تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد سەبارەت بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
بەپێی ئامارە تۆمارکۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (ئۆکتۆبەر و نۆڤامبەری ٢٠٢٥)، کۆڵبەرێک کوژراوە و دوو کۆڵبەریش بریندار بوون؛ لانیکەم ٩ بەندکراوی کورد لە سێدارە دراون؛ ١٠ کەس سزایان بەسەردا سەپاوە و سزای لەسێدارەدانی ٥ زیندانیی سیاسییش هەڵوەشاوەتەوە؛ لانیکەم ٣٥ کەس بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون و سێ هاووڵاتی بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.
· کۆڵبەران
کۆڵبەرێک بە ناوی ئیبراهیم پیرانزاد لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژرا. هەروەها کۆڵبەرێکی تریش لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە تەقینەوەی مین ئەندامێکی جەستەی لە دەست دا. هەر لەم ناوچە سنوورییەدا کۆڵبەرێکی دیکە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوو.
· لەسێدارەدان
سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی «مادەی هۆشبەر» و «کوشتنی بەئەنقەست» بۆیان دەرچووبوو، لە زیندانەکانی ئەسفەراین، یەزد، کرماشان و ورمێ جێبەجێ کرا.
| ژمارە | ناو | خەڵکی | تۆمەت | بەرواری لەسێدارەدان | شوێنی لەسێدارەدان | ڕوونکردنەوە |
|---|---|---|---|---|---|---|
| 1 | عەلی ساعیدپەنا | ئەسفەراین، پارێزگای خوراسانی باکوور | کوشتنی بەئەنقەست | ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ئەسفەراین | |
| 2 | وەحید ئارمان | کرماشان، پارێزگای کرماشان | مادەی هۆشبەر | ١٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی یەزد | ٣٤ ساڵان، ساڵێک لەمەوپێش دەستبەسەر کرابوو |
| 3 | عەلی کەریمی | کرماشان، پارێزگای کرماشان | کوشتنی بەئەنقەست | ١٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی کرماشان | ٣٤ ساڵان، خێزاندار، ٥ ساڵ لەمەوپێش دەستبەسەر کرابوو |
| 4 | شەمسەدین عەباسیی کای | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | مادەی هۆشبەر | ١٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی ورمێ | |
| 5 | هاوڕێ جیهانئارا | سەردەشت، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | مادەی هۆشبەر | ١٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی ورمێ | |
| 6 | ڕەزا مەولایی | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | مادەی هۆشبەر | ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی ورمێ | ٤٨ ساڵان |
| 7 | محەممەدڕەزا بەدەوی | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | مادەی هۆشبەر | ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی ورمێ | ٤٧ ساڵان |
| 8 | زابتەدین (عادڵ) جەنگنجوو | سەڵماس، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | مادەی هۆشبەر | ٢٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی ورمێ | |
| 9 | پەیمان عەزیزی | سەلاسی باوەجانی، پارێزگای کرماشان | کوشتنی بەئەنقەست | ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | زیندانی ناوەندیی کرماشان | |
· سزاکان
لانیکەم ١٠ هاووڵاتی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکوانی فەرهەنگیی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی، تاوان (کەیفەری) و دیوانی دادی ئیدارییەوە لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، میاندواو، ورمێ، سەقز، سنە و دێولان بە تۆمەتی سیاسی سزای وەک لەسێدارەدان، بەندکران، دابڕان لە خزمەت، دوورخستنەوە، خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە دابەزاندنی پلەی پیشەیی، دەرکردنی هەمیشەیی لە کار و بێبەشکردنی هەمیشەیی لە خزمەتگوزاریی دەوڵەتییان بەسەردا سەپا.
سزای لەسێدارەدانی پێنج دەستبەسەرکراوی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان بە ناوەکانی عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و تەیفوور سەلیمیی بابامیری لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەیان بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد کرا.
