تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە.
هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خاکەلێوەی ١٤٠٣دا (مارس و ئاوریلی ٢٠٢٤):
- کۆڵبەران
پێنج کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی پەیمان ئەحمەدی، سۆران عەبدی، ئومید سەعیدی، مێهرداد عەبدوڵڵازادە و سەیوان دەستئەفکەن لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، بانە، سەقز، سەردەشت و سەوڵاوا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی شۆڕش شوکری و ئەبووبەکر ماخووزی فەرد بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا، ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی هەستیار عەبدولکەریمی و سەعید سەلووسی بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا و کۆڵبەرێکیش بە ناوی محەممەدبایر محەممەدی بە هۆی جەڵدە و وەستانی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.
لانیکەم ٣١ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. هەروەها ٥ کۆڵبەر بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا، ٢ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین، ٢ کۆڵبەر بە هۆی ڕاوەدوونانەوە و کۆڵبەرێکیش بە ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. ڕەوف ئەحمەدی، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە لای قاچەوە بەشێک لە جەستەی لە دەست دا.
ـ لە مانگی خاکەلێوەدا ناوچەی سنووریی نەوسوودی کرماشان بە لانیکەم ٣٠ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانەوە کوشندەترین شوێن بۆ کۆڵبەران بووە.
ـ منداڵێکی کۆڵبەری ١٧ ساڵانی خەڵکی مەریوان بە ناوی دانیال مام ئەحمەدی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە سزای ٢ ساڵ بەندکران، ٧٤ قامچی و ٢ میلیارد تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپاوە.
ژمارە | ناو | خەڵکی | شوێنی ڕووداو | بەرواری ڕوودان | کوژراو – بریندار | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | مێهدی شەریفی | سەقز | بانه | ١ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢ | میلاد بایرمحەممەدی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٣ی خاکەلێوە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٣ | پەیمان ئەحمەدی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٤ی خاکەلێوە | کوژراو | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران / ٣٥ ساڵان، خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو. |
٤ | سۆران عەبدی | بانه | بانه | ٥ی خاکەلێوە | کوژراو | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران / ٣٥ ساڵان و خێزاندار بوو. |
٥ | ئومید مورادی | مەریوان | نەوسوود | ٥ی خاکەلێوە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٦ | محەممەدبایر محەممەدی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٥ی خاکەلێوە | کوژراو | جەڵدەی دڵ |
٧ | جەمیل عەبدی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٥ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٨ | میلاد حەسەنی | دیواندەرە | مەریوان | ٥ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران / ١٦ ساڵان |
٩ | ئاروین حەقانی | سەقز | بانه | ٥ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
١٠ | هەستیار عەبدولکەریمی | دیواندەرە | سەقز | ٥ی خاکەلێوە | کوژراو | ڕەقبوونەوە لە سەرمادا / ١٥ ساڵان |
١١ | ئێحسان نەزەری | داڵاهۆ | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
١٢ | محەممەد مەحموودی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
١٣ | محەممەد یووسفی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
١٤ | یاسین (پاشناو نەزانراوە) | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
١٥ | سامان ڕوستەمی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
١٦ | شێرکۆ حەبیبی | کامێران | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
١٧ | عوڵام فەیزی | کامێران | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە سنوورپارێزەکاندا قاچی شکا. |
١٨ | ئومید شەمسی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
١٩ | ڕەوف ئەحمەدی | سەردەشت | سەردەشت | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | تەقینەوەی مین، ئەندامی جەستەی لە دەست دا. |
٢٠ | جەبار ئەحمەدزادە | سەردەشت | سەردەشت | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | تەقینەوەی مین |
٢١ | جەبار نەزەری | مەریوان | بانه | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٢ | مەتین حسەینی | پاوه | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٣ | ڕەزا نەزەری | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٤ | پەیمان (پاشناو نەزانراوە) | دیواندەرە | سەقز | ٧ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٥ | سەعید سەلووسی | پیرانشار | پیرانشار | ٨ی خاکەلێوە | کوژراو | ڕەقبوونەوە لە سەرمادا / تەرمەکەی دوای ٢ ڕۆژ دۆزرایەوە، ٢٣ ساڵان، خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو. |
٢٦ | حەبیب شیری | جوانڕۆ | نەوسوود | ٨ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٧ | بورهان وەیسی | ڕوانسەر | نەوسوود | ٨ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٨ | شۆڕش شوکری | مەریوان | نەوسوود | ٩ی خاکەلێوە | کوژراو | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٢٩ | ئەبووبەکر ماخووزیفەر | سەردەشت | سەردەشت | ٩ی خاکەلێوە | کوژراو | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٣٠ | سیامەک یوونسی | بانه | نەوسوود | ٩ی خاکەلێوە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٣١ | جەمال قادری | مەریوان | نەوسوود | ١٠ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٢ | سیروان تاک | سنە | نەوسوود | ١٠ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٣ | سامان (پاشناو نەزانراوە) | مەریوان | نەوسوود | ١١ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٤ | ئەمیر (پاشناو نەزانراوە) | بانه | نەوسوود | ١١ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٥ | سیامەک (پاشناو نەزانراوە) | بانه | نەوسوود | ١١ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٦ | ئیبراهیم یەعقووبی | نادیار | نەوسوود | ١٢ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٧ | سیاوەش کاکایی | نادیار | نەوسوود | ١٢ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٨ | فەرەیدوون (پاشناو نەزانراوە) | نادیار | نەوسوود | ١٢ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٩ | فواد (پاشناو نەزانراوە) | نادیار | نەوسوود | ١٢ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤٠ | کەریم محەممەدی | مەریوان | نەوسوود | ١٥ی خاکەلێوە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٤١ | ئەحەدی (ناو نەزانراوە) | مەریوان | نەوسوود | ١٧ی خاکەلێوە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٤٢ | فەردین وەیسی | سنە | بانه | ١٨ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤٣ | ئومید سەعیدی | سنە | سەقز | ٢٥ی خاکەلێوە | کوژراو | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤٤ | مێهرداد عەبدوڵڵازادە | سەردەشت | سەردەشت | ٢٥ی خاکەلێوە | کوژراو | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤٥ | ئەسعەد راەپەیکار | مەریوان | مەریوان | ٢٧ی خاکەلێوە | بریندار | ئەشکەنجە و لێدان |
٤٦ | سەیوان دەستئەفکەن | مەریوان | مەریوان | ٢٩ی خاکەلێوە | کوژراو | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران / خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو. |
٤٧ | محەممەد ڕەحیمی | سەقز | بانە | ٢٩ی خاکەلێوە | بریندار | لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە سنوورپارێزەکاندا قاچی بریندار بوو. |
٤٨ | کەیوان دارابی | سەرپێڵی زەهاو | بانە | ٣٠ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤٩ | محەممەد (پاشناو نەزانراوە) | جوانڕۆ | نەوسوود | ٣١ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥٠ | موعین شەریفی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٣١ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥١ | سەعید (پاشناو نەزانراوە) | جوانڕۆ | نەوسوود | ٣١ی خاکەلێوە | بریندار | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
- لەسێدارەدان
بەندکراوێکی خەڵکی کەنگاوەر بە ناوی ئەفشین باغ شیرین لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە سێدارە دراوە.
- سەپاندنی سزا
لانیکەم ٦ هاووڵاتیی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد، دیواندەرە، سنە، کرماشان و سەقزەوە بە تۆمەتی سیاسی ڕووبەڕووی سزای بەندکران و سزای پارە بوونەتەوە.
ژمارە | ناو | خەڵکی | تۆمەت | بەرواری دەرکردنی سزا | دادگای بڕیاردەر | سزا | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|---|
١ | ئومید قەدیمی | دیواندەرە | ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا٬ بانگەشەی دژ بە حکومەت و بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی | سەرەتای خاکەلێوە | دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دیواندەرە | ٤٠ مانگ بەندکران و ٨٥ میلیۆن ڕیال سزای پارە | برای فواد قەیمی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییە. |
٢ | تاریق ڕەحیمپوور | سنە | بانگەشەی دژ بە حکومەت و هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا | ناوەڕاستی خاکەلێوە | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە | ٣ ساڵ بەندکران | |
٣ | مەجید کەریمی | سنە | بانگەشەی دژ بە حکومەت | ١٦ی خاکەلێوە | دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە | ٣ مانگ بەندکران بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونی پێشووتر، سزاکە گۆڕدرا بۆ ٨ میلیۆن تمەن سزای پارە. | |
٤ | بەهمەن نادری | کرماشان | بڵاوکردنەوەی بانگەواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان لە ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا | ٢٧ی خاکەلێوە | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشان | ٦ مانگ بەندکران و ٨ میلیۆن تمەن سزای پارە | |
٥ | ئەمجەد ساڵحزادە | سەقز | بانگەشەی دژ بە حکومەت | ٢٧ی خاکەلێوە | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز | ۳ مانگ بەندکران کە بەپێی بڕیاری دادگا گۆڕدرا بۆ ١٦ میلیۆن تمەن سزای پارە. | |
٦ | حسەین بۆرکە | پیرانشار | ئەندامبوون و هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا | کۆتایی خاکەلێوە | دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | ۳ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران و ساڵێک دوورخستنەوە بۆ ورمێ |
- دەستبەسەرکردن
لانیکەم ٣٦ هاووڵاتی، هونەرمەند و چالاکی ڕاگەیاندنکار و مەدەنیی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و تاراندا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ٨ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. ٣ کەس دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و یەک کەسیش دوای چەند ڕۆژێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون. ئەوانی دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
ـ بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەوف شێخمەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون و تۆمەتی «افساد فیالارض»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکانەوە بۆ ماوەی دوو مانگی تر تازە کرایەوە. ئەم سێ هاووڵاتییە بە ڕیز لە ڕۆژانی ٥ی بەفرانبار، ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢ و ٢٢ و ٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
ژمارە | ناو | خەڵکی | شوێنی دەستبەسەرکران | بەرواری دەستبەسەرکردن | بواری چالاکی | شوێنی ڕاگرتن و دوایین بارودۆخ |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | جەلال خودامورادی | سنە | سنە | ٣ی خاکەلێوە | چالاکی مەدەنی | لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی حەسەنئاوای سنە، دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ئازاد کرا. |
٢ | حەسەن کاکایی | بۆکان | بۆکان | ٤ی خاکەلێوە | هونەرمەند | لەبەر وتنەوەی سروودێکی نیشتمانی دەستبەسەر کرا و دوای ڕۆژێک مانەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆاکن ئازاد کرا. |
٣ | کیانووش چراغی | دێلوڕان | دێلوڕان | ٥ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | بۆ جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئیلام کرا. |
٤ | سمکۆ نەسروڵڵاهی | بۆکان | بۆکان | ٥ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی قازڵیانی بۆکان بوو. |
٥ | محەممەد عەباسزاده | ئیلام | ئیلام | ٨ی خاکەلێوە | هونەرمەند | |
٦ | موحسین ڕەسوولزاده | بۆکان | بۆکان | ١٢ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
٧ | هەورام مێهرنەوایی | بۆکان | بۆکان | ١٤ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
٨ | فەرەج ئەرسەن | ئیلام | ئیلام | ١٥ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
٩ | کامران بادبرووت | مەلەکشایی ئیلام | ئیلام | ١٥ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
١٠ | ڕامیار محەممەدزاده | پیرانشار | پیرانشار | ناوەڕاستی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
١١ | موسلیم جەعفەریی ڕەمشتی | خۆی | خۆی | ١٦ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
١٢ | شوانه بابەکری | شنۆ | شنۆ | ١٦ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | بۆ جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا. |
١٣ | شەفیع بابەکری | شنۆ | شنۆ | ١٦ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | بۆ جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا. |
١٤ | صالح سخاوتساڵح سەخاوەت | شنۆ | شنۆ | ١٦ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا. |
١٥ | سۆران بەنگینی | شنۆ | شنۆ | ١٦ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا. |
١٦ | هیوا شەریفی | شنۆ | شنۆ | ١٦ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا. |
١٧ | شەهرام ئیبراهیمی | شنۆ | شنۆ | ١٦ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا. |
١٨ | شاهین ئیبراهیمی | شنۆ | شنۆ | ١٦ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | بۆ جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا. |
١٩ | لوقمان قەنبەری | سەرپێڵی زەهاو | سەرپێڵی زەهاو | ١٩ی خاکەلێوە | نووسەر و وەرگێڕ | دوای ڕۆژێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا بە بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کرا. |
٢٠ | موستەفا حەمدی | سەقز | سەقز | ١٩ی خاکەلێوە | چالاکی ڕاگەیاندنکار و بەرپرسی کەناڵی تێلێگرامیی پورسمان | |
٢١ | ڕەسوول گەللەبان | ورمێ | ورمێ | ١٩ی خاکەلێوە | ڕۆژنامەوانی کورد | دوای بانگهێشتکران بۆ پۆلیسی فەتا دەستبەسەر کرا. |
٢٢ | کەمال لوتفی | دێولان | قوروە | ٢١ی خاکەلێوە | باوکی ڕەزا لوتفی و لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان | دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی قوروە دەستبەسەر کرا. پێشتر سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. |
٢٣ | موحسین ئەحمەدی | ئیلام | ئیلام | ٢٢ی خاکەلێوە | چالاکی مەدەنی | |
٢٤ | مووسا جەلیلیان | بۆکان | بۆکان | ٢٢ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
٢٥ | سامان ئۆوەیسی | مەهاباد | مەهاباد | ٢٣ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد دەستبەسەر کرا. |
٢٦ | سەلمان ئولفەتی | گیەڵان | گیەڵان | ٢٤ی خاکەلێوە | مامۆستای خانەنشین و چالاکی مەدەنی | لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە. |
٢٧ | مەحیەدین مەعرووفنیا | پیرانشار | پیرانشار | ٢٥ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. |
٢٨ | خەدیجە مێهدیپوور | ئیلام | تاران | ٢٨ی خاکەلێوە | زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنی | لەبەر ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە لایەن پۆلیسی ئێرشادەوە دەستبەسەر و دوای چەند کاتژمێر ئازاد کرا. |
٢٩ | ئومید قادرنژاد | میاندواو | میاندواو | ٢٩ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی میاندواو دەستبەسەر کرا. |
٣٠ | موحسین قادرڕەش | میاندواو | میاندواو | ٢٩ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی میاندواو دەستبەسەر کرا. |
٣١ | موحسین ئەحمەدی ئەقدەم | مەهاباد | مەهاباد | ٢٩ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
٣٢ | ڕەسوول یووسفی ئازەر | مەهاباد | مەهاباد | ٢٩ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
٣٣ | حەسەن یووسفی ئازەر | مەهاباد | مەهاباد | ٢٩ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | |
٣٤ | ئومید شەهداد | سەوڵاوا | سەوڵاوا | ٣٠ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی لە گوندی دێوەزناوی سەوڵاوا و دەستبەسەریان کرد. |
٣٥ | عومەر حسەینی | سەوڵاوا | سەوڵاوا | ٣٠ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی لە گوندی دێوەزناوی سەوڵاوا و دەستبەسەریان کرد. |
٣٦ | عەلی حسەینی | سەوڵاوا | سەوڵاوا | ٣٠ی خاکەلێوە | هاووڵاتی | هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی لە گوندی دێوەزناوی سەوڵاوا و دەستبەسەریان کرد. |
- بنەماڵەی دادخوازان
ـ ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی شێواندنی ڕای گشتی» بە گشتی سزای ٤٠ مانگ بەندکران و ٨ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپا.
ـ کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی قوروە دەستبەسەر کرا. تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە. کەمال لوتفی چەند پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری حکومەتی ئێران» سزای ٢ ساڵ و بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
- تەقینەوەی مین
لە ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوەدا (٢٧ی مارس) تەقینەوەی مینی چێندراوی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق لە شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک.
- نەورۆز
ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز وەک ساڵانی پێشوو لە لایەن گرووپی خۆڕێکخراوی خەڵکەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بەڕێوە چوو. ئەمساڵ بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمانە بەتایبەت لە کرماشان و ئیلامدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیی گەورەی لێ کرا.
دامودەزگا ئەمنی و ئینتیزامییەکان لە زۆرێک لە شارەکاندا هەوڵیان دابوو لە ڕێگای بانگهێشتکردن و هەڕەشەکردنەوە لە بەڕێوەبەران، ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بکەن. هەروەها ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و بەشداربوانی ئەو ڕێوڕەسمانە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت یان دەستبەسەر کران.
