لە ئێستەدا ١١ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە سزای لەسێدارەدانەوە لە زینداندان و لانیکەم هەشت کەسی دیکەیش لە بەردەم مەترسیی سەپاندنی هەمان سزادان. ئەم کەسانە کە هەندێکیان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان و سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کراون، لە دۆخێکی سەپێنراوی نادادپەروەرانەدا، وەک بێبەشکردن لە پارێزەری دیاریکراو، ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونی و دادگای نادادپەروەرانە، ڕووبەڕووی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان بوونەتەوە. بنەماڵەی ئەم زیندانیانە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە لەمەڕ دۆخی قەیراناویی ئەم کەسانە، مەترسیی پەسەندکردنی سزاکانیان و هەروەها مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکان و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەسبەجێی سزاکان و ئاوڕدانەوەی خێرا لە دۆخی هەنووکەی ئەم بەندکراوانەیان کردووە.
شەش زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، حاتەم ئوزدەمیر، یووسف ئەحمەدی، مێحراب عەبدوڵڵازادە و حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو کە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شارەکانی تاران، ورمێ و سنەوە بە تۆمەتی «بەغی» و «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، ئێستە لە زیندانە ناوەندییەکانی سنە و ورمێ و زیندانی ئێڤینی تاراندان.
دۆسیەکانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، مێحراب عەبدوڵڵازادە و حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو دوای تانەلێدان نێردراونەتە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە نۆبەتی لێکۆڵینەوەی دووبارەدان. بەڵام سزای حاتەم ئوزدەمیر و یووسف ئەحمەدی لە دیوانی باڵای ئێران پەسەند کراون و مەترسیی جیدیی لەسێدارەدانیان لە ئارادایە.
هەروەها پێنج هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی شاهین وەساف، ئازاد شوجاعی، ڕەسوول ئەحمەد ڕەسوول، ئیدریس ئالی و ناسر بەکرزادە لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان. دۆسیەی هەر پێنجیان بە شێوەی تایبەت لە دیوانی باڵای ئێراندا لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە لانیکەم هەشت هاووڵاتی و چالاکی کورد بە ناوەکانی عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری، جوامێر مامخەسرەی، محەممەد خەسرەوی، محەممەد فەرەجی، ڕەوف شێخمەعرووفی و سلێمان ئەدهەمی کە زۆربەیان لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سنە و بۆکان دەستبەسەر کراون، ئێستە لە زیندانەکانی ورمێ و بۆکاندان.
ئەم کەسانە هەندێ تۆمەتی قورسی وەک «بەغی»، «افساد فیالارض» و «موحارەبه»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و هەر ئەمەش وای کردووە نیگەرانییەکان لە ئاست ئەگەری سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا پەرە بسێنێت.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاوڕێک دەدەینەوە لە بارودۆخ و تۆمەتەکان و ڕەوتی لێکۆڵینەوەی یاسایی لە دۆسیەکانی زیندانیانی سزادراو بە لەسێدارەدان و ئەو زیندانیانەی لە بەردەم مەترسیی سەپاندنی ئەو سزایەدان.
زیندانیانی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان
ـ پەخشان عەزیزی، لەدایکبووی ١٣٦٣ (١٩٨٤)ی مەهاباد و دەرچووی بەشی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.
پەخشان عەزیزی بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. دواجار پاش چوار مانگ و حەفتەیەک مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا، ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (٢٠ی دیسامبەری ٢٠٢٣) گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.
ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٤) لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای لەسێدارەدان و ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاند. دۆسیەکە دوای تانەلێدانی پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و هێشتا لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە.
ـ وریشه مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە دەروازەی شاری سنەدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە دەسڕێژی گوللە و تەندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجەوە.
وریشە موردای لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین و دوای بەڕێوەچوونی دوو دانیشتنی دادگا، ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە دوای تانەلێدانی پارێزەرەکانی ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کراوە. وریشە مورادی بە هۆی ٢٠ ڕۆژ مانگرتنەوە تووشی کێشەی کۆئەندامی هەرس بووە، بەڵام لە کاتی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانەوە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست بێبەش کراوە.
ـ حاتەم ئوزدەمیر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا و ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک)، ڕۆژی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٢ی جولایی ٢٠١٩) لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی ئەم پارتەدا لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای «حەمزەی سەیدولشوهەدا»ی سپای پاسدارانی ورمێوە. ناوچەکە کەوتبووە بەر گوللەباران و تۆپبارانی ئەو هێزانە و حاتەم ئوزدەمیر بە برینداری لەسەر خۆ چووبوو و دەستبەسەر کرابوو. ئەم ئەندامەی پارتی کرێکارانی کوردستان سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ و بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ خرایە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە، دواجاریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٨دا (١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩) ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی و لە کاتێکدا کە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی لێ زەوت کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیدا» سزای لەسێدارەدان و ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدا ساڵح نیکبەخت ئەرکی پارێزەریی ئەم زیندانییە سیاسییەی گرتە ئەستۆ و تانەی لە حوکمەکە دا، هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا.
لە رەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە لایەن لقی نۆهەمی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەەم لقی هاوتەریب، واتە لقی ٣ی دادگای شۆرشی ئیسلامیی ورمێ. بەڵام لە گوڵانی ١٤٠٣دا (مەیی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «موحارەبە» جارێکی تر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە و ئەم جارە حوکمەکە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەجێ و خێرادایە.