| ژمارە | ناو | خەڵکی | بواری چالاکی | تۆمەت | سزا | بەرواری دەرکردن | دادگای بڕیاردەر | ڕوونکردنەوە |
|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
| 1 | عەلی (سۆران) قاسمی | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | هەڵوەشانەوەی سزا | سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران | . | |
| 2 | پژمان سوڵتانی | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | هەڵوەشانەوەی سزا | سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران | . | |
| 3 | کاوه ساڵحی | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | هەڵوەشانەوەی سزا | سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران | . | |
| 4 | ڕزگار بەیگزادەی بابامیری | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | هەڵوەشانەوەی سزا | سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران | . | |
| 5 | تەیفوور سەلیمیی بابامیری | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | هەڵوەشانەوەی سزا | سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران | . | |
| 6 | کاوەیس عەبدوڵڵازاده | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | بەغی لە ڕێگەی چالاکیی چەکدارییەوە دژ بە حکومەت | لەسێدارەدان | ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | . |
| 7 | همن مام قادری | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | بەغی پێش دەستگەیشتن بە چەک | ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران | ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | . |
| 8 | هێمن مام قادری | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | بەغی پێش دەستگەیشتن بە چەک | ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران | ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | . |
| 9 | مەنسوور کەربەلایی | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | بەغی پێش دەستگەیشتن بە چەک | ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران | ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | . |
| 10 | سالار سەیدڕەحیمی | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | بەغی پێش دەستگەیشتن بە چەک | ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران | ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | . |
| 11 | سالار بایەزیدی ئازەر | میاندواو، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | بەغی پێش دەستگەیشتن بە چەک | ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران | ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | . |
| 12 | حەسەن مامیل ئازەر | میاندواو، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | بەغی پێش دەستگەیشتن بە چەک | ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران | ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | . |
| 13 | ناسر بەکرزاده | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | زیندانیی سیاسیی پێشوو | سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل | هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ دووەم جار | ١٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی ٣٩ی دیوانی دادی ئیداریی ئێران | . |
| 14 | شەهرام کەریمی | سەقز، پارێزگای کوردستان | فەرهەنگی | ٦ مانگ دابڕاندن لە خزمەت | ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | دیوانی دادی ئیداریی ئێران | . | |
| 15 | نەسرین کەریمی | سنە، پارێزگای کوردستان | فەرهەنگی | خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە کەمکردنەوەی دوو پلەی پیشەیی | ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | دیوانی دادی ئیداریی ئێران | . | |
| 16 | فەیسەڵ نووری | سنە، پارێزگای کوردستان | فەرهەنگی | ٥ ساڵ دوورخستنەوە | ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | دیوانی دادی ئیداریی ئێران | . | |
| 17 | عیاس نیعمەتی | سنە، پارێزگای کوردستان | فەرهەنگی | دەرکردنی هەمیشەیی لە پەروەردە و فێرکاری | ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | دیوانی دادی ئیداریی ئێران | . | |
| 18 | مەجید کەریمی | سنە، پارێزگای کوردستان | فەرهەنگی | دەرکردن و دابڕاندنی هەمیشەیی لە خزمەتگوزاریی دەوڵەتی | ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | دیوانی دادی ئیداریی ئێران | . | |
| 19 | محەممەد ڕەزایی | دێولان، پارێزگای کوردستان | فەرهەنگی | بانگەشەی دژ بە حکومەت | ساڵێک بەندکران | ناوەڕاستی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لقی ١٠٢ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی ٢ی دێولان | . |
· دەستبەسەرکردنەکان
لانیکەم ٣٥ هاووڵاتیی کورد، لەوانە زیندانیانی سیاسیی پێشوو، چالاکوانانی سیاسی، فەرهەنگی و ژینگەپارێز، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و گیلان بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران.
لە کۆی ئەم هاووڵاتیانە شەش کەس بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی مەهاباد، سنە و نەغەدە کراون. زۆربەی دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگە تا ئێستایش هەر دەستبەسەرن و لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێکیان هیچ زانیارییەکی ورد بەردەست نەکەوتووە.
| ژمارە | ناو | خەڵکی | بواری چالاکی | بەرواری دەستبەسەرکردن | شوێنی دەستبەسەرکردن | ڕوونکردنەوە |
|---|---|---|---|---|---|---|
| 1 | سرووش یووسفزاده | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا |
| 2 | دانیال دارابخانی | کرماشان، پارێزگای کرماشان | زیندانیی سیاسیی پێشوو | سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | لاهیجان٬ پارێزگای گیلان | . |
| 3 | ئارام وەفایی | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 4 | هیوا حسەینی | سەقز، پارێزگای کوردستان | نادیار | ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەقز، پارێزگای کوردستان | . |
| 5 | هادی ئیبراهیمپوور | سەقز، پارێزگای کوردستان | نادیار | ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەقز، پارێزگای کوردستان | . |
| 6 | فەتاح یووسفپوور | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 7 | کەیوان سەیدئەحمەدی | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 8 | ئەیوب ڕەشی | سەردەشت، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەردەشت، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 9 | خزر (شەماڵ) ڕەسوول موروەت | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | سیاسی | ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 10 | ئاکۆ عەزیزی | ڕەبەت، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | ڕەبەت، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 11 | زیلان کەمانگەر | کامێران، پارێزگای کوردستان | نادیار | ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | کامێران، پارێزگای کوردستان | . |
| 12 | سیروان شاوله | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 13 | ڕەوف فەڕوخی | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 14 | ڕەحیم ڕەحمانی | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 15 | وەهاب محەممەدپوور | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | سیاسی | ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 16 | ئەمجەد ساڵحزاده | سەقز، پارێزگای کوردستان | زیندانیی سیاسیی پێشوو | ١٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەقز، پارێزگای کوردستان | . |
| 17 | ئیدریس مینبەری | سنە، پارێزگای کوردستان | فەرهەنگی | ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سنە، پارێزگای کوردستان | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی سنە کرا |
| 18 | فەرشاد سووری | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ١٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| 19 | محەممەدعەلی وەیسی | سەقز، پارێزگای کوردستان | ژینگەپارێز | ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەقز، پارێزگای کوردستان | . |
| 20 | سیروان خوداکەرەمی | سەقز، پارێزگای کوردستان | ژینگەپارێز | ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەقز، پارێزگای کوردستان | . |
| 21 | لوقمان ساڵحیزاده | سەوڵاوا، پارێزگای کوردستان | نادیار | ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەوڵاوا، پارێزگای کوردستان | . |
| 22 | عەلی حسەینی | سەوڵاوا، پارێزگای کوردستان | نادیار | ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەوڵاوا، پارێزگای کوردستان | . |
| 23 | ڕامین محەممەدی | کامێران، پارێزگای کوردستان | نادیار | ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | کامێران، پارێزگای کوردستان | . |
| 24 | محەممەد دەشتی | کامێران، پارێزگای کوردستان | نادیار | ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | کامێران، پارێزگای کوردستان | . |
| 25 | ئەحەد خزرنژاد | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا |
| 26 | ئومێد خزرنژاد | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا |
| 27 | شوانه خزرنژاد | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا |
| 28 | کاوه عەبدی | دیواندەرە، پارێزگای کوردستان | نادیار | ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | دیواندەرە، پارێزگای کوردستان | گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە |
| ٢٩ | زانیار مورادی | دیواندەرە، پارێزگای کوردستان | نادیار | ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | دیواندەرە، پارێزگای کوردستان | گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە |
| ٣٠ | ئازاد سوبحانی | دیواندەرە، پارێزگای کوردستان | نادیار | ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | دیواندەرە، پارێزگای کوردستان | گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە |
| ٣١ | یاسر ئەدوایی | سەوڵاوا، پارێزگای کوردستان | زیندانیی سیاسیی پێشوو | ٢٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەوڵاوا، پارێزگای کوردستان | . |
| ٣٢ | سەلمان ئەدوایی | سەوڵاوا، پارێزگای کوردستان | نادیار | ٢٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سەوڵاوا، پارێزگای کوردستان | . |
| ٣٣ | فەرزاد (نەجمەدین) گەللەبان | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | نادیار | ٢٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا | . |
| ٣٤ | هێرش زەندیی ناوگەران | سنە، پارێزگای کوردستان | زیندانیی سیاسیی پێشوو | ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | سنە، پارێزگای کوردستان | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی سنە کرا |
| ٣٥ | هێمن خورشیدی | بانە، پارێزگای کوردستان | نادیار | ٢٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ | بانە، پارێزگای کوردستان | . |
· ژنکوشتن
لەیلا عەلیڕەمایی، ٤٢ ساڵان و خەڵکی مەریوان، بە دەستی پیاوێکی دراوسێ ماڵی بە دەسڕێژی گوللە کوژرا. دەوترێت هۆکاری ئەم ڕووداوە ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیریی بکوژ بووە.
فەرنووش نەمام، ٤٢ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، بە دەستی هاوسەرەکەی و بە دەسڕێژی گوللە کوژرا. دەوترێت هۆکاری ئەم ڕووداوە «کێشەی قووڵی خێزانی و داوای جیابوونەوە لە لایەن فەرنووشەوە» بووە. لەم دەسڕێژەدا باوکی ژنەکەیش پێکراوە و گیانی لە دەست داوە.
. زیندانیانی سیاسی
محەممەد خزرنژاد دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتە ١٠ ڕۆژەکەی بۆ پشووی کاتی گەڕایەوە بۆ ناو زیندانی ناوەندیی سنە. ئەم بەندکراوە سیاسییە کە سزای ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە، دوای سێ ساڵ مانەوە لە زیندان بۆ یەکەم جار مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درابوو.
خالید بایەزیدی، زیندانیی سیاسیی سزادراو بە پێنج ساڵ بەندکران، تەنها ٩ ڕۆژ دوای گوازرانەوە بۆ زیندانی شنۆ و سەرباری هۆشداریدانی پزیشکی تایبەتمەند لەمەڕ نەگونجاوبوونی هەلومەرجی زیندان بۆ تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە، بە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشیی دڵەوە کەوتە حاڵەتێکی خراپ و ناجێگیرەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و چەند ڕۆژێک لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکاندا لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو.
. کوشتنی هاووڵاتیان
خالس پەرویزی، ٣٥ ساڵان و یووسف پەرویزی، ٤٢ ساڵان، خەڵکی گوندی «قینلق»ی سەر بە ناوچەی قەتووری خۆی، ڕۆژی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک گوندی «ئاڵماڵوو» گیانیان لە دەست دا.
میلاد کەرەمی، ٣٩ ساڵان و خەڵکی کامێران، ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبەر) لە بازگەی پشکنینی دەروازەی شاری تیکابدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەم هاووڵاتییە بەڵگەنامە و مۆڵەتی پێویستی لێخوڕینی پێ نەبووە و ترساوە غەرامە بکرێت، هەر بۆیە گوێی بە فەرمانی وەستان نەداوە و هێزە چەکدارەکانیش بە گومانی «هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ» لە مەودای نزیک و لە پشتەسەرەوە دەسڕێژیان لێ کردووە.
. مافی پیشەیی
هۆڵێکی وەرزشی «کیۆکۆشین» لە شاری بۆکان بە بیانووی ڕاهێنانی تێکەڵی ژن و پیاو لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی ئەم شارەوە داخرا.