تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (ژانڤییە و فێبرییەی ٢٠٢٥)، دوو کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە و دوو کۆڵبەری تریش بریندار بوون. لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون و دوو ژن و کچی ١٧ ساڵان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان بە دەستی پیاوانی بنەماڵە کوژراون.
هەروەها لانیکەم ٢ هاووڵاتیی کورد سزا دراون بە بەندکران و لانیکەم ٨٢ کەسی دیکەیش بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی دیکەیش ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە بوونەتەوە. هۆکاری زۆربەی حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنەکانی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتنی گشتی دژ بە سزای لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە شارەکانی کوردستاندا.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (ژانڤییە و فێبرییەی ٢٠٢٥):
- کۆڵبەران
مەهیار سەفەری به هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا و ئەمین حسەینی بە هەرەسی بەفر لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان گیانیان لە دەست داوە. هەروەها سارۆ وەیسی و جەمال عەزیزی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بریندار بوون.
- لەسێدارەدان
لانیکەم چوار بەندکراوی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «مادە هۆشبەرەکان» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج و دیزڵئاوای کرماشان لە سێدارە دراون.
- سزاکان
لانیکەم دوو چالاکوان و هونەرمەندی کورد بە تۆمەتی سیاسی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
- دەستبەسەرکردن
لانیکەم ٨٢ هاووڵاتیی کورد، لەوانە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، کرێکاری، فەرهەنگی و ژینگەپارێز، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران. پێنج کەسیان لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان بوون و پێنج کەسیشیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی بۆکان، سنە و نەغەدە کراون.
ئەگەرچی هەندێ لەم دەستبەسەرکراوانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام زۆربەی هەرەزۆریان تا ئێستا هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
بانگهێشتکردنەکان
لانیکەم ٩ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە ناوەکانی پەیام فەتحی، فەرانەک ڕەفیعی و ڕەفیق کەریمی، چالاکانی کرێکاری و مەدەنیی خەڵکی سنە، هاجەر ئامیا، سیروان شاولە و نەسیم وەکیلی، هاوسەرانی زیندانیان و دەستبەسەرکراوانی سیاسیی خەڵکی مەهاباد و قوروە، ئەیوب (ئەرمیا) ڕەنجبەری، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سەقز و یاوەر (زوبەید) حەمیدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی سەڵماس، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراون و خراونەتە بەر لێپرسینەوە.
- ژنکوشتن
لانیکەم ژنێک و کچێکی منداڵ لە پیرانشار و کرماشاندا لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە کوژران و بوون بە قوربانیی دیاردەی ژنکوشتن. کانی عەبدوڵڵاهی، ١٧ ساڵان و خەڵکی پیرانشار، بە دەستی باوکی و بە چەقۆ کوژرا، دەوترێت هۆکاری ئەم کوشتنە «پێوەندیی نهێنیی کانی لەگەڵ کوڕێکدا» بووە.
سەیددونیا حسەینی، ٢٣ ساڵان و خەڵکی کرماشان، دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بە دەستی باوکی و بە چەقۆ کوژرا.
- دۆخی زیندانیانی سیاسی
حسەین عوسمانی، زیندانیی سیاسیی کورد کە یازدەهەمین ساڵ لە کۆی سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێدەپەڕێنێت، سەرەتای ڕێبەندان بە هۆی نەخۆشییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکەی زیندان کرا و دوای سێ ڕۆژ خەواندن، لەبریی ئەوەی ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوی زیندان بکرێت گەڕێنرایەوە بۆ بەندی زیندانیانی سیاسیی ئەم زیندانە. حسەین عوسمانی کە تەمەنی ٦٣ ساڵە، چەندین نەخۆشیی لەگەڵە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە ڕەشەمەی ١٣٩٢دا (فێبرییەی ٢٠١٤) تا ئێستا تەنها یەک جار لە ڕەزبەری ١٤٠٠دا (سێپتامبەری ٢٠٢١) بۆ ماوەیەکی کورت مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا.
پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان، دوای ڕەتکردنەوەی داوای پارێزەرەکانی بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارەی لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادایە. بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکە لە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (١ی فێبرییەی ٢٠٢٥) هەڵوەشایەوە.
سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد، دوای ٤٠ مانگ بەندکران لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و لەگەڵ منداڵە ساواکەیدا سۆلینا ئیسماعیلی، بە بارمتەی ٢ میلیارد و نیو تمەنی مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا.
مانگرتنی گشتی دژ بە سزای لەسێدارەدان
ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوابەدوای بانگەوازی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی دژ بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییەکانی تر، مانگرتنێکی بەربڵاو لە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە و هەندێ بەشی چەند شارێکی دیکەی کوردستان بەڕێوە چوو. هاوکات ٣٥ ژنەزیندانیی سیاسییش لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤیندا وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو مانگرتنە جەماوەرییە، مانیان لە خواردن گرت.
لە ڕۆژانی پێش مانگرتنەکەدا دەیان هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، هەڕەشە و لێپرسینەوە بوونەوە و دامودەزگا ئەمنییەکان لە هەندێ شاری وەک پیرانشار و سەردەشتدا دەستیان دایە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان.
هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکەدا، ئیدارەی ئەماکن و دامودەزگا ئەمنییەکانی تر لە شارەکانی سنە، سەقز و دیواندەرە بە نیشانەکردن و پۆلۆمپکردنی دەیان دووکانی هاووڵاتیان و هەڕەشەکردن لە کاسبکاران لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنی و هەناردنی کورتەنامەوە هەوڵیان دا ئەم هەڵمەتە جەماوەرییە سەرکوت بکەن. لە ڕۆژانی دوای مانگرتنەکەیشدا دەیان کەس لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە هۆی بەشداریکردنەوە لە مانگرتنەکەدا ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن یان دەستبەسەرکردن بوونەوە.