لیژنەی پیاچوونەوەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریی ئێران سزای خانەنشینکردنی زۆرەملێ، دەرکردن، دابڕاندنی هەمیشەیی و دوورخستنەوەی ١٤ مامۆستای کوردی وەک خۆی پەسەند کردووە و سزای هەندێکیانی توندتر و قورستریش کردووەتەوە.
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە دوو بەیاننامەی جیاواز لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی گەلاوێژدا (١٩ و ٢٠ی ئاگۆست)، ناو و بڕیاری دەرچوو بۆ ١٤ مامۆستای کوردی بەم شێوەیە دەستنیشان کردووە:
نەسرین کەریمی: خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە دابەزاندنی دوو پلەی پیشەیی
لەیلا زارعی: دەرکردن لە پۆستی بریکاریی قوتابخانە و خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە دابەزاندنی یەک پلەی پیشەیی
سەلاح حاجیمیرزایی: سالێک دابڕاندن لە کار
فەیسەڵ نووری: دوورخستنەوە بۆ پارێزگای کرماشان بۆ ماوەی پێنج ساڵ
مەجید کەریمی: دەرکردن و دابڕاندنی هەمیشەیی لە خزمەتی دەوڵەتی
غەیاس نیعمەتی: دەرکردنی هەمیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکاری
شەهرام کەریمی: ٦ مانگ دابڕاندن لە خزمەت
لوقمان ئەڵڵامورادی: ساڵێک دابڕاندن لە خزمەت
سلێمان عەبدی: خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە دابەزاندنی دوو پلەی پیشەیی
ئومێد شامحەممەدی: دەرکردن و دابڕاندنی هەمیشەیی لە خزمەتی دەوڵەتی
هیوا قوڕەیشی: دەرکردن لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکاری
کاوە محەممەدزادە: دەرکردن لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکاری
پەرویز ئەحسەنی: دەرکردن لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکاری
مامۆستایەکی دیکەیش کە لەبەر هەندێ هۆکار ناوی ئاشکرا نەکراوە بڕیاری دەرکردنی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە بڕیاری «دەرکردن و دابڕاندنی هەمیشەیی لە خزمەتی دەوڵەتی» کە بۆ ئومید شامحەممەدی (ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی دیواندەرە) و مەجید کەریمی (ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنە) دەر چووە، بە واتای دەرکردنی تەواوی ئەم دوو مامۆستایە لە سیستەمی ئیداری و بڕینی سەرجەم مووچە و شایستە دەوڵەتییەکانیانە. بە گوێرەی ئەو سزایە، هەردوو مامۆستاکە تەنانەت لە مافی خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتییش بێبەش کراون.
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدا دەر کراون کە بەپێی مادەی ٢٦ی دەستووری ئێران، پێکهێنان و چالاکبوون لە ئەنجومەنە پیشەییەکاندا ڕێگەپێدراوە. بە گوێرەی ئەم مادەیە، «حیزب، کۆڕوکۆمەڵ، ئەنجومەنی سیاسی و پیشەیی و ئەنجومەنی ئیسلامی یاخود ڕێکخراوەی کەمینە ئایینییە دانپێدانراوەکان، ئازاد و ڕێگەپێدراون، بەو مەرجەی بنەماکانی سەربەخۆیی، ئازادی، یەکێتیی نەتەوەیی، پرەنسیبە ئیسلامییەکان و بنچینەی کۆماری ئیسلامی پێشێل نەکەن. کەس بۆی نییە ڕێگری لە بەشداریکردنی هاووڵاتییەک لەو ڕێکخراوانەدا بکات یاخود ناچاری بکات لە یەکیاندا بەشداری بکات».
لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – سنەدا ئاوا نووسراوە: «بەتایبەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا و دوابەدوای بەڕێوەچوونی خولی نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی مامۆستایانی سنە کە گوڵانی ١٤٠٣ (مەیی ٢٠٢٤) دوای نامەگۆڕینەوەی فەرمی لەگەڵ سەرۆکایەتیی پارێزگای کوردستان و بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو، گوشار و هێرشی زۆر کرایە سەر بەڕێوەبەرانی هەڵبژاردنەکە و یەکسەر دۆسیەسازی بۆ ئەندامانی هەڵبژێردراوی دەستەی بەڕێوەبەر کرا».
