو لە بەرانبەر دەرمان یان ئازادکردنیدا «تۆبەنامە»یەک واژۆ بکات.
ئەم سەپاندنە بەشێکە لە سەرچەشنێکی بەربڵاوتر: دەسەڵاتدارانی ئێران دابینکردنی چاودێریی پزیشکی دەبەستنەوە بە بێدەنگبوونی سیاسی یان دەربڕینی پەشیمانییەوە. زەینەب بەرەنگاری هەموو ئەم گوشارانە بووەتەوە.
زەینەب ساڵی ١٣٨٧ (٢٠٠٨) لە تەمەنی ٢٧ ساڵاندا لە ڕۆژئاوای ئێران (کوردستان) بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرا. ئەو لە ساڵی ١٣٧٩وە (٢٠٠٠) لە کوردستانەکانی ئێران و ئێراق لە ڕێگای ڕاهێنان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتییەوە چالاکیی بۆ ژنان دەکرد و لە چوارچێوەی بەشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاند (پەژاک) زۆر چالاکانە لە بواری مافەکانی ژناندا خەباتی دەکرد. یەک لە دوایین چالاکییەکانی پێش دەستگیربوونی، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی جیهانیی ژن لە ساڵی ١٣٨٧دا (٢٠٠٨)؛ ئەو سەردانی خوێندنگەیەکی کچانەی کامێرانی کرد و سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی ژن قسەی بۆ خوێندەڤانان کرد و گوڵی پێشکەش کردن.
دوای دەستبەسەرکردن خرایە بەر ئەشکەنجەوە. بۆ وێنە، لە کاتێکدا چاوبەند لە چاوانی درابوو پەلاماریان دا و بە سەختی ئەشکەنجەیان دەکرد، قامچییان لە ژێرقاچەکانی دەدا، هەڕەشەی دەستدرێژیکردنیان لێ دەکرد و بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕایان گرت تاکوو ناچاری بکەن ئەندامبوون لە لقی سەربازیی پەژاکدا قبووڵ بکات. ئەگەرچی چالاکییە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی لە لایەن پەژاکەوە پشتگیریی لێ دەکرا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەندامبوونی لە بەشی سەربازیی ئەم حیزبە لە بەردەستدا نییە.
لە سەرماوەزی ١٣٨٧دا (دیسامبەری ٢٠٠٨) زەینەب بە تۆمەتی موحارەبە و بەبێ پارێزەر، بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی دادبینیی دادپەروەرانە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ سزادانی خرابێتە بەردەست. دواتر سزاکەی گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی. ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٦) کۆمیتەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە زەینەب بە هۆی ڕەگەز و چالاکییەکانی لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی ژنانی کوردستان دەستبەسەر کراوە و هەر بۆیە دەستبەسەرکردنەکەی سەرەڕۆیانە و نایاسایی بووە.
دۆسیەکەی زەینەب نموونەیەکی ئاشکرایە لە سەرکوتکردنی ژنان و دژبەران لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە. نەسرین پەرویز، زیندانیی سیاسیی پێشوو، ساڵی ١٤٠٢ (٢٠٢٢) هۆشداریی دا کە ڕژێم لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینییەوە لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە دەستبەسەرگەی دەوریەی ئیرشاددا کە کڵپەی خۆپیشاندانەکانی «ژن، ژیان، ئازادی»ی هەڵگیرساند، بەکارهێنانی ئەشکەنجەی سیستەماتیک بۆ بێدەنگکردنی چالاکوانانی توندتر کردووەتەوە و پەرەی پێ داوە. ئەمڕۆ و لە سێیەم ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینیدا، نیگەرانیی قووڵی خۆمان لە توندکردنەوەی سەرکوتی دژبەران لە ئێراندا ڕادەگەیەنین؛ سەرکوتکارییەک کە زیاتر لە هەموان ژنان و کچانی ئێرانی بە ئامانج گرتووە.
تەنها لە ساڵی ١٤٠٣دا (٢٠٢٤) ١٠٢٣ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراوە کە نیشاندەری بەردەوامیی ئێرانە لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەکوو کەرەستەیەک بۆ سەرکوتکردنی دژبەران، بەتایبەت ناڕازیان و خۆپیشاندەران و کەمینەکان. لە نێو ئەو کەسانەدا کە مەترسییان لەسەرە، ژمارەیەک ژنەچالاکوانی کورد و زیندانیی سیاسیی وەک پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەممەدی دەبینرێن کە دۆسیەکانیان ڕەنگدانەوەی مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر ژنانی ناڕازی و چالاکانی سیاسی. بەم دواییانە، لە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا (٢١ی جولایی ٢٠٢٥)، ڕاگەیەنرا کە شەش بەندکراو، لەوانە ژنێک، لە زیندانی ناوەندیی یەزددا – واتە هەمان ئەو شوێنەی ئێستە زەینەب لەوێ بەند کراوە – لە سێدارە دراون.
دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و هەراسانکردنی دەروونیی زەینەب، نیشاندەری هەنگاوی هۆشیارانەی دەوڵەتی ئێرانە بۆ سزادان، تێکشکاندن و بێدەنگکردنی زیندانیانی سیاسی. ئێمە داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکەین دەسبەجێ هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی گیانی زەینەب جەلالیان و بەجێهێنانی بەڵێن و بەرپرسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی هەڵبگرێت، لەوانە:
- گواستنەوەی خێرای بۆ نەخۆشخانەیەکی مەدەنی و سەربەخۆ و دابینکردنی بێمەرجی هەموو چاودێرییەکی پزیشکیی گەنجاو؛
- کۆتاییهێنان بە ئازاردان و هەڕەشەکردن، لەوانە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی دانپیانان یان تۆبە لە بەرانبەر وەرگرتنی چارەسەردا؛
- ئازادکردنی خێرای لەسەر بنەمای بۆچوونەکەی کۆمیتەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٣٩٥دا (٢٠١٦) سەبارەت بە نایاسایی و سەرەڕۆیانەبوونی دەستبەسەرکردنی و هەروەها کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی ستەمکارانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتیئامێز.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین -لەوانە دامودەزگا و دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا- گوشارەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران زیاد بکەن. ئەگەرچی چەندین ساڵە بەڵگەنامەی باوەڕپێکراو و داواکاریی لێکۆڵینەوەی بەپەلە خراوەتە بەردەست، بەڵام دەوڵەتی ئێران تا ئێستایش ئامادە نەبووە بەرپرسایەتییەکانی خۆی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا جێبەجێ بکات. ئێستە هەنگاوی نێودەوڵەتیی هەماهەنگ و پێداگرانە بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتی زەینەب پێویستییەکی ژیانییە.
واژۆکاران
ڕێکخراوەکان
ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ
ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئەهواز (AHRO)
هەموو مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموان لە ئێراندا
ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی خەڵکی ئازەربایجان لە ئێراندا (AHRAZ)
کەمپەینی چالاکوانانی بەلووچ
گرووپی مافەکانی مرۆڤی بەلووچستان (BHRG)
ئەنجەمەنی «هاوپشتیی دژ بە سزای سێدارە (ECPM)»
فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (FIDH)
شۆرای نێونەتەوەیی تواناسازی بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە (IRCT)
مافەکانی مرۆڤی ئێران (IHRNGO)
ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی ئێران
دادپەروەری بۆ ئێران
ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی کوردستان – ژێنێڤ (KMMK-G)
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردپا
ئەنجومەنی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا (LDDHI)
ناوەندی توێژینەوەی ئۆمێگا (Omega Research Foundation)
ڕێکخراوەی «ڕەسانەک»
ڕێکخراوەی ڕێدرێس (REDRESS)
ناوەندی سیامەک پوورزەند (SPF)
هاوپەیمانیی یەکگرتوو دژ بە ئەشکەنجەUATC – ؛ ڕێکخراوەکانی REDRESS، IRCT، OMCT، Omega
دەزگای جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە (OMCT)
بەرگریکاران
مەحموود ئەمیریموقەددەم، دامەزرێنەری ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی ئێران
فەرخونده ئاشنا، چالاکوانی سۆسیالیستی مافەکانی کرێکاران و زیندانیی سیاسیی پێشوو
ئێلیکا ئاشووری، ئەکتەر و چالاکوان، کچی ئەنووشه ئاشووری (بارمتەی پێشوو)
نازەنین بونیادی، ئەکتەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ
لادەن بروومەند، مێژوونووس و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ
ڕۆئیا بروومەند، بەڕێوەبەری ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ
شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل
کارێن کارێلکار، بەرپرسی دەسپێشخەریی «نووسەرانی مەترسی لەسەر» لە «پێنی ئامریکا» (PEN America)
شاپەرەک خورسەندی، کومێدیەن و نووسەر
ڕامیتا نەوایی، ڕۆژنامەوان
نەسرین پەرواز، چالاکوان و نووسەری کتێبی «خەباتی ژنێک لە ئێراندا، بیرەوەرییەکانی زیندان»
ڕیچارد ڕێتکەلییەف، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ
نازەنین زاغەریی ڕێتکەلییەف، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، بارمتە و زیندانیی سیاسیی پێشوو
نامەی زەینەب جەلالیان
لەگەڵ سڵاو و ڕێزدا،
دژایەتی لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا بە واتای کەوتنەمەترسیی گیانی خۆت و ئازیزەکانتە. هەر کە تێ بگەن دژبەریت، یەکسەر دۆسیەسازیت بۆ دەکەن و ناو و ناتۆرەی قورست لێ دەدەن تاکوو بتسڕنەوە. بەڵام کاتێک بە مەبەستەکەیان ناگەن، ساڵەها لە زینداندا زیندووبەگۆڕمان دەکەن؛ بە ئەشکەنجەی جەستەیی، دەروونی و زارەکی، بە هەڵاواردن، ساڵەها بێبەشکردن لە تەلەفۆن و دیدار، دەستگیرکردن و بەندکردنی ئازیزانمان و ئەو گوشارە قورسانەی بەسەریاندا دەسەپێت. بێگومان گرنگترین تایبەتمەندیی خەباتکارێک دواجار هەر بەرخۆدانە، ئەو لەبەر ئامانجەکانی هەمیشە هەوڵ دەدات ورەی خۆی بە بەرزی بهێڵێتەوە و بەهێزتر درێژە بدات.
لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا، ژنان هەمیشە ڕووبەڕووی ئازاری فراوان دەبنەوە؛ بەڵام ئەو ژنانەی لە زینداندان ئازارێکی دووهێندە دەچێژن. چونکوو دیلبوون خۆی برینێکی دووبارەیە لەسەر گیانیان. جیابوونەوە لە منداڵ، هاوسەر، باوک و دایک و لەدەستدانی هەموو ئازادییەکان بەشێکن لەم ئازارە. کاتێک توندی زیندان دەکرێیت، بە ناچار ئازار و ستەمی فراوان دەچێژێت؛ بۆ وێنە ئەو ستەمانەی لە زیندان ڕووبەڕووی مرۆڤانی دەوروبەرت دەبێتەوە. بەڵام بێدەسەڵاتی لە ئەنجامدانی کارێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو ستەمانە، برینێکی قووڵتر لەسەر دڵت دروست دەکات. ئەم بێدەسەڵاتییە من خەمبار دەکات، فرمێسکەکانم لە چاو دەڕژێنێت و ئازارەکەم زیاتر دەکات، لە کاتێکدا کە هیچم لە دەست نایەت.
