تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ڕاپۆرتی مانگانە

ڕاپۆرتی مانگانەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/publications-ku/monthly-report/2022/02/21/p11777

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لانیکەم ٤١ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ١٠ کەس لەمانە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بەندکران ڕەوانەی زیندان کراون.

هەروەها دوابەدوای بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی، لێپرسینەوە و هەڕەشەکردن لە ژمارەیەک لە چالاکانی ئەدەبیی کوردی پارێزگای ئیلام لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان هێزەکانی ئەم دەزگا ئەمنییە چوونەتە سەر ماڵی محەممەد مورادی نەساری، نووسەر، وەرگێڕ و بەرپرسی ناوەندی کولتووری و چاپەمەنیی «باشوور» لە شاری ئەیوانی ڕۆژئاوای ئیلام و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیی وەکوو مۆبایل، کۆمپیتەر و…دا. هاوکات نووسینگەی چاپەمەنیی «باشوور»یش لە شاری ئیلام بەبێ حوکمی یاسایی و باسکردنی هۆکارەکە، پشکێنراوە.

– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لانیکەم ٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن دادگاکانی گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشانەوە بە تۆمەتی سیاسی حوکمی بەندکران و دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپێنراوە.

– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لانیکەم ٢ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و کرماشان لە سێدارە دراون. تۆمەتی یەکیان «قاچاخی مادە سڕکەرەکان» و ئەوی دیکەیش «کوشتنی بەئەنقەست» بووە کە حوکمی قەساسی بۆ دەر چووبوو. ئەمانە تەنها ئەو کەسانەن کە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان توانیویەتی لە سەرچاوەی جیاوازەوە ئاگاداری لەسەر ئێعدامکردنیان بەدەست بهێنێت، پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەش زیاتر بێت.

– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لانیکەم زیندانییەک بە ناوی ئیبراهیم جەوهەری لەبەر بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام گیانی لەدەست داوە.

– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان ٤ هاووڵاتیی کورد لە ڕێگای کۆڵبەریدا بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە، ڕووداوی هاتوچۆ و دووکەڵی زۆپاوە گیانیان لەدەست داوە و ٤ کۆڵبەر و کاسبکارێکیش بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون، کۆڵبەرێکیش بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بووە.
– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا هەواڵی کوژرانی ٥ ژن لە کرماشان و ئیلام بڵاو کرایەوە. هۆکاری ئەم ژنکوشتنانە کە بە دەستی پیاوانی ئەندامی بنەماڵە (هاوسەر، باوکی هاوسەر، هاوسەری پێشوو، زاوای پێشوو) ئەنجام دراون، «کێشەی خێزانی» ڕاگەیەنراوە.
– لە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا هەواڵی خۆکوشتنی ژنەترەنسێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی «هەنار» لە لایەن هاوڕێکانیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنار دەمەوبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان لە ماڵەکەی خۆیان لە مەریوان دەستی داوەتە خۆکوشتن و گیانی لەدەست داوە. هاوڕێیانی هەنار دەڵێن ئەو لە ماوەیەک پێشترەوە لەبەر گوشارە کۆمەڵایەتییەکان تووشی نائومێدی و خەمۆکی ببوو و هیوای بە درێژەدان بە ژیان لە کۆمەڵگایەکدا نەمابوو کە تێیدا شوناسەکەی وەک ژنێکی ترەنس قبووڵ ناکرێت.
– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لانیکەم ٧ کرێکاری کورد لە شارە جیاوازەکانی ئێران بە ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لانیکەم ٢ منداڵی ٥ و ١١ ساڵان و هاووڵاتییەکی ٤٥ ساڵان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان بە تەقینەوەی مینی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق بریندار بوون.

– لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠دا لانیکەم هاووڵاتییەکی کورد لە کرماشان بە ناوی محەممەد ئەحمەدی مەتین بە دەستی هێزە ئینتیزامییەکان کوژراوە و دوو هاووڵاتیی دیکەیش لە بانە و سەوڵاوا بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان بریندار بوون.
– لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی ڕێبەنداندا بە هۆی تەشەنەسەندنی دووبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە دەیان زیندانیی ئەم بەندە تووشی ئۆمیکرۆن بوون. بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکییەوە زیندانییانی تووشبووی ئەم بەندە، لەوانە ٤ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی گوڵاڵە مورادی، سنوور خەلیفانی، سنوور تامارا و سومەییە قورەیشی، لە دۆخێکی ناجێگیری تەندروستیدان. هەروەها دووان لە زیندانییەکان بە هۆی خراپببون و ناجێگیربوونی دۆخەکەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان کراون و پاشان گەڕێنراونەتەوە بۆ بەندی ژنانی زیندان.