تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە گوڵانی ١٤٠٤دا (ئاپریل و مەیی ٢٠٢٥)، کۆڵبەرێک بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران گیانی لە دەست داوە و ٢ کۆڵبەری تریش بریندار بوون. لانیکەم ٨ بەندکراوی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون. هەروەها سزای بەندکران بۆ ٥ هاووڵاتی، هونەرمەند و چالاکوانی ئایینیی کورد دەر کراوە و داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی زیندانییەکی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان بۆ دووەم جار لە دیوانی باڵای ئێراندا ڕەت کراوەتەوە. هەروەها لانیکەم ٢٠ کەس بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی دیکەیش ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە بوونەتەوە. هەر لەم مانگەدا چوار حاڵەتی ژنکوشتنیش تۆمار کراوە.
· کۆڵبەران
بە هۆی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ئارمان ڕایزەن لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان کوژرا و دوو کۆڵبەری تریش بە ناوەکانی ئاکۆ شەریفی و شوانە عەلیپوور لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بریندار بوون.
ژمارە | ناو | خەڵکی | دۆخ | بەرواری ڕوودان | شوێنی ڕووداو | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | ئارمان ڕایزەن | مەریوان، پارێزگای کوردستان | کوژراو | ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٤ | مەریوان، پارێزگای کوردستان | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
ژمارە | ناو | خەڵکی | دۆخ | بەرواری ڕوودان | شوێنی ڕووداو | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | ئاکۆ شەریفی | بانە، پارێزگای کوردستان | بریندار | ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | بانە، پارێزگای کوردستان | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢ | شوانە عەلیپوور | بانە، پارێزگای کوردستان | بریندار | ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | بانە، پارێزگای کوردستان | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
· لەسێدارەدان
لانیکەم ٨ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی «مادە هۆشبەرەکان»، «کوشتنی بەئەنقەست» و «هۆکاربوون لە کوشتنی بەئەنقەستدا» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی کەرەج، ورمێ، سنە و بەندەرعەباس لە سێدارە دران.
جیا لەمە، ڕۆژی ١ی گوڵان (٢١ی ئاپریل) بنەماڵەی حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، زیندانیی سیاسیی کوردی تۆمەتبار بە «بەغی»، ئاگادار کرانەوە کە ئەم هاووڵاتییە بە شێوەی شاراوە و نەهێنی لە سێدارە دراوە. بەپێی فەوتنامەکەی، حەمید حسەیننژاد بەرەبەیانی ٣٠ی خاکەلێوە (١٩ی ئاپریل) بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی ئەمنی و دادوەری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراوە.
ژمارە | ناو | خەڵکی | تۆمەت | بەرواری لەسێدارەدان | شوێنی لەسێدارەدان |
---|---|---|---|---|---|
١ | ڕووحوڵڵا مورادیان | کووهدەشت، پارێزگای لوڕستان | مادەی هۆشبەر | ١٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | زیندانی قزلحەساری کەرەج |
٢ | مێهران نەسریزەڕ | سنە، پارێزگای کوردستان | کوشتنی بەئەنقەست | ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤ | زیندانی قزلحەساری کەرەج |
٣ | موشیر عوسمانزاده | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | کوشتنی بەئەنقەست | ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی ورمێ |
٤ | ڕەزاا میری | هەرسین، پارێزگای کرماشان | مادەی هۆشبەر | ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤ | زیندانی قزلحەساری کەرەج |
٥ | سەجاد مورادی | نوورئاباد، پارێزگای لوڕستان | مادەی هۆشبەر | ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤ | زیندانی قزلحەساری کەرەج |
٦ | کووروش جەلیلی | کرماشان٬ پارێزگای کرماشان | کوشتنی بەئەنقەست | ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤ | زیندانی قزلحەساری کەرەج |
٧ | گۆران قادری | مەریوان، پارێزگای کوردستان | هۆکاربوون لە کوشتنی بەئەنقەستدا | ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی سنە |
٨ | یووسف ئیسماعیلی | سەردەشت، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | کوشتنی بەئەنقەست | ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس |
· ژنکوشتن
لانیکەم ٤ ژنی کورد بە ناوەکانی بەتوول محەممەدی، فاتمە محەممەدی، گوڵاو فەرامەرزی و سەمیرا نووربەخش بە دەستی هاوسەر، هاوسەری کچ و داواکارەکەیان کوژران.
