ئەم ڕاپۆرتە کە بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبەر ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنانەوە ئامادە کراوە، ئاوڕ دەداتەوە لە حاڵەتەکانی ژنکوشتن، دەستبەسەرکردن، سەپاندنی سزا و دەرکردن لە کاری ژنانی چالاکی کورد و هەروەها بارودۆخی ژنانی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە یەک ساڵی ڕابردوودا؛ لە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (٢٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) تا ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤).
لەم ڕاپۆرتەدا کە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ڕاستەوخۆکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوەی ورد و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی تر ئامادە کراوە، ١٨ حاڵەتی ژنکوشتن، ١٤ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و جێبەجێکردنی سزای بەندکران و ١٦ حاڵەتی سەپاندنی سزا بەسەر چالاکانی ژنی کورد لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە.
ژنکوشتن
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٨ ژنی کورد بوونەتە قوربانیی دیاردەی ژنکوشتن. لە نێو ئەم ١٨ حاڵەتەدا ٧ ژن دوای داواکردن یان جێبەجێکردنی پرۆسەی جیابوونەوە لە هاوسەر (تەڵاق)، ٤ ژن بە هۆی کێشەی خێزانییەوە، ژنێک بە هۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیرییەوە، ٢ ژن بە پاڵنەری «نامووسی» و ژنێکیش لە کاتی دەمەقاڵە لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەرەکەیدا کوژراون. هەروەها لەسەر هۆکاری کوشتنی ٣ ژنیش هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
شێوازی کوشتنی قوربانیان: ٦ حاڵەت بە چەکی گەرم، ٣ حاڵەت بە خنکاندن، ٣ حاڵەت بە ئەشکەنجە و لێدان یان بەرکەوتنی شتی قورس، ٢ حاڵەت بە سووتان، ٣ حاڵەت بە چەقۆ و شێوازی کوشتنی یەک کەسیش نادیار ماوەتەوە.
بکوژانی ئەم کوشتنانە، جیا لە یەک حاڵەت، هەرهەموویان پیاوانی ئەندامی بنەماڵە بوون، لەوانە ١١ ژن بە دەستی هاوسەر یان هاوسەری پێشوویان، ٤ ژن بە دەستی باوکیان، ژنێک بە دەستی خەزووری، ژنێک بە دەستی داواکارەکەی و ژنێکیش بە دەستی زاوای بنەماڵەکەیان کوژراون. لە دوو حاڵەتدا بکوژان دوای کوشتنەکە کۆتاییان بە ژیانی خۆیشیان هێناوە.
لە ڕووی دۆخی خێزانییەوە ١٣ کەسیان خێزاندار، ٣ کەس زگورت و یەک کەسیش لە هاوسەرەکەی جیا بووبووەوە. دۆخی خێزانیی یەک کەسیش نادیار ماوەتەوە.
تەمەنی قوربانیان لە نێوان ١٨ بۆ ٥٠ ساڵدا بووە و ٢ کەسیشیان قوربانیی دیاردەی منداڵ-هاوسەری بوون.
١١ حاڵەتی ئەم کوشتنانە لە شارەکان و ٧ حاڵەتیش لە گوندەکاندا ڕوویان داوە. لە ڕووی جیاکردنەوەی پارێزگاکانەوە، ٥ کەس لە پارێزگای ئیلام، ٤ کەس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ٤ کەس لە پارێزگای کرماشان، ٣ کەس لە پارێزگای کوردستان، یەک کەس لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و یەک ژنیش کە خەڵکی ئیلام بوو لە پارێزگای هورموزگان کوژراون.
ناونیشانی قوربانیان
١. مەرزیه (سونیا) شەشیەکانی، خەڵکی گوندی «ڕەحمانئاوا»ی کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان و دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (٢٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا. بۆ هۆکاری کوشتنەکەی ئاماژە بە «کێشەی خێزانی» کراوە و دەوترێت چەندین جار کەوتبووە بەر لێدان و ئەشکەنجەی هاوسەرەکەیەوە.
٢. ڕۆئیا ئەمینی، ٢٤ ساڵان و خەڵکی گوندی «هەنگروان»ی ورمێ، ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (٨ی دیسامبەری ٢٠٢٣) بە دەستی خەزووری و بە چەکی گەرم کوژرا. ئەم ژنە لە کاتی دەمەقاڵەی نێوان خەسوو و خەزووریدا بەر گوللە کەوت و گیانی لە دەست دا.
