بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافهكانی مرۆڤی كوردستان:
– لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد، ٢ کەس کوژراوە و ١٢ کەس بریندار بووە. هەروەها ٢ کۆڵبەر لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە و ٩ کۆڵبەری دیکەیش بەڕووداوی هاتوچۆ یان بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بوون.
– لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠دا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ، کرماشان، کەرەج و ئیسفەهان بە تۆمەتی «مادە سڕکەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» لە سێدارە دراون. ئەمانە تەنها ئەو کەسانەن کە تۆڕی مافهكانی مرۆڤی كوردستان توانیویەتی لە سەرچاوەی جیاوازەوە ئاگاداریی لەسەر ئێعدامکردنیان بەدەست بهێنێت و پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەش زیاتر بێت.
یەک لەم کەسانە سەجاد سەنجەرییە؛ «منداڵ-تۆمەتبار»ێک کە ساڵی ١٣٩٠ لە کاتێکدا کە تەنها ١٥ ساڵی تەمەن بوو بە تۆمەتی کوشتنی منداڵێکی هاوتەمەنی خۆی لە شەڕەگەڕەکێکی ئاساییدا دەستبەسەر کرا و حەکمی «قەساسی نەفس»ی بۆ دەر چوو. حوکمەکە لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژدا بە شێوەی شاراوە و بەبێ دانی مۆڵەتی دوادیدار بە بنەماڵەکەی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.
– لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠دا لانیکەم ٧ حاڵەتی ژنکوشتن لە شارەکانی سنە، سەردەشت، مەریوان و سەقز تۆمار کراوە. لەم کوشتنانە شەش حاڵەتیان لە بە دەستی هاوسەری کوژراوان و یەک حاڵەتیش بە دەستی هاوسەری خوشکی کوژراوەکە ڕووی داوە.
– لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠دا بە هۆی تەقینەوەی مینە پاشماوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراقەوە، ٢ فەرمانبەری ئیدارەی مینسڕینەوە لە گوندی «چەم هیندی»ی دێهلوڕانی پارێزگای ئیلام گیانیان لەدەست داوە و کەسێکی تریش بریندار بووە.
– لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠دا لانیکەم ٤ کرێکاری کورد لە شارەکانی تیکاب و تاران و هەروەها لە هەرێمی کوردستانی ئێراق لە ڕووداوی کاردا گیانیان لەدەست داوە. شایانی باسە کە بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکارییەوە لە شارەکانی کوردستانی ئێران، هەرساڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی ئێران بەدوای هەلی کاردا بە ناچار دەچنە شارەکانی تری ئێران و هەروەها شارەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق.
– لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠دا لانیکەم ١٠٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران یاخود هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لانیکەم ٥٠ حاڵەت لەم دەستبەسەرکردنانە لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا بووە، ئەمەش دوابەدوای گردبوونەوەی ناڕەزایی لە گەڕەکی دەرەدرێژ (مەهدییە)ی کرماشاندا بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەهواز و شارەکانی تری پارێزگای خووزستان و هەروەها بۆ ڕاگەیاندنی ناڕەزایی لە بڕینی ئاو و کارەبا. تۆڕی مافهكانی مرۆڤی كوردستان تەنها توانیویەتی ناسنامەی ١٣ کەس لەم کەسانە پشتڕاست بکاتەوە. سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر گەڕەکی دەرەدرێژیان لە ڕۆژئاوای شاری کرماشان گەمارۆ داوە و بە هێرشکردنە سەر ماڵی خەڵک و بەکارهێنانی توندوتیژی لانیکەم ٥٠ کەسیان بە گومانی بەشداریکردن لە گردبوونەوەکاندا دەستبەسەر کردووە.
لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠دا دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و کەیفەری لە شارەکانی ورمێ، سنە، سەقز، شنۆ و تاران، بە تۆمەتی سیاسی سزای زیندانیان لە ٧ مانگەوە تا ٧ ساڵ بەسەر لانیکەم ٧ هاووڵاتی و چالاکی کورددا سەپاندووە. دووان لەم کەسانە بە ناوەکانی شەهرام ئەمجەدیان و مورتەزا حەقجوویان جیا لە حوکمی زیندان، بە تۆمەتی «بوختانکردن بۆ بەرپرسانی پارێزگا و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە دەوڵەتییەکان» هەرکامەو حوکمی ٩٠ قامچیشیان بەسەردا سەپاوە.
– لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا ڕاگەیەنرا کە داواکاریی پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری بۆ دۆسیەی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام حەیدەر قوربانی، لە لایەن سەرۆکی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە ڕەت کراوەتەوە. دوابەدوای ئەمەش دۆسیەکە ڕەوانەی بەردەم داواکاری گشتیی شاری کامێران کراوە و ئێستا مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی کتوپڕی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ئارادایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە لە هەوڵی ئەوەدایە نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی نوێی دەزگای دادوەری بکات و بەم شێوەیە دەرفەتێک بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارەی ناوبراو بڕەخسێنێت. هەروەها ژمارەیەک لە زانایانی ئایینیی سوننە لە دووتوێی نامەیەکی نوێدا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، داوای بەخشینی ئەم زیندانییە سیاسییەیان کردووە.