پارێزەر و یاساناسێک لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا سەبارەت بەو بڕیارانەی بۆ مامۆستایانی کوردستان دەر کراوە، وتی: «لەڕووی یاساییەوە ئەم بڕیارانە پێنج گرفتی سەرەکییان هەیە: یەکەم، هەندێ کەسی دیاریکراو وەک سەرۆکی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکاری و هاوکارانی ژێردەسەڵاتیان کە دوور لە چوارچێوە دروست و یاساییەکان دامەزرێنراون، بڕیاری قورسی ئیداریی وەک دەرکردنیان سەپاندووە. ئاوا ڕەوتێک نیشانەی زاڵبوونی دەسەڵاتی ڕێکخستنی و سیستەمییە بەسەر پرۆسەی دادوەریی دادپەروەرانەدا. دووەم، پرەنسیبی بێلایەنی پێشێل کراوە، چونکوو لە هەندێ حاڵەتدا کەسانی وەک نازمیی جەلالی، مودەبیر، سەحرایی، قائیمپەنا و شەمسیی کازمی بە ئاشکرا ئازاری دەروونیی مامۆستایانیان داوە. ئاشکرایە کاتێک سکاڵاکار خودی فەرمانگە بێت و دادوەریش هەر لە لایەن خۆیەوە هەڵبژێردرابێت، ناتوانین چاوەڕێی دادپەروەری بکەین».
ئەم یاساناسە لە درێژەدا زیادی کرد: «سێهەم گرفت بریتییە لە نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان بڕیارەکان و جۆری تۆمەتە هەڵبەستراوەکاندا، چونکوو ئەو تۆمەتانە دەچنە خانەی تۆمەتی سادە و ئاساییەوە. بە ئاستی چوارەم، لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا کە لە لایەن دەسەڵاتی ئیداری و پیاچوونەوەوە ئەنجام دراوە، لەباتیی بەڕێوەبردنی دانیشتنی ڕاستەقینە و ئاشکرا، تەنها پشت بە گۆڕینەوەی نامە و نووسراو بەستراوە. لە ئاوا دۆخێکدا ناتوانین هیچ هیوایەک لەسەر دادپەروەرانەبوونی پرۆسەی دادوەری لەژێر دەسەڵاتی کەسانی ناشارەزا بە کاروباری دادوەریدا هەڵچنین. ئاوا پرۆسەیەک زیاتر لەوەی پشتبەستوو بە یاسا بووبێت لەژێر کاریگەریی گرژییەکانی دوای ساڵی ١٤٠٠دا (٢٠٢١) بووە. لێکئاڵان و تێکەڵبوونی ئەم بارودۆخانە وای کردووە بەرپرسانی دەزگای پەروەردە هەرهەموو داواکاریی مامۆستایان بە لێکدانەوەیەکی ئاوەڵا ببەستنەوە بە پاڵپشتیکردنی خەڵکانی ناڕازیی دیکەوە، ئەمەیش بە ئاشکرا لە دەرکردن و پەسەندکردنی ئەو بڕیارانەدا دەوری ڕاستەوخۆی هەبووە».
بە وتەی ئەم شارەزایە، «پێنجەم گرفتی ئەم بڕیارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە هیچکامیاندا بنەما یاساییەکانی تۆمەتەکان بە ڕوونی دەستنیشان نەکراون. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە بڕیاردەران، دادوەری شارەزا بە بنەماکانی یاسا نیین، بەڵکوو کەسانێکی وەفادار و پابەند بە سیستەمن کە بچووکترین شارەزایی یاساییان نییە. هەر بۆیە لە دەقی بڕیارەکاندا لەباتیی بەڵگاندنی یاسایی تەنها پشت بە ڕستەی گشتی و نایاسایی بەستراوە».
لە نێو ئەو مامۆستایانەدا کە ئەم بڕیارانەیان بەسەردا سەپاوە، ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی، پێشتر لە ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١دا (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٢) بە هۆی چالاکیی پیشەیی و بەشداریکردن لە مانگرتنی پیشەیی مامۆستایاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران. ئەم چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایانی کوردستان دوای ٨٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدا، هەرکامە بە بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
هەروەها سلێمان عەبدی ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٢) لەبەر چالاکییە پیشەییەکانی دەستبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١دا (٢٥ی ژوەنی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم مامۆستا کوردە جارێکی تر لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا (١٩ی مارسی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. پاشان لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (١٠ی ئاوریلی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.
