بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:
لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا لانیکەم ٤٧ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لە نێو دەستبەسەرکراواندا دوو منداڵیش بە ناوەکانی سینا مینایی و عەبدوڵڵا یووسفی دەبینرێن. ٣٢ حاڵەت لەم دەستبەسەرکردنانە دوابەدوای شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەڵاڕێزانەوە لە پارێزگای کوردستان ڕووی داوە.
فاتمە کەریمی، بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە وتووێژێکی میدیاییدا گۆڕانکارییەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتیی دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای کوردستانی بە هۆکارێکی ئەم دەستبەسەرکردنە بەکۆمەڵانە لە قەڵەم داوە.
لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا لانیکەم بۆ ٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی شنۆ، مەشهەد، سەقز و بۆکانەوە بە تۆمەتی سیاسی سزای بەندکران، قامچیلێدان و غەرامەی پارە دەر کراوە.
لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا شەش کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان گیانیان لەدەست داوە. لەم نێوانەدا ٢ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراون، ٣ کۆڵبەر لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لە ڕێگای کۆڵبەریدا و منداڵێکی کۆڵبەریش بە ناوی سرووش ڕەحمانی دوای دەستبەسەرداگرتنی وڵاخە بارهەڵگرەکانی لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی نەوسوودەوە خۆی کوشتووە. هەروەها هەر لەم مانگەدا ٣ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و کۆڵبەرێکیش بە تەقینەوەی مین بریندار بوون.
لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا دوو ژنی کورد لە شارەکانی کرماشان و ئەسەدئاوا دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری لە لایەن داواکارەکانیانەوە و ژنێکی تریش لە سەقز بە هۆی ئەو شتەی پێی دەوترێت «کێشەی بنەماڵەیی» لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراون.
لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا لانیکەم هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی قزلحەساری کەرەج بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لەسێدارە دراوە. ئەمە تەنها حاڵەتێکە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە توانیویەتی پشتڕاستی بکاتەوە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی لەسێدارەدراوان زیاتر لەمە بێت.
لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا دوو شوانی کورد بە ناوەکانی ئازار ڕابت و شلێر قرئان لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵ لە نزیک گوندی «دۆڵەتوو»ی سەردەشت لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە تەقەیان لێ کراوە و بریندار بوون.
لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا بە هۆی تەقینەوەی مینە پاشماوەکانی شەڕی ئێران و ئێراقەوە لە ناوچە سنوورییەکاندا هاووڵاتییەکی کورد کوژراوە و ٤ کەسی دیکەیش بە قورسی بریندار بوون.
لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا دوو کرێکاری کۆمپانیای «هەواسانی ئەزگەلە» لە شاری سەلاسی باباجانیی پارێزگای کرماشان لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لەدەست داوە.
لە ڕێکەوتی ١٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی فەرهاد زەندی لە جادەی سنە بۆ دێولان کەوتۆتە بەر تەقەی هێزەکانی بهڕهنگاربوونهوهی کاڵای قاچاخ و گیانی لەدەست داوە. کەسێکی نزیک لە فەرهاد زەندی لەم بارەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «كاتژمێر ١٨ی ئێوارهی ڕۆژی ڕابردوو تیمی گەڕۆکی تایبهت بە بهڕهنگاربوونهوهی كاڵای قاچاخی هێزیئینتیزامی لهنزیك گوندی قروچیای دێولان لهحاڵێكدا ئۆتۆمبیلەكەی فهرهاد زهندییان دایهبهر دەسڕێژ كهههڵگری هیچ جۆرهكاڵایهك نهبوو و ناوبراو بههۆی ئهوهی كهگوللهیهك بهر سهری كهوت، دهستبهجێ گیانی لهدهست دا».
لە ڕێکەوتی ١١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا زیندانییەکی کورد بە ناوی خەسرەو جەمالیفەر لە زیندانی سنە گیانی لەدەست دا. بنەماڵەی ئەم زیندانییە، ئەشکەنجەکران بەدەستی هێزەکانی زیندان بە هۆکاری مردنی دەزانن، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕایان گەیاندووە کە ناوبراو لەڕێگای خواردنی حەبەوە خۆی کوشتووە.
خەسرەو جەمالیفەر کە تەمەنی ٢٦ ساڵ بوو و لە نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی «کوشتن» لە زیندانی سنەدا بوو، لە ڕێکەوتی ١١ی گەڵاڕێزاندا دوای تێهەڵچوون لەگەڵ چەند زیندانییەکی تردا لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە کەوتبووە بەر ئەشکەنجە و لێدان و پاشان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.
لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی نەغەدە بنەماڵەی دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمی بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەم دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەرکران و لە دەرئەنجامی تەقەکردندا کوژراون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی هەندێ لەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، ئەم دوو کەسە لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرماناندا لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزەکانی سپا لە ئۆتۆمبێلەکەیان بریندار بوون و پاشان دەستبەسەر کراون، هەر بۆیە پێدەچێت لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرابێتن.
هێزە ئەمنییەکان تەرمی ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمییان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردۆتەوە و بەریان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیشیان گرتووە.
بۆ بینینی خشتە و وردەکارییەکانی ڕاپۆرتەکە ئەم لینکە ببینە: