هەردوو ڕێکخراوەی «چاودێری مافەکانی مرۆڤ» و «تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان» لە دووتوێی بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەسەر بارودۆخی هەزاران هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو هۆشدارییان داوە و ڕایان گەیاندووە کە ئەم هاووڵاتیانە، لەوانە زیندانیانی سیاسی و منداڵان، لە بەردەم مەترسیی جیدیی برینداربوون و گیانلەدەستداندان.
لە بەیاننامەکەدا وتراوە کە بەندکراوان ڕووبەڕووی مەترسییەکی دوولایەنە دەبنەوە؛ لە لایەکەوە مەترسیی هێرشە سەربازییەکانی ئامریکا و ئیسراییل و لە لایەکی تریشەوە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، لەوانە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ یان نایاسایی و نهێنی.
بە وتەی ئەم دوو ڕێکخراوەیە، دەسەڵاتدارانی ئێران نەک تەنها ئامادە نیین لە دۆخی شەڕدا تەنانەت بە هۆکاری مرۆڤدۆستانە بەندکراوان ئازاد بکەن، بەڵکوو هاوکات درێژەیان بە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و سەرەڕۆیانەی دژبەرانی ڕاستەقینە و گومانلێکراو، چالاکوانانی مەدەنی و هاووڵاتیانی سەر بە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان داوە.
بەهار سەبا، توێژەری باڵای ئێران لە ڕێکخراوەی «چاودێری مافەکانی مرۆڤ»دا، دەڵێت: «لە ئێراندا هەزاران بەندکراو لە هەلومەرجێکدان کە نە دەرفەتی خۆپاراستنیان هەیە و نە پەناگەیان بۆ دابین کراوە، هاوکاتیش لە بەردەم توندوتیژیی ناوخۆیی و هێرشی دەرەکیدان».
ئەم بەیاننامەیە لەسەر بنەمای وتووێژی هەردوو ڕێکخراوەکە لەگەڵ سەرچاوە ئاگادارەکان، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و لێکدانەوەی ئەو زانیاریانە ئامادە کراوە کە لە لایەن ڕێکخراوە داکۆکیکارەکانەوە لە مافەکانی مرۆڤ بڵاو کراونەتەوە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا باس لە دۆخی سەخت و نالەباری زیندانەکان کراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرەکیترین کێشەکانی بەندکراوان بریتین لە کەمبوونی بەشەخواردن، دابەزینی کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی دەواودەرمان و چاودێریی پزیشکی و سنووردارکردنی جیدیی پێوەندیکردن بە بنەماڵەکانیانەوە.
بەیاننامەکە باس لە بەردەوامبوونی ڕەوتی لەسێدارەدانی بەندکراوانیش دەکات و دەڵێت لە نێوان ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥دا (٢٠ی فێڤرییە تا ٣١ی مارسی ٢٠٢٦) بە لایەنی کەمەوە هەشت کەس بە تۆمەتی وەک «سیخوڕی» و «موحارەبە» لە سێدارە دراون، ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە بەرانبەر ئەگەری بەرزبوونەوەی سیاسەتی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە کاتی شەڕدا.
ئەو دوو ڕێکخراوەیە هەروەها ڕایان گەیاندووە کە لە هەندێ حاڵەتدا پریشکی بۆردومانەکان بەر ئەو زیندان و دەستبەسەرگانە کەوتووە کە نزیکن لە شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان، هەر بۆیە ئێستە بەراورد بە ڕابردوو ژیانی بەندکراوان لە بەردەم مەترسییەکی زۆر زیاتردایە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیشدا هەردوو ڕێکخراوەی «چاودێری مافەکانی مرۆڤ» و «تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان» داوایان لە دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردووە گوشار بخەنە سەر ئێران تاکوو دەسبەجێ سەرجەم ئەو هاووڵاتیانە ئازاد بکات کە بە شێوەی نایاسایی و ملهوڕانە دەستبەسەر کراون. هاوکاتیش لەسێدارەدانی بەندکراوان ڕابگرێت و بە هۆکاری مرۆڤدۆستانە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر و دەرفەتی ئازادی یان پشووی کاتی بۆ بەندکراوان بڕەخسێنێت. هەروەها وتوویانە ئەو دەوڵەتانە دەبێ بە شێوەیەکی خێرا داوا لە هەموو لایەنەکانی ناو شەڕەکە بکەن ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە بگرن و پاراستنی خەڵکی مەدەنی وەک ئەرکێکی لەپێشینەی خۆیان لە بەرچاو بگرن.