بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان
ئەم ڕاپۆرتە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنانەوە ئامادە کراوە و حاڵەتە بەربڵاوەکانی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی کورد لە ئێران لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ تا ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤ تا ٢٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥)، تۆمار و بەڵگەدار دەکات.
ئەم ڕاپۆرتە کە بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوەی ورد و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی تر ئامادە کراوە، حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردن، سەپاندن و جێبەجێکردنی سزا بەسەر ژنانی چالاکوانی کورددا، توندوتیژی و ژنکوشتن و هەروەها گردبوونەوە و مانگرتنە جەماوەرییەکانی دژ بە توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو لە کوردستاندا دەگرێتەوە.
پێویستە ئاماژە بەوەیش بکرێت کە بە هۆی ئاستەنگەکانی بەردەم کۆکردنەوەی زانیاری و وردەکارییەکان، قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و هەروەها هەڕەشە و گوشاری سەر قوربانیان و بنەماڵەکانیان، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. هەر بۆیە بێگومان ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی کورد ناگرێتەوە.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو و لە بەرانبەر توندوتیژی و ژنکوشتن و سزای لەسێدارەدانی ژنانی زیندانیی سیاسیی کورددا و هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنەوە، چەندین گردبوونەوە و مانگرتنی گشتی لە کوردستاندا بەڕێوە چووە.
دوای ڕووداوی کوشتنی دڵتەزێنی غەزاڵە حدوودی بە دەستی پیاوێک لە شاری سنە و لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بەم «ژنکوشتن»ـە، ڕۆژی ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی لە شوێنی کوشتنەکەیدا لە شاری سنە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانەیان پێک هێنا. بەشداربوان پلاکارد و لافیتەی «ژن، ژیان، ئازادی»یان بەرز کردەوە و لە بەرانبەر بەردەوامبوونی توندوتیژیی ڕێکخراوی دژ بە ژنان و دیاردەی ژنکوشتندا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.
لە هەنگاوێکی تردا، ڕۆژی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ژمارەیەک چالاکوانی ژن بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزیدا، لە بەردەم بینای پارێزگا (ئوستانداری)ی کوردستان لە شاری سنە گرد بوونەوە و داوایان کرد ئەم سزایە دەسبەجێ هەڵبوەشێتەوە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.
بەشداربوان وێنەکانی پەخشان عەزیزییان بەرز کردەوە و دژ بە سزای لەسێدارەدان دروشمیان وتەوە، پاشان بەیاننامەیەکیان خوێندەوە. لەم بەیاننامەیەدا جەختیان کردەوە کە سزای داسەپاو بەسەر پەخشان عەزیزیدا نەک تەنها هەڵگری هیچ ڕاستییەک نییە بەڵکوو نادادییەکی ئاشکرایشە لە بەرانبەر بەهاکانی مرۆڤایەتی و خزمەتە کۆمەڵایەتییەکانی خودی پەخشانیشدا.
هەروەها ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازێک لە لایەن حیزبە سیاسییەکانی کوردستانەوە بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی جەماوەری دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییە کوردەکانی تردا، مانگرتن و ناڕەزایی مەدەنی لە چەندین شاری کوردستاندا، بەتایبەت لە سنە، مەهاباد، سەقز و دیواندەرە، بەڕێوە چوو. هاوکات ٣٥ ژنەزیندانیی سیاسیی زیندانی ئێڤینیش وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەم مانگرتنە جەماوەرییە، مانیان لە خواردن گرت.
مانگرتنی بازاڕەکانی کوردستان لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە چوو کە لە ڕۆژانی پێشووتردا بە دەیان چالاکوان و هاووڵاتیی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، لێپرسینەوە و هەڕەشە بووبوونەوە و لە هەندێ شاریشدا شەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن کەوتبووە ڕێ. لە ڕۆژی مانگرتنەکەیشدا دەیان دووکان و شوێنی کاری هاووڵاتیان لەبەر بەشداریکردنی خاوەنەکانیان لە مانگرتنەکەدا لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانەوە نیشانیان لێ درا و داخران.
ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٧ی مارسی ٢٠٢٥) سەرەڕای هەموو گوشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، ژمارەیەک لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان لەگەڵ چالاکانی پیشەیی، کرێکاری و دایکانی ئاشتیدا، لە دەرەوەی شاری سنە گرد بوونەوە و یادی ئەم ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
بەشداربوان بە هەڵگرتنی وێنە و پۆستەری ژنانی زیندانیی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو سزایانەدا ڕاگەیاند و بە وتنەوەی کۆمەڵەدروشمێک بۆ پاڵپشتیکردن لە مافەکانی ژنان، جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی یەکسانیی تەواوی جێندەری و هەڵوەشاندنەوەی هەرچەشنە هەڵاواردن و نایەکسانییەک. لەم ڕێوڕەسمەدا کە هەندێ بەرنامەی دیکەی وەک شێعرخوێندنەوەیشی لە خۆ گرتبوو، بەیاننامەیەکیش خوێنرایەوە.
ئەم ڕێوڕەسمە لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە ڕۆژی پێشتری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ژمارەیەک چالاکوانی بواری ژنان و کرێکارانی بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردبوون کە هەرجۆرە هەوڵێکیان بۆ بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە گردبوونەوەکانی پەیوەست بە ڕۆژی جیهانیی ژنەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
دەستبەسەرکردنەکان
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٣ ژنی کورد لەبەر چالاکیی مەدەنی، فەرهەنگی، سیاسی، پیشەیی، بەشداریکردن لە گردبوونەوەی هێمنانە یان تەنانەت بەبێ ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتێکی دیاریکراو، دەستبەسەر کراون. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، دەستبەسەرکردنەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی بوون و کەسی دەستبەسەرکراو مافی وەرگرتنی پارێزەر و پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە. هەروەها گرتنەبەری هەندێ ڕێکاری وەک گوشارخستنەسەر بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەیش بینراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، زۆربەی دەستبەسەرکراون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام زیلان کەمانگەر، سیروان شاولە، شەیدا عەزیزی و نووشین (نەشمیل ڕەزایی) هێشتا لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان و لە زیندانەکانی سنە و ورمێ ڕاگیراون.
١. نازەنین ئەلیاسی، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٦ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٠ی ئاوریلی ٢٠٢٥) دوای نزیک بە چوار مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
٢. ئایدا عەموویی، ڕۆژی ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە و بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شوێنی کارەکەی کە هۆڵێکی وەرزشی بوو، دەستبەسەر کرا. ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) ئازاد کرا.
٣. پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان). بۆ ماوەی نزیک بە مانگێک لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانەدا ڕاگیرا و بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. دواجار لە ناوەڕاستی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (مارسی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
٤. بەفرین مەعرووفی، ڕۆژی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. دواجار ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
٥ و ٦. لەیلا پاشایی و باران ساعیدی، دوو ژنەچالاکوانی کورد و لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس (ڕۆژی جیهانیی ژن) لە شاری سنە، بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٩ و ١٠ی مارسی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. دواجار ڕۆژی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٥ی مارسی ٢٠٢٥) بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
ئەم دوو ژنەچالاکە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٦ی مەیی ٢٠٢٥) بانگهێشتی بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کران و دوو تۆمەتی نوێی «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت»یان ڕووبەڕوو کرایەوە. دادوەر ڕەمەزانی، لێپرسەوەی لقی ٢، هاوکات ڕێژەی بارمتەکەیشیانی زیاد کرد.
٧ و ٨. سوهەیلا مەتاعی و سۆما محەممەدڕەزایی، دوو ژنەچالاکوانی مەدەنی و لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس (ڕۆژی جیهانیی ژن) لە شاری سنە، ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی دێولان و سنە دەستبەسەر کران و لە کۆتایی ڕەشەمەدا (مارس) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
٩. شنۆ محەممەدی، ڕۆژی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٥) لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، ساحیب (ئاریڤان) شاکیری، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٩ی خاکەلێوە (٢٩ی مارس) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) ئازاد کرا.
١٠. فەرزانە ڕەشیدی، ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٦ی مەیی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بانە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. هاوکات هاوسەرەکەیشی، سامان کەریمی، لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. دواجار ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٧ی جولایی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
١١. ژیلا تەشەکوری، ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢١ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژ (٢٩ی ئاگۆست) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
١٢. مەهسا زارعی، چالاکی مەدەنی، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٥ی مەیی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک بە دانانی کەفالەت و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
١٣ و ١٤. ڕۆژین خۆران و ڕەعنا خۆران، دوو خوشکی خەڵکی شارۆچکەی «زێوە»ی سەر بە ناوچەی «مەرگەوەڕ»ی ورمێ، ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٦ی مەیی ٢٠٢٥) لەگەڵ خاڵێکیاندا بە ناوی جەلال فەڕوخی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران. ئەم هاووڵاتیانە پێشتریش بە بۆنەی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ورمێوە دەستبەسەر کرابوو.
