ئەمڕۆ ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕووبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە پشتبەستن بە ئامارە کۆکراوەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت کە لە مەودای نێوان ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تا ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا لەسێدارەدانی لانیکەم ١٣٨ بەندکراوی کوردی لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کردووە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ڕێگایەک بۆ سەرکوتکاری و تۆقاندنی کۆمەڵگا بە کار دەهێنێت. لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بەردەوامبوونی نیگەرانکەری دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەوە، ئێران تا ئێستایش هەر یەکێکە لەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی جیهان بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانیان هەیە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە، هاودەنگ لەگەڵ کەمپەینە جۆراوجۆرەکانی دژ بە لەسێدارەدان لە ئێراندا، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم سزایە دەکات.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە یەک ساڵی ڕابردوودا، زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدراوانی ئەم ساڵە دەگەڕێتەوە بۆ بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکان کە بەم جۆرەیە: «مادە هۆشەبەرەکان» ٧٨ حاڵەت، «کوشتنی بەئەنقەست» ٣٩ حاڵەت، «دزیکردن بە چەکەوە» ٥ حاڵەت و «دەستدرێژیکردن بە زۆر» یەک حاڵەت. هەروەها لە نێو بەندکراوانی سیاسییشدا ٧ کەس بە تۆمەتی «افساد‌ فی‌الارض»، ٧ کەس بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» و یەک کەسیش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سەحنە لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی لە ڕێگای وتووێژکردنەوە لەگەڵ هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵە یان سەرچاوە ئاگادارەکان لە دۆسیەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو کۆ کراونەتەوە، زۆربەی ئەم بەندکراوانە لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە و لێڵدا لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و کەیفەریی شارە جیاوازەکانەوە دادگایی کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها لە هەندێ حاڵەتدا، لەوانە لە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیدا، خودی بەندکراوان ڕایانگەیاندبوو کە لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا ناچار کراوان تۆمەتەکانی دژ بە خۆیان قبووڵ بکەن، بەڵام دادگاکان نەک تەنها هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان بۆ ئەشکەنجەدانی بەندکراوان لە لایەن ڕاسپێردراوانی دەزگای دادوەرییەوە ئەنجام نەدابوو، بەڵکوو سزای لەسێدارەدانیشیان بەسەردا سەپاندبوون.

بۆ بینینی هێڵکاری و خشتەی جیاکراوەی ئامارەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: