پاش تێپەڕینی حەفتەیەک لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ئیسراییلدا دوای شەڕێکی ١٢ ڕۆژە، کەشی قورسی ئەمنی باڵی بەسەر زۆرێک لە شارەکانی کوردستاندا کێشاوە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، جێگیرکردنی هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی ئێران لە شارەکانی کوردستاندا پەرەی سەندووە و ئەم هێزانە درێژەیان بە شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن، بانگهێشتکردن، ئەشکەنجەدان و هەڕەشەکردن لە هاووڵاتیان و چالاکانی کورد داوە.
کوشتنی دوو هاووڵاتی لە کرماشان و سنەدا
لەم ڕۆژانەی دواییدا دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فواد عەلیخانی (٤١ ساڵان، خەڵکی کرماشان) و ئازاد ڕەعنایی (٣٤ ساڵان، خەڵکی سنە) بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
فواد عەلیخانی ڕۆژی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٣ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە خاڵی پشکنینی سوپای پاسداران لە مەیدانی ئازادەگانی کرماشاندا و دوای دەمەقاڵەیەک لەسەر پشکنینی مۆبایلەکەی دەستبەسەر کرا و ڕۆژی دواتر هەواڵی گیانلەدەستدانی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنرا. دامودەزگا ئەمنییەکان بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەی ڕێگرییان کردووە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەم هاووڵاتییە و تەنها دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە. ئەگەرچی هێشتا نەتوانراوە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە بە تەواوی ڕوون و پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام هەندێ لە خزمان و هاوڕێیانی دەڵێن فواد لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.
ئازاد ڕەعناییش ئێوارەی ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٦ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە شەقامێکی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی یەکەی فریاکەوتن و کوژرا.
لەسێدارەدانی نهێنیی سێ بەندکراوی کورد
ڕۆژی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٥ی ژوەنی ٢٠٢٥) سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، خەڵکی سەردەشت و ڕەسوول ئەحمەد ڕەسوول، خەڵکی شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان، کە بە تۆمەتی «موحارەبە» و «افساد فیالارض» لە ڕێگای «سیخوڕیکردنەوە بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، بە شێوەی نهێنی و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەدا، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران. تەرمەکانیان ڕادەست نەکرایەوە و بە بنەماڵەکان ڕاگەیەنراوە کە بۆیان نییە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی بەڕێوە بەرن.
دەستبەسەکردنی زیاتر لە ٢٥٠ هاووڵاتیی کورد؛ بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە دەیان هاووڵاتیی دیکە
لە ڕۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٤ی ژوەنی ٢٠٢٥) و دەسپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا، دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران، بەتایبەت دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، شەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنیان لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستاندا دەست پێ کردووە. بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون و دەیان کەسی دیکەیش بانگهێشت کراون و خراونەتە بەر لێپرسینەوە.
تەنها لە یەک حاڵەتدا، حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان، ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٤ی ژوەنی ٢٠٢٥) ڕایگەیاند کە لەم ماوەیەدا ١١٥ کەس لە لایەن دەزگا پێوەندیدارەکانەوە دەستگیر کراون کە ٥٤ کەسیان بە بڕیاری بارمتە یان کەفالەت ئازاد کراون و ٦١ کەسیشیان هێشتا هەر دەستبەسەرن.
بە هۆی زەخت و گوشاری ئەمنی و هەڕەشەی بەردەوامەوە لە بنەماڵەکان، تا ئێستا زانیاریی پێویست و تەواو لەسەر چارەنووسی بەشی هەرەزۆری ئەم هاووڵاتیانە بەردەست نەکەوتووە. بە وتەی چەند پارێزەرێکی یاسایی لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، ژمارەی دەستبەسەرکراوان زۆر زیاترە لە ئامارە فەرمییە ڕاگەیەنراوەکان و دەگاتە سەدان کەس. ئەم پارێزەرانە جەختیان کردەوە کە بنەماڵەکان کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە هۆی نیگەرانییەوە لە لێکەوتەی ئەمنی، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ دەبوێرن، ڕۆژانە دەڕۆنە بەردەم دادگاکان و ناوەندە ئەمنییەکان و داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی کەسەکانیان دەکەن، بەڵام لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا یان هەر وەڵامیان نادرێتەوە یان کاربەدەست و بەرپرسە پێوەندیدارەکان هەندێ وەڵامی ناڕوون و دژبەیەکیان پێ دەدەنەوە.
نیگەرانی لە دۆخی دەستبەسەکراوان؛ مەترسیی تۆمەتی قورس و وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ
سەرەڕای تێپەڕینی چەندین ڕۆژ لە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتە فەرمییەکانی زۆربەی هەرەزۆری دەستبەسەرکراوان بەردەست نەکەوتووە. بەڵام بەپێی هەندێ زانیاری، ژمارەیەکیان ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان»، «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «ڕاگرتن یان کڕین و فرۆشتنی ئامێرەکانی وەرگرتنی ئینتەرنێت وەک ستارلینگ» بوونەتەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنی نیگەرانیی جیدیی خۆیدا بۆ دۆخی دەستبەسەرکراوان، هۆشداری دەدات کە دوابەدوای تووڕەیی کۆماری ئیسلامی لە کوژرانی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسراییلدا و هەروەها پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ سەبارەت بە تۆمەتی سیخوڕی لە پارلەمانی ئێراندا، مەترسیی قورسترکردنەوەی توندوتیژییەکان لە بەرانبەر زیندانییەکاندا پەرەی سەندووە.
ئێمە لەوە نیگەرانین کە دامودەزگا ئەمنییەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەدا هەوڵ بدەن لە ڕێگای گوشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە، شەپۆلێکی دانپیانانی زۆرەملێی دەستبەسەرکراوان بخەنە گەڕ، ئەم جۆرە پلانە لە نموونە هاوشێوەکانی ڕابردوویشدا بینراوە و هەمیشە پێشەکییەک بووە بۆ سەپاندنی سزای قورس و لەسێدارەدانی سەروویاسایی.
توندکردنەوەی دۆخی ئەمنی لە زیندانەکاندا و گواستنەوەی زیندانیانی سیاسی
بەپێی ئەو زانیاریانەی وەرگیراون، شەش زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، سەکینە پەروانە، فواد فەتحی، موتەلیب ئەحمەدیان و مورتەزا سەیدی دوای بۆردومانکردنی زیندانی ئێڤین لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکانی تردا ڕەوانەی زیندانەکانی قەرچەک و تارانی گەورە (فەشافوویە) کراون. لە ڕاپۆرتەکاندا دەوترێت کە ئەم بەندکراوانە لە دۆخێکی زۆر خراپدا ڕاگیراون و مورتەزا سەیدییش بە هۆی شکانی شووشەی بەندەکەیەوە لە کاتی بۆردومانەکەدا بریندار بووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە یەکەم حەفتەی شەڕەکەدا کاربەدەستانی دەزگای داد لە پارێزگای کوردستاندا بنەماڵەی بەندکراوانی سزادراو بە زیاتر لە ١٠ ساڵ بەندکرانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەم کەسانە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگوێزرێنەوە بۆ زیندانەکانی تر.
هاوکاتیش کەشێکی ئەمنیی قورس تا ئێستایش باڵی بەسەر زیندانەکانی ورمێ، سنە و کرماشاندا کێشاوە و هێزەکانی گاردی تایبەت لەم زیندانانەدا جێگیر کراون و هەرجۆرە ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینێکی بەندکراوان ڕووبەڕووی سەرکوتکردن دەبێتەوە.
دەستبەسەرکردنی ئەندامانی سوپای پاسداران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت کە لانیکەم ٥٠ ئەندامی بەسیج و سوپای پاسداران لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا لە لایەن بەشی پاراستنی زانیارییەکانی سوپاوە دەستبەسەر کراون و لە سەربازگەی ئەلمێهدیی ورمێدا خراونەتە بەر لێپرسینەوە و تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.
دانانی بەربڵاوی خاڵەکانی پشکنین
شایەتحاڵە مەیدانییەکان باس لە بەردەوامبوونی چالاکیی خاڵەکانی پشکنین و وەرگرتن و پشکنینی مۆبایلی هاووڵاتیان لە دەروازەکانی چوونەژوورەوە و چوونەدرەوەی شارەکانی کرماشان، کامێران، سنە، مەریوان، سەقز، بۆکان، مەهاباد، سەردەشت، پیرانشار و ورمێدا دەکەن. ئەم هەنگاوەیش وای کردووە فەزای گشتیی شارەکان بگۆڕدرێت بۆ فەزایەکی میلیتاریستی و تۆقێنەر.