ژمارە | ناو | بەرواری ڕوودان | شوێنی ڕووداو | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|
١ | گوڵاو فەرامەرزی | ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | داڵاهۆ٬ پارێزگای کرماشان | بە دەستی زاواکەی و بە چەکی گەرم کوژرا. هۆکاری کوشتنی ئەم ژنە کێشەی خێزانیی نێوان کچەکەی و زاواکەی بووە. هاوسەری ئەم ژنەیش لە ڕووداوەکەدا بریندار بووە. |
٢ | بەتوول محەممەدی | ١١ی گوڵانی ١٤٠٤ | کرماشان٬ پارێزگای کرماشان | بە چەکی گەرم و بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا. هەروەها دایک و کوڕی ئەم ژنەیش لە ڕووداوەکەدا کوژراون. بکوژ هاوکات کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە. |
٣ | فاتمه محەممەدی | ١١ی گوڵانی ١٤٠٤ | کرماشان٬ پارێزگای کرماشان | بە دەستی زاواکەی و بە چەکی گەرم کوژرا. هاوکات کچ و نەوەی ئەم ژنەیش لە ڕووداوەکەدا کوژراون. بکوژ کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە. |
٤ | سەمیرا نووربەخش | ١٣ی گوڵانی ١٤٠٤ | کرماشان٬ پارێزگای کرماشان | ٣٧ ساڵان٬ دوای ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری بە چەکی گەرم و بە دەستی داواکارەکەی کوژرا. |
· سزاکان
لانیکەم پێنج هاووڵاتی، هونەرمەند و چالاکوانی ئایینیی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی، کەیفەری و تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە لە شارەکانی ورمێ، هەمەدان و ئیلام بە تۆمەتی سیاسی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
دووەم داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی تورکیا کە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرایەوە. دوابەدوای ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە، ئێستە زیاتر لە پێشوو مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ئارادایە.
بڕیاری دەرکردنی سومەییە ئەختەرشومار، مامۆستای ٣٧ ساڵانی خەڵکی مەریوان کە پێشینەی ١٧ ساڵ مامۆستایەتیی لە دەزگای پەروەردە و فێرکاریدا هەیە، لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی دادی ئیداریی ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
ژمارە | ناو | خەڵکی | بواری چالاکی | تۆمەت | سزا | بڕیاری دەرکردن | دادگای بڕیاردەر | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|---|---|
١ | مامۆستا سابیر خودامورادی | سەقز، پارێزگای کوردستان | مەزهەبی | بانگەشەی دژ بە حکومەت٬ تێکدانی ڕای گشتی | ٢٢ مانگ بەندکران | ٣ی گوڵانی ١٤٠٤ | دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان | . |
٢ | بەیان ساڵحیان | سەقز، پارێزگای کوردستان | هاووڵاتی | نادیار | ٥ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ۱۵۰ میلیۆن تمەن پارە | ٥ی گوڵانی ١٤٠٤ | دادگای کەیفەریی ورمێ | . |
٣ | مامۆستا سەلام مەحموودیان | سەردەشت، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | مەزهەبی | نادیار | ۲ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن پارە | ١٥ی گوڵانی ١٤٠٤ | دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی ورمێ | . |
٤ | سومەییە ئەختەرشومار | مەریوان، پارێزگای کوردستان | پیشەیی مامۆستایان | لایەنگری و پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکان، بڵاوکردنەوەی بابەتی سووکایەتیئامێز و هەواڵی درۆ دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران | پەسەندکردنی بڕیاری دەرکردن لە کار | گوڵانی ١٤٠٤ | لقی ٣١ی دیوانی دادی ئیداری | . |
٥ | مامۆستا حەسەن خزری | سەردەشت، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | مەزهەبی | نادیار | ۲ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن پارە | ١٥ی گوڵانی ١٤٠٤ | دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی ورمێ | . |
٦ | حاتەم ئوزدەمیر | کوردستانی تورکیا | سیاسی | بەغی لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا | ڕەتکردنەوەی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە | ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٤ | دیوانی باڵای ئێران | . |
٧ | ئارمان شادیوەند | دەڕەشار، پارێزگای ئیلام | هونەرمەند | سووکایەتیکردن بە ڕێبەر و بانگەشەی دژ بە حکومەت | ۲ ساڵ بەندکران | ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤ | لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئسیلامیی ئیلام | . |
· دەستبەسەرکردن
لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی، لەوانە چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی، ڕاگەیاندن و ئایینیی کوردستان، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان، هەمەدان، تاران و ئەلبورزدا بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران.