١٥. شەیدا عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسراییلدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانیش گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان).
١٦. درەخشان ڕەحیمی، ڕۆژی ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٥) لەگەڵ هەردوو براکەیدا، زانیار و ئیدریس ڕەحیمی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. لە ماوەی دەستبەسەربووندا بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ کۆمەڵەدا لێپرسینەوەی لێ کرابوو. درەخشان ڕۆژی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) دوای ١٠٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) ئازاد کرا.
١٧. کلارا ڕەسوولی، ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٠ی جولایی ٢٠٢٥) لەگەڵ خدر ڕەسوولیی باوکیدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ و لە ماڵەکەی خۆیاندا لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا. سەرەتا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
١٨. ڕووناک دەشتی، ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٦ی جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کامێران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنە. دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) ئازاد کرا.
١٩. ڕوقیە (ژینۆ) کەریمی، ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان). دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
٢٠. گزینگ قازی، نووسەری خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی تاران، ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
٢١. نووشین (نەشمیل) ڕەزایی، ڕۆژی ٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری کامێران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. دوای چەند حەفتەیەک لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان). تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا ڕووبەڕووی کراوەتەوە.
٢٢. سیروان شاولە، ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. سیروان شاولە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (٤ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت کرابوو و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خرابووە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ کرابوو.
٢٣. زیلان کەمانگەر، ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری کامێران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.
سزاکان
دەزگا دادوەری و ئیدارییەکانی ئێران لەم ماوەیەدا بۆ لانیکەم ١٥ ژنی کورد سزای وەک بەندکران و لەسێدارەدان، دەرکردن لە کار یان خانەنشینکردنی زۆرەملێ و سزای دادوەری و ئیداریی دیکەیان بڕیوەتەوە یاخود بڕیارە پێشووەکانیان پەسەند کردووە.
١. بەفرین مەعرووفی، بەهاری ١٤٠٤ (٢٠٢٥) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سزای ٤ مانگ و ٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
٢. سومەییە ئەختەرشومار، مامۆستای خەڵکی مەریوان بە پێشینەی ١٧ ساڵ مامۆستایەتییەوە لە دەزگای پەروەردە و فێرکاریدا، گوڵانی ١٤٠٤ (ئاپریلی ٢٠٢٥) بەپێی بڕیاری یەکلاکەرەوەی لقی ٣١ی دیوانی دادی ئیداریی ئێران لە کار دەر کرا. ئەم مامۆستا کوردە بە کۆمەڵەتۆمەتێکی وەک «لایەنگریکردن و پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکان»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی سووکایەتیئامێز و هەواڵی درۆ دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «ئەندامبوونی چالاکانە لە کاناڵەکانی ئەنجومەنی پیشەیی نایاسایی مامۆستایاندا»، «داڕشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی وانەی زمانی ئینگلیزی بە ئاڕاستەی پاڵپشتیکردندا لە ئاژاوەگێڕەکان» و «پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا» تۆمەتبار کرابوو.
٣. سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و لە ئەندامانی دستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) سزاکەی لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران. ئەم مامۆستایە پێشتر لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
٤. لەیلا سەلیمی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان کە پێشتر و لە سەرەتای ١٤٠٣دا (٢٠٢٤) بەپێی بڕیاری لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستان لە کار دەر کرابوو، لە قۆناغی پیاچوونەوە و لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) سزای دوو مانگ دابڕاندن لە کاری بەسەردا سەپا.
٥. نەسرین کەریمی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان، سزای خانەنشینکردنی زۆرەملێی بە دابەزاندنی دوو پلەی پیشەیی و هەروەها لابردنی پۆستی جێگری قوتابخانەی بەسەردا سەپا و لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن دیوانی دادی ئیداریی ئێرانەوە پەسەند کرا.
٦. لەیلا زارعی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان، سزای خانەنشینکردنی زۆرەملێی بە دابەزاندنی یەک پلەی پیشەییەوە بەسەردا سەپا و لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن دیوانی دادی ئیداریی ئێرانەوە پەسەند کرا.
٧. پەخشان عەزیزی کە پێشتر بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە سزاکەی وەک خۆی پەسەند کرا.
٨. مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان، لە ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (فێبرییەی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکاندا بەبێ ڕەچاوکردنی حیجابی شەرعی» سزای ٨ مانگ بەندکران و پێبژاردنی یەک میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا.