دەرکردنی ئەم سزا و بڕیارانە پەرچەکرداری بەربڵاوی لێ کەوتەوە. هەر دوابەدوای ئەو پەرچەکردارانە، هەواڵنێریی فارس کە سەر بە سوپای پاسدارانە، لە دووتوێی ڕاپۆرتێک و لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی دەرکردنی ژمارەیەک لە مامۆستایانی کوردستاندا، بەبێ ئاماژەکردن بە ناوەکانیان و بە دووپاتکردنەوەی سیناریۆسازییە هەمیشەییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان ڕایگەیاند کە «ئەم کەسانە لە ڕێگای بەکارهێنانی پێگەی پیشەیی خۆیانەوە هەوڵیان داوە بە داخستنی قوتابخانەکان، هەڕەشەکردن لە مامۆستایانی دیکە و مانگرتنی نایاسایی، زەمینە بۆ گرژی و تێکدانی پرۆسەی خوێندن خۆش بکەن. جیا لەمە، هەندێ تۆمەتی دیکەی وەک پێوەندیگرتن و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گرووپی پژاک لە ناوچە کوێستانییەکانی دیواندەرە، لەوانە چیاکانی سوڵتان و دووبرا و گوندی نەرگسڵە، لە بەڵگەنامەکاندا تۆمار کراوە».
ئەسکەندەر (سۆران) لوتفی، چالاکوانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «بە ڕای من ئەم جۆرە سەرکوتانە لە ڕاستیدا پەرچەکرداری حکومەتن لە بەرانبەر بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا. لە ماوەی ئەو بزووتنەوەیەدا خوێندەڤان و مامۆستایان دەورێکی بەرچاویان گێڕا و حکومەتیش لە ڕێگای جۆراوجۆری وەک دەستبەسەرکردنی مامۆستایان و ژەهراویکردنی قوتابیانەوە هەوڵی سەرکوتکردنیانی دا. جیا لەمە، حکومەت خۆی بە باشی ئاگادارە کە کوردستان پۆتانسیەلی جووڵەی ناڕەزایی و توانای ڕێکخستنی گەورەی هەیە، هەر بۆیە ئاستی سەرکوتکردنی مامۆستایان زیاتر پەرەی سەندووە».
بە گوێرەی بەڵگەنامە بەردەستەکان، ڕەوتی سەرکوتکردن و پەرەدان بە گوشارەکانی سەر مامۆستایانی چالاکی کورد، لەدوای سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یەوە توندتر بووەتەوە. جیا لەو ١٤ مامۆستایەی لە گەلاوێژی ١٤٠٤دا (ئاگۆستی ٢٠٢٥) بڕیاری سزادانیان پێ ڕاگەیەنرا، پێشتر هەندێ حاڵەتی دیکەیش ڕووی داوە. لەیلا سەلیمی، چالاکی پیشەیی مامۆستایانی خەڵکی سنە کە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ (٢٠٢٥) لە لایەن لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستانەوە لە کار دەر کرابوو، سزاکەی لە لیژنەی پیاچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریدا گۆڕدرا بۆ ٢ مانگ دابڕاندن لە کار.
لە گوڵانی ئەمساڵیشدا (ئاپریلی ٢٠٢٥) بڕیاری دەرکردنی سومەییە ئەختەرشومار، مامۆستای ٣٧ ساڵانی خەڵکی مەریوان کە پێشینەی ١٧ ساڵ مامۆستایەتیی لە دەزگای پەروەردە و فێرکاریدا هەیە، لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی دادی ئیداریی ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە. سومەییە ئەختەرشومار تۆمەتبار کرابوو بە «لایەنگریکردن و پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکان»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی سووکایەتیئامێز و هەواڵی درۆ دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «ئەندامبوونی چالاکانە لە کاناڵەکانی ئەنجومەنی پیشەیی نایاسایی مامۆستایاندا»، «داڕشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی وانەی زمانی ئینگلیزی بە ئاڕاستی پاڵپشتیکردندا لە ئاژاوەگێڕەکان» و «پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا».
هەروەها پازدە چالاکوانی پیشەیی مامۆستایان بە ناوەکانی فاتمه زەندکەریمی، نەسرین کەریمی، موختار ئەسەدی، محەممەدڕەزا مورادی، سەلاحەدین حاجیمیرزایی، بێهزاد قەوامی، سەیدغیاس نیعمەتی، ڕەزا تەهماسبی، ڕزگار حەیدەری، کووروش عیزەتیی ئەمینی، شەهریار نادری، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، مەجید کەریمی و فەیسەڵ نووری بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» بە مەبەستی دادگاییکردن لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا (٩ی ژوەنی ٢٠٢٥) بانگهێشتی بەردەم لقی ١٠٩ی دادگای کەتن (کەیفەری)ی دووی سنە کرابوون.
پێشتریش ، لە ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢)، سێ چالاکوانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە ناوەکانی ئەسکەندەر (سۆران) لوتفی، شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا دەستبەسەر کرابوون و سزای قورسی بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.
چالاکوانێکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «جیا لەو کەسانەی تا ئێستا حوکمەکانیان پەسەند کراوە و یەکلایی بووەتەوە و لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو کراوەتەوە، لانیکەم ٧٠ مامۆستای کوردی دیکەیش لە شارەکانی سەقز و سنە ڕووبەڕووی سزای وەک دابڕاندنی چەندمانگە لە خزمەت بوونەتەوە. بەمەیشەوە، لە کاتی ڕاگەیاندنەکانی بڕیارەکانەوە بە هاوکارەکانمان، پێیان وتراوە کە ئەگەر هەواڵەکە لە میدیاکاندا بڵاو نەکرێتەوە دەشێت دوای تانەلێدان سزاکە کەم بکرێتەوە. هەر ئەمەیش وای کردووە زۆربەی ئەو بڕیارانە بۆ ڕای گشتی بڵاو نەکرێنەوە».
ئەم چالاکوانە لە درێژەدا زیادی کرد: «بەپێی ئەزموونەکانی ڕابردوو، ئەم بەڵێنانە تەنها بۆ کڕینی کات و کەمکردنەوەی هەستیارییەکانە. لە حاڵەتەکانی پێشوودا ئەو ڕاستییە دەر کەوتووە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکان دوای تانەدان لە هەندێ بڕیاری دابڕاندنی یەکساڵە لە خزمەت، نەک سزاکەی کەم نەکردووەتەوە بەڵکوو قورستریشی کردووەتەوە بۆ دەرکردنی هەمیشەیی».
شیوا عامڵیڕاد، چالاکی پیشەیی مامۆستایان، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا سەبارەت بە ئاستی سەرکوتکردنی مامۆستایان لە کوردستاندا وتی: «بەراورد بە شوێنەکانی تری ئێران، ئاستی سەرکوتکردنی مامۆستایان لە کوردستاندا گەلێ توندترە، چونکوو کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە لە کوردستاندا هیچ ڕەوایەتییەکی نەبووە و تەنانەت لەگەڵ چالاکیی پیشەیی و یاساییشدا مامەڵەی ئەمنیی کردووە. جیا لەمە، بە هۆی کەڵەکەبوونی هەڵاواردن و ستەمە سیستەماتیکەکان و لێکگرێدراویی ئەمانە پێکەوە، حکومەت لە بەردەوامبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە داهاتوودا دەترسێت و هەر بۆیە دامودەزگا ئەمنییەکان هەڵ دەدەن بە سەرکوتکردنی مامۆستایان کەشی سیاسیی کوردستانیش دابخەن».
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە «لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکان»ی فەرمانگەی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستان بە مەبەستی هەڕەشەکردن، تۆقاندن و سەرکوتکردنی مامۆستایانی چالاک هاوکارییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی دەرەوەی ئەو فەرمانگەیەدا دەکات، لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران.
مامۆستایەکی ئاگادار لە کاروبارە ئیدارییەکانی فەرمانگەی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دەوری لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکان لە توندکردنەوەی ڕەوتی پێشێلکردنی مافەکانی مامۆستایاندا، وتی: «لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکان بووە بە کەرەستەیەک بە دەست دامودەزگا ئەمنییەکانەوە. ئەندامانی ئەم لیژنەیە مامەڵەیەکی بێڕێز و سووک و پڕ لە هەڕەشە و تەنانەت لێپرسینەوەئاسا لەگەڵ مامۆستایاندا دەکەن، لە هەندێ حاڵەتدا تەنانەت ڕاپۆرتیان لێ دەدەن بە دامودەزگا ئەمنییەکان. هەروەها کاتێک کە مامۆستایان بەشداری لە چالاکییە پیشەییەکاندا دەکەن، ئەو جۆرە چالاکیانە وەک تاوان لە قەڵەم دەدەن و دەستوور و پێشنیاری دامودەزگا ئەمنییەکانیان بۆ سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مامۆستایان جێبەجێ دەکەن».
هەر لەم بوارە و لە بەیاننامەیەکی جیاوازی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز و زێویەیشدا ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی فەرمانگەی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستان وەک «تەوربەدەستانی لیژنەی سەرپێچییەکانی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان» ناوزەد کراون.
وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر بڕیارەکانی دژ بە مامۆستایانی کوردستاندا، ژمارەیەک ئەنجومەن و ڕێکخراوەی پیشەیی مامۆستایان، لەوانە ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان و خانەنشینانی کرماشان، شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی گیلان، ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای فارس و شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان لە کۆمەڵەبەیاننامەیەکی جیاواز و لەگەڵ شەرمەزارکردنی سزادانی مامۆستایانی کوردستاندا، داوایان کردووە ئەو بڕیارانە دەسبەجێ هەڵبوەشێنەوە. ئەم ڕێکخراوانە هەروەها جەختیان کردووەتەوە لەسەر زەروورەتی گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ سەر کارەکانیان و کۆتاییهێنان بە ڕەوتی دۆسیەسازی بۆ مامۆستایان.
پێشتریش لە ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (فێبرییەی ٢٠٢٥) سێزدە ڕێکخراوەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وێڕای شەرمەزارکردنی توندی سەرکوتکردنی سیستماتیکی مامۆستایانی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا و پاڵپشتیکردن لە مافە پیشەیی و مەدەنییەکانیان، ڕایانگەیاندبوو کە سەرکوتکردنی مامۆستایانی کوردستان بەتەواوی هەنگاوێکی ئەمنییە. بە گوێرەی بەیاننامەکە، لە لایەکەوە مامۆستایان لەبەر شوناسی نەتەوەیی و کولتوورییان لەژێر چاودێریی توندوتۆڵی ئەمنیدان و لە لایەکی ترەوە بە هۆی داواکارییەکانیانەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافە مەدەنی، بنچینەیی و پیشەییەکانیان، ڕووبەڕووی سەرکوتکارییەکی چەندهێندە دەبنەوە.
لەم بەیاننامەیەدا هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دامودەزگا ئەمنییەکان و لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات، بەتایبەت لە پاش ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادییەوە، بە مامۆستایانی کوردستانیان وتووە تا کاتێک کە وشەی «هاوپشتی لەگەڵ خەڵکدا» لە بەیاننامەکانتان نەسڕنەوە و کۆتایی بە پێوەندییەکانتان لەگەڵ ئەنجومەنە مەدەنی و جەماوەرییەکاندا نەهێنن، وەکوو «هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی» پێناسەتان دەکەین. هەروەها وتوویشیانە کە پرسی مافی «پەروەردەی خۆڕایی و بێبەرامبەر» و «زمانی دایکی» کە لە دەستووری ئێراندا باس کراون، بابەتی «سیاسی»ن نەک «پیشەیی».
لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێکخراوە جیهانییەکان، لەوانە شۆرای یەکێتییە جیهانییەکان (CGU)، کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی یەکێتییە کرێکارییەکان (ITUC)، فیدراسیۆنەکانی یەکێتیی جیهانی (GUFs) و ڕێکخراوەی جیهانیی مامۆستایان (EI) پەرەسەندنی ڕەوتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سنووردارکردنەوەی ئازادییە مەدەنییەکانی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان و چالاکانی کرێکارییان لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە شەرمەزار کردووە.
سەپاندنی سزای قورس و بەربڵاو بەسەر مامۆستایانی کوردستاندا کە لێکەوتەی نیگەتیڤی سیاسی، کولتووری، ئابووری و دەروونیی بەرچاوی بۆ مامۆستایان، بنەماڵەکانیان، خوێندەڤانان و کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان بەدواوە بووە، نیشاندەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی هێشتا هەر پێداگرە لەسەر پێشێلکردنی مافە بنەماییەکانی مرۆڤ و تەنانەت دەستوورەکەی خۆیشی، ئەمەیش بە مەبەستی درێژەدان بە دەسەڵاتخوازی و قووڵترکردنەوەی ستەمە سیستماتیکەکان لە کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی لە کوردستاندا.
بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە پیشەیی و مەدەنییەکانی مامۆستایان لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە نەک لەسەر بنەمای پرەنسیبە یاسایی و دەستوورییەکان، بەڵکوو بەپێی مامەڵەیەکی ئەمنی و سەرکوتکارانەیە. ئەم تێڕوانینە ئەمنییە بەدەر لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییە مەدەنییەکان، ئاسەواری دەروونیی کوشندەی وەک پەرەسەندنی ترس و گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی بەسەر مامۆستایان و چالاکانی پیشەییدا سەپاندووە و زیاتر لە هەمیشە کاریگەریی کردووەتە سەر کەشوهەوای کەرتی پەروەردە و کۆمەڵگایش.