لە کۆی ئەم هاووڵاتیانە پێنج کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی کەرەج، نەغەدە، بۆکان، مەهاباد و ئیلام کراون. ئەگەرچی هەندێ لەم دەستبەسەرکراوانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ژمارەیەکی تریان تا ئێستایش هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
ژمارە | ناو | خەڵکی | بواری چالاکی | بەرواری دەستبەسەرکردن | شوێنی دەستبەسەرکردن | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | مامۆستا لوقمان ئەمینی | سنە، پارێزگای کوردستان | مەزهەبی | ١ی گوڵانی ١٤٠٤ | هەمەدان، پارێزگای هەمەدان | . |
٢ | مامۆستا ئایەت غوڵامی | کرماشان، پارێزگای کرماشان | مەزهەبی | ٣ی گوڵانی ١٤٠٤ | کرماشان، پارێزگای کرماشان | بە دانانی بارمتە ئازاد کرا |
٣ | حەسەن ئەحمەدی | ماکۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هونەرمەند | ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | ماکۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
٤ | ئیبراهیم مەردانی | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٣ی گوڵانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە دانانی بارمتە ئازاد کرا |
٥ | ئەژدەر پیریی سارمانلوو | چاڵدێران، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | ڕاگەیاندن | ١٤ی گوڵانی ١٤٠٤ | کەرەج، پارێزگای ئەلبورز | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی کەرەج کرا |
٦ | مووسا یادیار | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٤ی گوڵانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە دانانی بارمتە ئازاد کرا |
٧ | حەمزه یادیار | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٤ی گوڵانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە دانانی بارمتە ئازاد کرا |
٨ | محەممەد محەممەدی (شێخاڵی) | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٤ی گوڵانی ١٤٠٤ | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا |
٩ | میلاد ناسری | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٦ی گوڵانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک و ٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا |
١٠ | ئومێد ئیبراهیمی | شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
١١ | یاسر شەریفیان | شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
١٢ | ڕەشید فەقێزاده | شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە دانانی بارمتە ئازاد کرا |
١٣ | عەلی دانشی | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٩ی گوڵانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
١٤ | سامرەند وجوودی | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ١٩ی گوڵانی ١٤٠٤ | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
١٥ | عەزیم یادگاری | دێلوڕان، پارێزگای ئیلام | لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی | ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٤ | تاران، پارێزگای تاران | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٠ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئیلام کرا |
١٦ | عەزیز عەبدوڵڵازاده | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
١٧ | ئومێد عەبدوڵڵازاده | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
١٨ | ئارمین خودامورادی | سنە، پارێزگای کوردستان | هاووڵاتی | ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٤ | سنە، پارێزگای کوردستان | . |
١٩ | محەممەد هۆشمەند | مەریوان، پارێزگای کوردستان | مەدەنی | ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٤ | مەریوان، پارێزگای کوردستان | . |
٢٠ | وەهاب خەدیریپوور | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | هاووڵاتی | ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤ | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا |
· بانگهێشتکردنەکان
زانیار دەباغیان و پەیام فەتحی، لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنە، بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بانگهێشت کران و خرانە بەر لێپرسینەوە.