٣. زیبا سەیاد، ٢٧ ساڵان، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «حەسار کانی»ی ورمێ، ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (١٠ی مارسی ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەرە پێشووەکەی کە ئامۆزایشی بوو، بە چەکی گەرم کوژرا. ئەم ژنە تەنها ١٠ ڕۆژ دوای جیابوونەوە بە هۆی توندوتیژییەکانی هاوسەرەکەیەوە، لە شەقامێکی ورمێدا سێ فیشەکی پێوە نرا و کوژرا.
٤. مەریەم ڕەزمجوو، خوێندکاری دوکتۆرای پسپۆڕیی ڕادیۆ ئێنکۆلۆژی و خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (١٤ی مارسی ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەری پێشووی بە چەکی گەرم کوژرا. لەم دەسڕێژەدا دایکیشی کە ناوی پەریوەش بەیات بوو، گوللەی بەر کەوت و گیانی لە دەست دا.
٥. پەریوەش بەیات، دایکی مەریەم ڕەزمجوو، ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (١٤ی مارسی ٢٠٢٤) بە دەسڕێژی هاوسەری پێشووی کچەکەی و لەگەڵ کچەکەیدا کوژرا.
٦. بەیان ئەمیری، خەڵکی گوندی «قشڵاق»ی ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان و دایکی منداڵێک، ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ (٢ی ئاوریلی ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا. هاوسەرەکەی لە کاتی لێخوڕیندا بە ئەنقەست ئۆتۆمبێلەکەی خستە ناو ئاوبەندی «داریان»ـەوە و بەیان کە بۆ دووهەم جار دووگیان بوو، لەگەڵ منداڵە ٥ ساڵەکەی لە ناو دەریاچەی ئاوبەندەکەدا خنکان.
٧. شەهین گەوێڵی، خەڵکی سنە و دایکی منداڵێک، ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ١٤٠٣ (١ی مەیی ٢٠٢٤) بە هۆی کێشەی خێزانی و داوای جیابوونەوە و تەڵاق بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا. هاوسەرەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی و شەهین بەر دا و هەردووکیان بە هۆی قووڵبوونی برینەکانیانەوە گیانیان لە دەست دا.
٨. کوبرا دلاوەر، ٥٠ ساڵان، فەرمانبەری خانەنشینی ئیدارەی تەندروستی، خەڵکی ناوچەی «پاڵەی زەڕینئاوا»ی دێلوڕان لە پارێزگای ئیلام، هاوسەرەکەی شتێکی قورسی بە سەریدا کێشا و کوشتی. بۆ هۆکاری کوشتنەکەی ئاماژە بە «کێشەی خێزانی» کراوە.
٩. ئارەزوو حەسەنی، خەڵکی ئەیوانی پارێزگای ئیلام، ڕۆژی ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٣ (١٩ی مەیی ٢٠٢٤) هاوسەرەکەی چەندین جار بە چەقۆ لێی دا و کوشتی. هۆکار و پاڵنەری ئەم کوشتنە نادیار ماوەتەوە.
١٠. لەیلا پایمەرد، ٣٢ ساڵان، خەڵکی گوندی «خورەنج»ی پیرانشار لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا. ئەم ژنە بە هۆی توندوتیژیی بەردەوامی هاوسەر و ماڵە خەزوورانیەوە دەیویست جودا ببێتەوە، بەڵام هاوسەرەکەی لە خەودا بەنزینی پێدا ڕشت و ئاگری تێ بەر دا. لەیلا ٤ ڕۆژ دواتر بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.
١١. نەرمین پیرهێمن، ٢٧ ساڵان، خەڵکی سنە و دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (٢٣ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە هۆی کێشەی خێزانی و بڕیاری جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی لە شەقامێکی سنەدا بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەقۆ کوژرا. نەرمین قوربانییەکی منداڵ-هاوسەری بوو و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کە پێشینەوەی توندوتیژیی بوو هاوسەرگیریی کردبوو و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا یەکەم منداڵەکەی بە دونیا هێنابوو.
١٢. مەرزیە غوڵامپوور، خەڵکی بوجنووردی پارێزگای خوراسانی باکوور و دایکی منداڵێک، ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (٦ی جولایی ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەکی گەرم کوژرا. مەرزیە کە قوربانییەکی منداڵ-هاوسەری بوو و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا هاوسەرگیریی کردبوو، چەندەها جار کەوتبووە بەر توندوتیژییەکانی هاوسەرەکەیەوە و دوای ئەوەی داوای جیابوونەوەی کرد بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا.
١٣. ماریا شێرمحەممەدی، خەڵکی ئەیوانی پارێزگای ئیلام و دانیشتووی بەندەرعەباس، ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٦ی جولایی ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەقۆ کوژرا. تا ئێستا هۆکار و پاڵنەری ئەم کوشتنە دەر نەکەوتووە.
١٤. ئایدا حەیدەریان، ٣١ ساڵان، خەڵکی سنە و فەرمانبەری دەرمانخانەی مانگی سوور، ڕۆژی ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٧ی جولایی ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەقۆ کوژرا. تا ئێستا هۆکار و پاڵنەری ئەم کوشتنە دەر نەکەوتووە.
١٥. جانێ چووپانی، ٢٢ ساڵان، خەڵکی گوندی «کۆزەڕەش»ی سەڵماسی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٧ی جولایی ٢٠٢٤) بە دەستی باوکی خنکێنرا. هۆکار و پاڵنەری ئەم کوشتنە پرسی «نامووسی» ڕاگەیەنراوە.
١٦. موبینا زەینیوەند، ١٨ ساڵان، خەڵکی گوندی «گورزلەنگەر»ی دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، ڕۆژی ٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) بە دەستی باوکی و بە چەکی گەرم کوژرا. باوکی بە هۆی پێوەندیی موبینا و کوڕێکەوە کە کێشەی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبوو دەستی دایە کوشتنی کچەکەی. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی موبینا بە ئامادەبوونی بەرچاوی خەڵک بەڕێوە چوو.
١٧. ژنێکی ٣٦ ساڵانی خەڵکی ئیلام کە ناوەکەی نەزانراوە، ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بە دەستی باوکی و بە چەکی سارد کوژرا. بۆ هۆکاری کوشتنەکە ئاماژە بە «کێشەی خێزانی» کراوە.
١٨. ژنێکی ٤٠ ساڵانی خەڵکی ئیلام کە ناوەکەی نەزانراوە، ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەرەکەی و لە ڕێگای بەرکەوتنی سەریەوە کوژرا. بۆ هۆکاری کوشتنەکە ئاماژە بە «کێشەی خێزانی» کراوە.
دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزا بەسەر ژنانی چالاکی کورددا
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ۱۴ ژنی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆری سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دەستبەسەر کراون و ٣ کەسیش بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزا ڕەوانەی زیندان کراون. بۆ لانیکەم ١٥ ژنیش بە تۆمەتی سیاسی سزای جیاوازی وەک لەسێدارەدان، بەندکران، قامچی و… دەر کراوە و ٢ کەسیش بە هۆی چالاکیی پیشەییەوە لە کار دەر کراون. سزای قامچیلێدانی ژنێکیش بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی بێحیجابی خۆیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، جێبەجێ کرا.
دەستبەسەرکردن
١. سونیا شەریفی، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری ئاودانانی ئیلام، ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (٢٦ی فێبرییەی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای ئەم شارە دەستبەسەر کرا و دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو سەبارەت بە وازهێنانی لە چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئازاد کرا.
٢. زارا (زەهرا) نەبیزادە، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران و سەردانکردنی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.
٣. ئەفسانە شاهی، وەرزشکاری خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (٣٠ی مەیی ٢٠٢٤) دوای ئەوەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی، بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ، پاش چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
٤. فەریدە وەیسی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پاوەی پارێزگای کرماشان، ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٤) دوای بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئیسماعیل کەریمیدا (چالاکی ژینگەپارێز) لە کامێران دەستبەسەر کرا و دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کرا.
٥. سوڵماز حەسەنزادە، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی براکەیدا، محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣٠ی جولایی ٢٠٢٤) بە شێوەیەکی توندوتیژ لە بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دیدار و وەرگرتنی پارێز خرایە بەر لێپرسینەوە. سوڵماز وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەم دۆخە سەپێنراوەدا چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرت و دوای ١٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژدا (١٣ی ئاگۆست) بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
٦. مەنیژە خۆشنوود، خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣١ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
٧. فرمێسک بابایی، چالاکی کوردی خەڵکی پاوەی کرماشان، ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
٨. ماریا خانی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵانی کرماشان، ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە کرماشان و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
٩. گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد، خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای دوو حەفتە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
١٠. مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبەر) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
١١. سروە شیری، خەڵکی گوندی «تەرەغە»ی بۆکان، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
۱۲. مریەم ڕەشیدی، خەڵکی ماکۆ، ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ماکۆوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.