٩ و ١٠. زارا محەممەدی و فاتمە زەندکەریمی، لەگەڵ پێنج چالاکوانی مەدەنیی دیکەدا، دوای بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانەدا دژ پەسەندکردنی بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، بانگهێشتی بەردەم لقی دووەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کران و دوای ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
١١. بەیان ساڵحیان، پزیشکی خەڵکی سەقز، ڕۆژی ٥ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٥ی ئاپریلی ٢٠٢٥) لە لایەن لقێکی دادگای تاوان (کەیفەری)ی ٢ی ورمێوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت و لە بەرژەوەندیی دژبەراندا» سزای ٥ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ١٥٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا.
١٢. سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی، ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٧ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی ٢ی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت و لە بەرژەوەندیی دژبەراندا» سزای ٣ مانگ بەندکران ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.
١٣. ئێلهام نادریی مونفەرد، هاووڵاتیی ٣٢ ساڵانی خەڵکی نۆدشە و دانیشتووی مەریوان، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەکردن بۆ ڕژێمی زایۆنیستی» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. لە کۆی سزاکە ٢١ مانگی هەڵپەسێردراوە و دوو مانگ و نیوی دەبێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
١٤. زەیتوون کۆهزادی، مامۆستای خوێندنگەی سەرەتایی فیردەوس لە جوانڕۆ و مێهری خەسرەویزادە، مامۆستای پەروەردەی هەمان خوێندنگە، دوای ئەوەی لەگەڵ خوێندەڤانەکانیاندا هەندێ سروودی نیشتمانیی کوردییان وتەوە و ڤیدیۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە، لە پۆستە ئیدارییەکانیان دوور خرانەوە و گوازرانەوە بۆ بەشی وانەوتنەوە.
١٥. شەیدا عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسراییلدا دەستبەسەر کرابوو، لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
جێبەجێکردنی سزا
لانیکەم ٥ ژنی کورد کە پێشتر سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی زیندانەکانی ورمێ و سنە کران.
١. سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، ڕۆژی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم مامۆستایە لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
٢. سروە شیری، خەڵکی گوندی «تەرەغە»ی بۆکان، ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت و لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا» ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو و ڕۆژی ١١ی گەلاڕێزانی ١٤٠٤ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرا.
٣. گەلاوێژ محەممەدیئەرشەد، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٢ ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٤ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو و دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرا.
٤. بەفرین مەعرووفی، ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٥ی مەیی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٤ مانگ و ٧ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم هاووڵاتییە کە پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو، ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرا.
٥. سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و لە ئەندامانی دستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، ڕۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٩ی ئاوریلی ٢٠٢٥) دوای سەردانکردنی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی ژنان)ی سنە کرا. ئەم مامۆستایە پێشتر لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دواتر لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) سزاکە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.
لەسێدارەدان
دوو ژنی خەڵکی ئیلام بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» و «بەشداریکردن لە کوشتنی بەئەنقەستدا» لە سێدارە دران. فەریدە جەعفەرزادە ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٣ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە زیندانی ناوەندیی ئیلام و میترا یاسینی ڕۆژی ٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) لە زیندانی ناوەندیی شیراز لە سێدارە دران.
ژنکوشتن
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ حاڵەتی ژنکوشتن کە ٥ حاڵەتیان کەسانی خوار ١٨ ساڵ بوون، بە هۆی توندوتیژیی پەیوەست بە تایبەتمەندیی جێندەرییانەوە و بە دەستی پیاوانی نزیکی قوربانیان (باوک، هاوسەر، زاوا یان داواکار) ڕووی داوە. لەنێو ئەم کوژراوانەدا سێ کەسیان دانیشتووی گوند و ئەوانی دیکە لە شارەکاندا ژیاون.
لەڕووی دابەشکردنی جوگرافییەوە، ١٦ ژن لە پارێزگای کرماشان، ٦ ژن لە پارێزگای ئیلام، ٥ ژن لە پارێزگای کوردستان و ٣ ژنیش لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کوژراون. هەروەها لەڕووی دۆخی خێزانییەوە ٢٢ کەسیان خێزاندار بوون، ٢ کەسیان لە هاوسەرەکانیان جیا بووبوونەوە، ٣ کەسیان زگورت و ٣ کەسیشیان منداڵ بوون.
بەپێی ئامارەکان، لە کۆی ئەم کوشتنانە لانیکەم ١٠ حاڵەتیان کوشتنی بنەماڵەیی بووە و جیا لە ژنانی قوربانی، ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیش بە ئامانج گیراون؛ لە هەندێ حاڵەتدا کەسەکانی تریش بریندار بوون و لە چەند حاڵەتێکدا گیانیان لە دەست داوە. هەروەها لانیکەم لە شەش دۆسیەدا بکوژەکان دوای ئەنجامدانی تاوانەکە دەستیان داوەتە خۆکوشتن و گیانیان لە دەست داوە.