– لە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی مووسا باباخانی لە هۆتێلێکدا لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان کوژرا. حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسی تیرۆرکردنی ئەم ئەندامە پایەبەرزەی خۆی زانیوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا تیرۆرکردنی مووسا باباخانیی شەرمەزار کرد و داوای لە جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، کرد لێکۆڵینەوەی پێویست لەسەر ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم تیرۆرە تیرۆرە هاوشێوەکانی تر لەم ماوەیەی دواییدا بکات و هەنگاوی کرداریی پتەو و کاریگەر بۆ شەرمەزارکردن و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی کوشتنی دژبەران لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە دەرەوەی وڵات هەڵبگرێت.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها داوای کردووە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەم تیرۆرانە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیدا بە ئەنجام گەیەنراوە، بە شێوەی ڕوون و ئاشکرا دژ بە کردەوە و پلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی چالاکان و پەنابەرانی سیاسیی کوردی ئێران هەڵوێست وەربگرێت و پابەند بێت بە بەرپرسایەتییە یاسایی و ئینسانییەکانیەوە لە پرسی پاراستنی گیان و ئاسایشی پەناخوازان و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستاندا و بەپێی یاسا و ڕێسا جیهانییەکان و لەسەر بنەمای هاوکاریکردنی نوێنەرایەتیی کۆمساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بجووڵێتەوە.
– ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ دوابەدوای کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی فەردین ئیبراهیمی بە دەستی هاووڵاتییەکی تورک لە شاری نەغەدە لە نێو شەڕێکدا کە لەسەر کێشەی مامەڵەیەک ڕووی دابوو، بە داخەوە نائارامی باڵی بەسەر شارەکەدا گرت و گرژییەکان زۆر خێرا گۆڕدرا بۆ کێشە و جیاوازیی ئێتنیکی\مەزهەبی. چەندین ڕاپۆرت لە سەرچاوە خۆجێییەکانی نەغەدە و هەروەها گرتەڤیدیۆییەکانی ڕووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرانەوە کە نیشاندەری هێرشی بەکۆمەڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی تورک بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەم شارە و تێکدانی دووکانی هاووڵاتییانی کورد بوو. بە داخەوە دەوترێت هێزە ئینتیزامییەکان بۆ بەرگرتن بە قووڵبوونەوەی تێکهەڵچوونەکان نەتەنها هیچ هەنگاوێکی کرداریی جیدییان هەڵنەگرتووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی لایەنگرانە دەستێوەردانی دۆخەکەیان کردووە.
لە درێژەی ئەم گرژییانەدا، هاووڵاتییەکی کوردی تر بە ناوی محەممەد عەلیزادە بە چەکی گەرم و بە دەستی کەسێکی جلوبەرگ مەدەنی کوژرا. داواکاری گشتی و شۆڕشی نەغەدە هەواڵی تێکهەڵچوونە خوێناوییەکەی ئەم شارە و کوژرانی دوو کەسی پشتڕاست کردۆتەوە. بەپێی هەندێ ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو بە دەیان هاووڵاتی لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا بریندار بوون و بە دەیان کەسی دیکەیش دەستبەسەر کراون.
دوابەدوای ڕووداوەکانی نەغەدە و هەڵوێستی توندئاژۆ و بزوێنەری هەندێ لایەن، چەند حیزبێکی کوردی داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەیان لە خەڵک کرد و ژمارەیەک لە چالاکانی تورکی نەغەدەیش لەسەر زەروورەتی پارێزگاریکردن لە هاوژینیی هێمنانەی هاووڵاتییانی نەغەدە و شەرمەزارکردنی هەرچەشنە ڕەگەزپەرستی و بڵاوکردنەوەی ڕق و دوژمنایەتی، دوو بەیاننامەیان بڵاو کردەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی کوشتنی ئەم دوو هاووڵاتییە و هێرشەکان بۆ سەر گەڕەک و دووکانی هاووڵاتییانی کورد و جەختکردن لەسەر زەروورەتی دادگاییکردنی بکوژان و تێکدەرانی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان، پشتیوانی لە هەوڵە ئەرێنییەکانی چالاکانی کورد و تورک بۆ گەڕانەوەی هێمنی بۆ شارەکە دەکات و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ ئاوڕ بدرێتەوە لە دەوری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەقامگیرکردنی هێمنی یان بەکارهێنانی ئەم دۆخ و کێشانە بە ئاڕاستەی ئامانجەکانی خۆیدا و ئەم بابەتە بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی جیدییەوە.
هەروەها ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە وتووێژێکی کورتی میدیاییدا سەبارەت بەم بابەتە، وتی: «ئەوەی حەقیقەتە ئەوەیە کە مێژووی پێکەوەژیانی خەڵکی کورد و تورکی نەغەدە زۆر بەتەمەنتر و قووڵترە لەم کێشە و جیاوازییانە. پێویستە حیزب و چالاکانی شوناسخواز بزانن نە نەغەدە و نە هیچ ناوچەیەکی تێکەڵ و دووئەتنیکیی دیکە نابێ ببێتە گۆڕەپانی زۆران و ملهوڕی و تۆتالیتاریزم، بەڵکوو ئەم ناوچانە شوێنی ژیانی هەموو دانیشتووانن؛ بە کورد و تورک و هەموو ئەوانی تریشەوە».
بۆ بینینی خشتە و وردەکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە مانگانەیە سەیری ئەم لینکە بکە:
…