۱۳. سەیران خەسرەوی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، ڕۆژی ٢٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان).
۱۴. ئیلهام قادری، خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ٣٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ورمێ.
گواستنەوە بۆ زیندان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزا
١. ژیلا هووژەبری، چالاکی سیاسیی خەڵکی مەریوان، سەرەتای ڕێبەندانی ١٤٠٢ (ژانڤییەی ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) و لە جۆزەردانی ١٤٠٣دا (ژوەنی ٢٠٢٤) بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە لە زیندان ئازاد کرا.
٢. سورەییا قەیتەران، خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٩ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
٣. ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بۆ تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کرا.
سزای لەسێدارەدان
١. پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی کورد، ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» سزای لەسێدارەدان و ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
٢. وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
سزای بەندکران و قامچی
١. سورەییا قەیتەران، خەڵکی پیرانشار، لە زستانی ١٤٠٢دا (سەرەتای ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەجاد دووستی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
٢. بەیان فەرەجوڵڵاهی، خەڵکی سنە، ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (٢١ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت و لە بەرژەوەندیی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.
٣. سەمیرا ئەحمەدی، خەڵکی سەقز، ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (٦ی فێبرییەی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «دابینکردنی کەرەستەی تاوانکاری بە مەبەستی تێکدانی ئارامیی گشتی» لە لایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەریی دووی سەقزەوە جیا لە سزای ٨ مانگ بەندکران سزای ٧٠ قامچیشی بەسەردا سەپا.
٤. سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین، ڕۆژی ١ی گوڵانی ١٤٠٣ (٢٠ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ئێران» سەرەتا سزای ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی کرماشانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەدا هەڵوەشایەوە و ئەستۆپاکیی لە تۆمەتەکە ڕاگەیەنرا.
٥. ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، سەرەتا لە جۆزەردانی ١٤٠٣دا (مەیی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت»، «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە گشتی سزای ٢١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی هەمەدانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە ڕەزبەری ١٤٠٣ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ٢ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران لە زیندانی سنەدا.
٦. موژگان کاووسی، نووسەر و توێژەری کوردی خەڵکی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەران، لە گەلاوێژی ١٤٠٣دا (ئاگۆستی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «پیلانگێڕیی دژ بە ئاسایشی ئێران»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سارییەوە سزای ساڵێک بەندکران بە شێوەی بڕیاری کراوەی بەسەردا سەپا.
٧. پرشنگ عەزیزی، خوشکی پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «یارمەتیدانی تاوانکار بۆ هەڵاتن لە سزا» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.
٨. زارا (زەهرا) ساجدینیا، خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
٩. سوڵماز حەسەنزادە، خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.
١٠. سووسەن حەسەنزادە، خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
١١. مەنیژە خۆشنوود، خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
١٢. سروە شیری، خەڵکی گوندی «تەرەغە»ی بۆکان، لە کۆتایی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
١٣. گوڵاڵە وەتەندووست، پارێزەری یاسایی و چالاکی بواری مافەکانی ژنانی خەڵکی مەریوان کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی دادگایی کرا. ئەم پارێزەرە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای پێکهێنانی دەستە و گرووپەوە، «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا، تا ئێستا لەسەر دوایین بارودۆخی دۆسیەکەی هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
جێبەجێکردنی سزای قامچی
ڕۆئیا حیشمەتی، خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لەبەر بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکاندا بەبێ حیجابی شەرعی»، «بریندارکردنی پاکیزەیی گشتی و بەرهەمهێنانی ناوەرۆکی خراپ و هاندانی خەڵک بۆ خراپەکاری» سزای ٧٤ قامچی و یەک میلیۆن و ٢٥٠ هەزار تمەن پارەی بەسەردا سەپا. سزای قامچیلێدانەکەی ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا.