ناونیشانی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراون بەپێی بەروار (٢٥ی جۆزەردان تا ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤)
٢٥ی جۆزەردان (١٥ی ژوەن)
- فواد مورادی، خەڵکی گوندی «کێلەکەوو»ی دیواندەرە، پارێزگای کوردستان
٢٨ی جۆزەردان (١٨ی ژوەن)
- عەلی محەممەدی، باوکی شەهریار محەممەدی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- خالید بایزیدی، شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- کەریم قادرپوور، باوکی ئاوات قادرپوور، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- عەبدول ڕەسوولی، گوندی «تازاوای دۆڵەڕەش»، دیواندەره، پارێزگای کوردستان
- بێهرووز شەرەفیان، بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
٢٩ی جۆزەردان (١٩ی ژوەن)
- پووریا نەسیری، خوێندکاری بەشی یاسا، مەهاباد، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- مێهران خەدیریپوور، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- سرووش یووسفزاده، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- کەیوان مامەگلی، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئیسماعیل ئیسماعیلپوور، بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئاریان مەشایخی، پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- سادق مەحموودنژاد، لە بریندارانی چاوی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئیدریس ڕەسوولی و کامران ڕەسوولی، دوو برای خەڵکی شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- میلاد ڕەحیمی و هادی ڕەحیمی، دوو برای خەڵکی سەقز، پارێزگای کوردستان
- ئەنوەر بایزیدی، بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- بێهرووز یەزدانپەنا، بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- کەیوان سلێمانی، بۆکان، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن)
- ڕەحمان حسەینی (دلاوەران)، پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئەحمەد مامشەریفی، پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- عومەر محەممەدی، شاعیر و نووسەر، شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- زاهید حەجەری، سەقز، پارێزگای کوردستان
- هەژار ئەسەدپوور، فەرمانبەری مانگی سوور، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- کەیوان ئاشتاب، فەرمانبەری ئورژانس، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
٣١ی جۆزەردان (٢١ی ژوەن)
- نوورەدین دوودکانلووی میلان، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئومێد ڕەش، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئەسعەد ڕەسوولزادە، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- شاهۆ مەحموودی، خەڵکی گوندی «گۆگتەپه»، ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- سۆران سەفەری، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئومێد عەبدیخاه، سەقز، پارێزگای کوردستان
- هێمن ڕەنجبەر، مەریوان، پارێزگای کوردستان
١ی پووشپەڕ (٢٢ی ژوەن)
- سەعدوون غەزاڵی، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- خالید بەکری، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- محەممەد بەکری، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ناسر ئەلیاسی، خەڵکی گوندی بەیتاس، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- حەسەن فەلاحیان، شاعیر، پیرانشار، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
٢ی پووشپەڕ (٢٣ی ژوەن)
- سلێمان قادر گەڵوان، برای عەبدولسەلام قادر گەڵوان لە گیان بەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»، شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ڕێبوار موستەفازاده، ڕاهێنەری تۆپی پێ، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
٣ی پووشپەڕ (٢٤ی ژوەن)
- کیانووش چراغی، زیندانیی سیاسیی پێشوو، دێلوڕان، پارێزگای کوردستان
- فەرهاد کەریمی، نەغەده، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئەمین باشۆکی، نەغەده، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- کاوه قادری، نەغەده، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ڕەحمان خاڵخانی، نەغەده، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئەفشین عەزیزی، گەڕەکی «دێزجی مەرگەوەڕ»، ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- کاکۆ عەزیزی، گەڕەکی «دێزجی مەرگەوەڕ»، ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
٤ی پووشپەڕ (٢٥ی ژوەن)
- عەلیڕەزا خالیدی، گوندی «حەسەنئاوای سۆمابرادۆست»، ورمێ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- عەسکەر نەجەفی، قەسری شیرین، پارێزگای کرماشان
٥ی پووشپەڕ (٢٦ی ژوەن)
- سامان سەیدمەحموودیان، نەغەده، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- سامان کاکەمەمی، نەغەده، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- ئارش مەلائەحمەدی، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
٦ی پووشپەڕ (٢٧ی ژوەن)
- جەلال خودامورادی، چالاکوانی مەدەنی، سنە، پارێزگای کوردستان
- ڕەحمان مامئیسماعیل، خەڵکی گوندی «قزڵجه»، مەهاباد، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
- کەمال عوقابی، گوندی «باڵاگیر»، شنۆ، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
٨ی پووشپەڕ (٢٩ی ژوەن)
- حەمزه عوسمانی، گوندی «دەرەناخێ»، مەریوان، پارێزگای کوردستان
- عەبدوڵڵا باخە، گوندی «دەرەناخێ»، مەریوان، پارێزگای کوردستان
- ئومێد باخە، گوندی «دەرەناخێ»، مەریوان، پارێزگای کوردستان
- ڕامیار ڕەزایی، گوندی «دەرەناخێ»، مەریوان، پارێزگای کوردستان