ڕۆژی ٢ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر گرووپێک لاو کە لە پارکی ڕۆژهەڵاتی تاقەوسانی کرماشان لە گەڕەکی زەفەردا گۆرانیان دانابوو و شادی و هەڵپەڕکێیان دەکرد. لە ئەنجامی ئەم هێرش و دەسڕێژەدا دوو لاوی کورد بە ناوەکانی محەممەد ئەحمەدیان و ئارمان بەسیری لە لای قاچەوە پێکران و بە سەختی بریندار بوون.
- مافە پیشەییەکان
هەندێ دووکان و یەکەی پیشەیی لە شارە جیاوازەکاندا بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» لە لایەن لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانەوە (ئەماکن) داخراون. لە ناوەڕاستی خاکەلێوەدا (سەرەتای ئاوریل) مۆزەخانەی گوندی و نشینگەی هەرێمیی «شانشین»ی شاری مەریوان لەبەر «ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ و مۆزیکژەندنی کچان» داخرا. هەروەها ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) زیاتر لە ٢٠ یەکەی پیشەیی شاری سنە و لەوانە کتێبفرۆشیی «ژیرا» کە چالاکی مافەکانی ژنان ژینا مودەڕیس گورجی سەرپەرشتیی دەکات، لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانی ئەم شارەوە بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» داخران.
- زیندانیانی سیاسی
ـ ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی کورد بە هۆکاری نادیار لە زیندانی مەشهەدەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران.
ـ عوسمان ئیسماعیلی، زیندانیی سیاسی و چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز کە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (١٢ی فێبرییەی ٢٠٢٤) بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی دەرمان لە زیندانی سەقزەوە ڕەوانەی زیندانی سنە کرا، تا ئێستا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست بێبەش کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کۆمەڵەنەخۆشییەکی وەک فتقی ئینگۆیناڵ، ئاسم، دڵ و ڕۆماتیسمی لەگەڵە.
ـ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد ڕێگەی نەدا ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد کە لە زیندانی مەهاباد بەند کراوە، مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ بدرێت. ئەم زیندانییە سیاسییە نەخۆشیی پێست و دڵی لەگەڵە و لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.
ـ کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی، لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە بڕیار بوو ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بەڕێوە بچێت، بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەر «عەمووزاد»ەوە دوا خرا بۆ کاتێکی تر.
ـ حەسەن عومەرپوور، بەندکراوی کوردی خەڵکی ورمێ کە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا سزای ١٠ ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەوە (١٤ی ئاوریل) مانی لە خواردن گرتووە و هۆکاری مانگرتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ داوای لێکۆڵینەوەی دووبارە لە دۆسیەکەی و هەروەها دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سووکایەتیکردنی داواکاری گشتیی ورمێدا بە بنەماڵەکەی. ئەم زیندانییە کوردە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی بە دەستووری سەرۆکی زیندان گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لە مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.
ـ ئەردەوان تەهووریان، زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٦٠ ساڵانی خەڵکی سەڵماس کە نەخۆشیی دڵ و شەکرەی لەگەڵە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستدا و پێنەدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، لە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەوە (١٥ی ئاوریل) مانی لە خواردن گرتووە.
ـ ئارش قولیزادە، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی ورمێ کە سێهەم ساڵ لە کۆی سزای ١٠ ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ەوە (١٥ی مارسی ٢٠٢٤) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بێبەشکراندا لە مۆڵەتی پشووی کاتی مانی لە خواردن گرتووە و دەوترێت ئێستا دۆخی جەستەیی ناجێگیرە. ئەم بەندکراوە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و تا ئێستا لە مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.
ـ ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) پاسەوانەکان و هێزەکانی گاردی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە بیانووی بوونی مۆبایل لە ناو بەندەکەدا هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و دوای شێواندن و تێکدانی کەلوپەلی بەندکراوان، پەلاماری هەردوو زیندانیی سیاسیی کورد کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمییان دا. لە ئەنجامی ئەم پەلامارەدا سەری کەیوان ڕەشۆزادە شکا، بەڵام بەبێ چارەسەر و دەرمانکردن لەگەڵ کامران قاسمیدا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.