دۆسیەسازی و سزای دەرکردن لە کار
١. سومەییە ئەختەرشومار، مامۆستا و ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، بەپێی بڕیاری لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستان لە کەرتی پەروەردە و فێرکاری دەر کرا. لە حوکمەکەدا کە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ (١٧ی مارسی ٢٠٢٤) دەر کرابوو و لە جۆزەردانی ١٤٠٣دا (ژوەنی ٢٠٢٤) بە شێوەی فەرمی بە خۆی ڕاگەیەنرا، تۆمەتەکانی ئەم مامۆستایەی زمانی ئینگلیزی بە پێشینەی ١٧ ساڵ کارکردنەوە هەندێ بابەتی وەک «لایەنگریکردن و پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکان»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی سووکایەتیئامێز و هەواڵی درۆ دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «ئەندامبوونی چالاکانە لە کاناڵە نایاساییەکانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایاندا»، «داڕشتنی پرسیاری تاقیکردنەوە ناوخۆییەکان بە ئاڕاستەی پاڵپشتیکردندا لە ئاژاوەگێڕەکان» و «پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا» ڕاگەیەنرا.
٢. دیوانی دادپەروەریی ئیداری حوکمی دەرکردنی فرمێسک فەتاحی، مامۆستای کوردی خەڵکی مەریوانی وەک خۆی پەسەند کردەوە، ئەم حوکمە پێشتر لە لایەن لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکارییەوە دەر کرابوو. ئەم مامۆستایە کە پێشینەی ١٤ ساڵ ڕاهێنەری و بەڕێوەبەریی قوتابخانە پێشسەرەتایی و سەرەتاییەکانی مەریوانی هەیە، لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) بە هۆکاری «نەبوونی مەرجەکانی هەڵبژاردنی کەسی شایستە» ڕەزامەندی بە دامەزراندنی نەدرا و لە کار دەر کرا.
٣. لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، چەندین چالاکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، لەوانە نەسرین کەریمی و فاتمه زەندکەریمی، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە دۆسیەی یاساییان بۆ کرایەوە و بە مەبەستی دەسپێکردنی پرۆسەی لێپرسینەوە بانگهێشتی بەردەم دادگا کران.
ژنانی زیندانیی سیاسیی کوردستان
١. زەینەب جەلالیان، کۆنترین و تاکەژنی زیندانیی سیاسی بە سزای بەندکرانی هەتاهەتاییەوە لە ئێران، حەڤدەیەم ساڵی بەندکران لە زیندانی ناوەندیی یەزددا تێدەپەڕێنێت. ئەم زیندانییە سیاسییە لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا تەنها یەک جار توانیویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی دیدار بکات. زهینهب جهلالیان، لەدایکبووی ١٣٦١ی ههتاوی (١٩٨٣) له گۆندی سنووریی «دێم قشڵاق»ی سهر به شاری ماكۆ، ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٣٨٦ (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کرماشان دهستبهسهر كرا و دوای چەندین مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی و لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سەرەتا سزای لەسێدارەدان و پاشان سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا.
٢. سوعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) دەستبەسەر کرا، چوارەم ساڵی بەندکران لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێدەپەڕێنێت. ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی سێهەمی دادگای کەیفەریی یەکەوە لە مەهاباد، بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتن»ی خدر پیرۆتی، لە ئەندامانی سوپای پاسداران و «یارمەتیدانی تۆمەتبارێک بۆ هەڵاتن» سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە سوعدا بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون هیچ کات مۆڵەتی وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدرا و دەستبەسەرکردنی پێچەوانەی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە.
٣. سەکینە پەروانە، زیندانی سیاسیی خەڵکی قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣وە (٣ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە سەرەتای خەرمانانی ١٤٠٢دا (کۆتایی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەدەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «پیلانگێڕی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە گشتی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەم زیندانییە سیاسییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا کە چووبووە سەر مەزاری عەلی موزەفەری، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری قووچان، وەک بەڵگەی سەلماندنی تۆمەتەکان لە قەڵەم دراوە.
٤. هاجەر سەعیدی، چالاکی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان و کرێکاران، بە تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران. هاجەر ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) و لە مۆڵەتی پشووی دەرمانی و وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.
٥. ژیان (سەیران) ئاغاج، زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی تورکیا، پاییزی ١٤٠١ (٢٠٢٢) لە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای ٥ مانگ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە مەبەستی لێپرسینەوە لە زیندانەوە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەلانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ. ساڵی ١٤٠٢ (٢٠٢٣) بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و حوکمەکە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.