زۆر ئاساییە کە دوای نزیک بە بیست ساڵ ژیانکردن لە شوێنێکی وەک زینداندا، کە ناچاری ژیانێکی بەکۆمەڵ بژیت، نەخۆشیی پێست و ئیلتیهاب و کێشەی ڕۆحی و دەروونی بەرۆکت بگرێت. لە هەمووی خراپتر، هەلومەرجی نەگونجاوی خۆراک لە زینداندا تووشی گەلێ نەخۆشیی جەستەییت دەکات. بەتایبەت کاتێک زیندانیی سیاسی بیت، بەربەستی زیاترت بەسەردا دەسەپێنن؛ لەوانە بەربەست لە بەردەم خزمەتگوزاریی پزیشکیدا. سەرباری ڕاسپاردەی پزیشکان لەسەر زەروورەتی دابینکردنی دەواودەرمان، هیچ ئاوڕێکت لێ نادرێتەوە. بە داخەوە بە هۆی بێبەشبوونم لە دەواودەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ ماوەی چەندەها ساڵ، نەخۆشییەکەم زۆر قووڵتر بووەتەوە و پەرەی سەندووە، هێندە قووڵ کە ئیدی چارەسەرەکان کاریگەرییان نییە و ئێستە پزیشک وتوویەتی دەبێ نەشتەرگەریم بۆ بکرێت.
ئەگەرچی پزیشک ڕایگەیاندووە کە بە هۆی نەخۆشییەوە دەبوو ساڵەها لەمەوپێش لە زیندان ئازاد کرابام و نەشتەرگەریم بۆ کرابا، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕەچەتەی پزیشکییەکەمیان ڕادەستی پزیشکیی داد کردووە. دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی، وەڵامیان دامەوە کە «ئەم بەندکراوە توانای مانەوە لە زیندانی هەیە و دەبێ هەر لە زینداندا بمێنێتەوە.» سەرباری هەموو ئازار و نەخۆشییەکانم دیسان هەر خۆشحاڵم، چونکوو دەزانم هەموو ئەم ئازارانەم لە پێناو ئازادیدا بووە. کە وایە من لە شوێنە دروستەکەی مێژوودا وەستاوم.
ڕاستە من وتوومە ئەم ڕژێمە زیندووبەگۆڕی کردووین، بەڵام چێگیڤارا وتەنی «ویستیان بماننێژن، نەیاندەزانی ئێمە تۆوین و چرۆ دەکەین.»
لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی دونیا داوا دەکەم لە بەرانبەر ئەو ئازار و ستەمانەی ڕووبەڕووی مرۆڤەکانی تر دەبێتەوە بێلایەن نەبن. هەلومەرجی ژنان و پیاوانی خەباتکاری ئێران کە سەردەمانێک لە ئێڤین بوون، گەلێ خەمناکە. ئەوان سەردەمانێک هەلومەرجیان باشتر بوو، بەڵام ئێستە گوازراونەتەوە بۆ هەندێ شوێنی زۆر خراپتر، بە جۆرێک تەنانەت بۆ سەرنانەوە و پشوودانێکی سادەیش شوێنێکیان نییە. بەراورد بە ژمارەیان، شوێنی مانەوەیان زۆر بەرتەسکە و لەڕووی تەندورستی و خۆراکەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدان. هەر بۆیە بێدەنگبوون لە بەرانبەر ئەم ستەم و تاوانانەدا کە لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی خوشکان و برایانی خەباتکارمان دەکرێتەوە، لە ڕاستیدا ڕەوایەتیدانە بە کردارەکانی ئەم ڕژێمە تاوانکارە. ئێمە دەبێ بە یەک دەنگ بڵێین: «نا بۆ سێدارە»، «نا بۆ دەستگیرکردن»، «نا بۆ هەڵاواردنی رەگەزی»، «نا بۆ هەڵاواردنی نەتەوەیی»، «نا بۆ هەڵاواردنی باوەڕ و ئایین» و «نا بۆ ڕژێمی تاکڕەهەند و تاوانکار».
بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی یەزد