لە شارەکانی بۆکان و مەهابادیش دەیان هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئەم دەزگا ئەمنییە بانگهێشت کران. ئەم دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنانە دوای ئەوە ڕووی داوە کە لە ڕێوڕەسمێکی شایی لە شاری بۆکاندا زۆربەی میوانەکان جلوبەرگی کوردیی خاکیڕەنگیان لەبەر کردبوو. دەوترێت هۆکاری ئەم هەڵسوکەوتەی دامودەزگا ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم جۆرە جلوبەرگە لە جلوبەرگی فۆرمی پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستان دەچێت.
هاوکات لە یەکەم ساتەکانی بەرەبەیانی هەمان ڕۆژدا، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی لوقمان سالک و کاوە سالک و دوای پشکنینی ماڵەکان دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلیی کەسیی ئەم هاووڵاتیانەدا، لەوانە جلوبەرگە کوردییەکانیان، مۆبایلەکانیان، بەڵگەنامەکانی باری کەسێتییان، کارتە بانکییەکانیان و…
سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولانیش لە دووتوێی ڕاگەیاندننامەیەکی فەرمیدا تۆمەتی «بانگەشەکردن لە بەرژەوەندیی گرووپ یان ڕێکخراوەکانی دژبەری حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران»ی ڕووبەڕوو کرایەوە و بانگهێشتی بەردەم لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارە کرا.
· دۆخی زیندانیانی سیاسی
ـ ڕەزا ڕەمەزانزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران لە زیندانی تارانی گەورەدا تێدەپەڕێنێت، سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ٤ مانگ بەسەر ڕاگرتنی لە بەندی «تاوانە توندوتیژەکان»دا، بە هۆی نەخۆشیی سەختی مەعیدە و کۆئەندامی هەرسەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.
ـ خالید زەمانی، زیندانیی سیاسیی کورد ، سەرەڕای ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبەندیکردنی زیندانی ناوەندیی یەزد و داواکاری گشتیی ئەم شارە بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، بە هۆی ڕێگریکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە پێدانی ئەو مۆڵەتە بێبەش کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە بە هۆی دژایەتیکردن و ڕێگریکردنی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە تا ئێستا لە مافی ئازادیی مەرجدار و مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش بووە.
ـ محەممەد دانیالی، زیندانیی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» کە ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ئیلامدایە، لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا و بە هۆی دۆخی نالەباری دەروونی و هەروەها دۆخی نامرۆڤانەی زیندانەکەوە مانی لە خواردن گرت.
ـ وەحید چاوەران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحسەین حاسڵی، سێ زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرابوون و سزای ١٢ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپابوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بە شێوەی نهێنی بۆ زیندانەکانی زاهیدان، کرمان و وەکیلئابادی مەشهەد دوور خرانەوە.
ـ موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ئێڤینی تاراندا پازدەهەم ساڵی بەندکرانی تێ دەپەڕێنێت، لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە ڕەتکردنەوەی داوای ڕاگرتنی ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکەی لە لایەن داواکاری گشتیی تارانەوە و هەروەها بێبەشکردنی لە دەرمان و چارەسەری پزیشکی سەرەڕای دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ و ناجێگیری، لە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گوڵانی ١٤٠٤ـەوە (٥ی مەیی ٢٠٢٥) مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆری وەک شێرپەنجەی ڕژێنەی دوانزەگرێ، فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia)، تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە و هەوکردنی بۆریی میز بووە. بەڵام سەرباری ئەمانە و بۆچوونی فەرمیی پزیشکیی دادیش لەمەڕ پێویستبوونی ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکەی بە هۆی دۆخی تەندروستیی زۆرخراپیەوە، داواکاری گشتیی تاران ڕێگری دەکات لە پێدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی و ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزای ئەم زیندانییە سیاسییە.
ـ وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان کە گیرۆدەی چەندین نەخۆشیی جیاوازی وەک هەڵدڕانی دیسکی مل و تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە بووە، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (مارسی ٢٠٢٤) لە لایەن پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمارەوە پشکنینی بۆ کراوە و سەرەڕای ڕاسپاردە و جەختکردنی ئەم پزیشکە و هەروەها بەرپرسانی نەخۆشخانەی زیندانی ئێڤین بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندان ئامادە نین ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی بکەن.