ـ یووسف ئەحمەدی، هاووڵاتیی ٣٨ ساڵانی خەڵکی بانە، ڕۆژی ٨ی گوڵانی ١٣٩٩ (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بانە دەستبەسەر کرا، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێ کردبوو و لە کاتێکدا کە قاچی بریندار بووبوو، دەستگیر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە.
یووسف ئەحمەدی لە قۆناغی دەستبەسەربووندا لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ١٤٠٢دا (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و «بەشداریکردن لە کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
لە سەرەتای ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (ژانڤییەی ٢٠٢٤) ئەم سزایە لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەجێ و خێرادایە.
ـ حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، لەدایکبووی ١٣٦٤ (١٩٨٥) باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی «سگریک»ی چاڵدێران، ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٣ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنووری چاڵدێران دەستبەسەر کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرا و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەمەڕ بەشداریکردنی لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ هێزی سنوورپارێزی ئێران، خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.
حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو لە کۆتایی پووشپەڕی ١٤٠٣دا (ناوەڕاستی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پکک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. دوای تانەلێدانی پارێزەرەکانی، دۆسیەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کراوە و هێشتا لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە.
ـ مێحراب عەبدوڵڵازاده، هاووڵاتیی ٢٧ ساڵانی خەڵکی ورمێ، ڕەزبەری ١٤٠٢ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیرا و پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.
لە قۆناغی دەستبەسەربووندا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو بە زۆر ددان بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا» بنێت. دواجار لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. دۆسیەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کراوە و هێشتا لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە.
هاووڵاتیانی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل»
ـ ناسر بەکرزاده، ٢٥ ساڵان و خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە پاش چەند حەفتەیەک دەستبەسەربوون و دوای ئەوەی بەڵێنی هاوکاریکردنی بە دامودەزگا ئەمنییەکان دا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بەڵام ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) دیسان لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرایەوە و دوای چەند مانگێک ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا لە سەربازگەی ئەلمێهدیی ورمێ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ناسر بەکرزادە ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
ـ ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت و ڕەسوول ئەحمەد محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی قەڵادزێی هەرێمی کوردستان، پووشپەڕی ١٤٠٢ (جولایی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سەردەشت دەستبەسەر کران. ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ ماوەی هەشت مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» خرانە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهین بەڕێوە چوو و مانگێک دواتر بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە. لەم دۆسیەیەدا پێنج کەسی دیکەیش سزای بەندکرانیان بۆ دەر چووە.
ئەم سێ بەندکراوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی دادسەرادا لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆیان بێبەش کرابوون و تەنها دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامی مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەریان پێ درا.
ـ شاهین وەساف، ٢٨ ساڵان و خەڵکی سەڵماس، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە و دوای چەند مانگ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرە دیاریکراوەکەی خۆی لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بەڕێوە چوو و لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە زینداندا پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
هاووڵاتیان و چالاکانی سیاسیی کوردی تۆمەتبار بە «موحارەبه»، «بەغی» و «افساد فیالارض»
ـ عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و جوامێر (جوانمرد) مامخەسرەوی، هاووڵاتیانی خەڵکی بۆکان، لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی دیکە و لە کۆتایی خاکەلێوە و سەرەتای گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان و بانە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم کەسانە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. ئەم هاووڵاتیانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.
بەپێی سزانامەیەک کە بۆ چوار لەم کەسانە دەر کراوە، عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەیگزادەی بابامیری، تۆمەتی «بەغی»، «موحارەبه»، «پیلانگێڕی»، «هاوکاریکردنی دەوڵەتە دژبەرەکان»، «قاچاخی ستارلینک» و…یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە. هەروەها جوامێر (جوانمرد) مامخەسرەوییش تۆمەتی «موحارەبه»، «هاوکاریکردنی دەوڵەتە دژبەرەکان»، «قاچاخی ستارلینک» و…ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە. عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی لە دۆسیەیەکی دیکەیشدا تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی سوپای پاسدارانیان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.
هەواڵنێریی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٤ی جولایی ٢٠٢٤) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا دانپیانانی زۆرەملێی چوار لەم هاووڵاتیانەی بڵاو کردەوە.
ـ ڕەوف شێخمەعرووفی، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١ (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەم شارەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە و پاشان گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، دواجار پاش ١٧٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٣) ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.
ڕەوف شێخمەعرووفی لە دۆسیەیەکدا تۆمەتی «افساد فیالارض»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە و دۆسیەکەی دوای دەرکردنی سزانامە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد نێردراوە. هەروەها دۆسیەیەکی دیکەیشی لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی بۆکاندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر گوڵحسەینی بۆ کراوەتەوە بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتەکانی ناو ئەو دۆسیەیە لە بەردەستدا نییە.
ـ محەممەد فەرەجی ڕۆژانی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (٢٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بۆ ماوەی ٣ مانگ و نیو بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٣) ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.
محەممەد فەرەجی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ڕەوف شێخمەعرووفی تۆمەتی «موحارەبه»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە و دۆسیەکەی دوای دەرکردنی سزانامە نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.
ـ سلێمان ئەدهەمی، مامۆستای ئایینیی کورد، ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ. ئەم چالاکە مەزهەبییە بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانیی ناوەندیی ورمێ کرا.
سزانامەی ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «بەغی»، «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیی ئەنسارولسوننەدا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن داواکاری گشتییەوە دەرکراوە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوە نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. دوای تانەلێدانی لە ئەهلییەتی دادگاکە، ئێستە دۆسیەکەی نێردراوەتە بەردەم دادگای تایبەتی مامۆستایانی تەورێز و لە بەردەم لێکۆڵینەوەدایە.