لە کۆی ئەم ٣٠ ژن و کچە کوژراوە، ١٦ کەس بە دەستی هاوسەر، ٤ کەس بە دەستی داواکار، ٤ کەس بە دەستی زاوا، ٥ کەس بە دەستی باوک کوژراون. بکوژی یەک حاڵەتیش تا ئێستا ئاشکرا نەبووە.
لە ١٧ دۆسیەدا پاڵنەری کوشتنەکە دیار نییە و لە ڕاپۆرتەکاندا بە شێوەیەکی گشتی و ناڕوون باس لە «کێشەی خێزانی» کراوە. لە حاڵەتەکانی تردا، ٤ حاڵەت بە هۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری، ٦ حاڵەت بە هۆی داوای جیابوونەوە و حاڵەتێکیش بە هۆی کێشەی داراییەوە لەگەڵ هاوسەردا هۆکاری کوشتنەکان بوون. دوو کچی منداڵیش کوژراون؛ یەکیان بە هۆی پێوەندیگرتنی تەلەفۆنی بە دایکیەوە لەدوای جیابوونەوەی دایک و باوکی و ئەوی تریشیان بە هۆی دروستکردنی پێوەندییەوە لەگەڵ کوڕێکدا.
١.ژنێکی ٤٦ ساڵانی خەڵکی ئیلام کە ناسنامەی ڕانەگەیەنراوە، ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەقۆ کوژرا. بکوژ دواتر خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد و وتی لەبەر کێشەی خێزانی دەستی داوەتە کوشتنی هاوسەرەکەی.
٢. غەزاڵە حدوودی، ٢٨ ساڵان و دایکی منداڵێک، ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٤ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوای ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیریی خوازبینەکەی، بە دەستی ئەو پیاوە و لە دووکانی بەرگدوورییەکەی خۆیدا لە گەڕەکی نایسەری سنە ئاگری تێ بەر درا و دوو ڕۆژ دواتر بە هۆی قووڵبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
٣. سارا کەرەمی، دایکی منداڵێک، بەفرانباری ١٤٠٣ (ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقز کوژرا. سارا خەریکی پرۆسەی جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بوو. دەوترێت ئاسەواری شینبوونەوە لە لای ملی و خوێنلێچوونی گوێچکەی بەسەر جەستەیەوە بینراوە.
٤. کەوسەر دارابی، ١٨ ساڵان، ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١١ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوو مانگ دوای هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە کرماشان بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەکی گەرم کوژرا. پێش کوشتن بە سەختی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە ئەشکەنجە درابوو و ئاسەواری شینبوونەوە بە ئاشکرا بەسەر جەستەیەوە دیار بووە.
٥. زارا (زەهرا) شەهبازی، ٢٨ ساڵان، دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە ئیلام بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەکی گەرم کوژرا. زارا قوربانیی منداڵ-هاوسەری و هاوسەرەکەی گیرۆدەی مادەی هۆشبەر بوو و پێشینەی توندوتیژیی بنەماڵەییشی هەبووە.
٦ و ٧ و ٨. سیما مورادی، ٣٥ ساڵان و هەردوو کچە ٩ و ١٦ ساڵەکەی (ماهوور و زەینەب غوڵامی) ڕۆژی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە کرماشان بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەکی گەرم کوژران.
٩. کانی عەبدوڵڵاهی، ١٧ ساڵان، ڕۆژی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە گوندی «ماشکان»ی پیرانشار بە هۆکاری «دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ کوڕێکدا» بە دەستی باوکی و بە چەقۆ کوژرا. دەوترێت مامێکیشی ساڵی پێشووتر کچەکەی خۆی هەر بە هۆکاری «نامووسی» و بە هەمان شێوە کوشتبوو.
١٠. دونیا حسەینی، ٢٣ ساڵان و قوربانیی منداڵ-هاوسەری و هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا، ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٧ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە کرماشان و دوای ئەوەی داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی کرد، بە دەستی باوکی و بە چەقۆ کوژرا. هاوسەری ئەم ژنە بەردەوام ئەشکەنجەی دابوو و لە لایەن هاوسەری خوشکەکەیشیەوە ڕووبەڕووی هەراسانکردن و دەستدرێژیی سێکسی ببوویەوە.
١١. فەرزانە مورادی، ٣٠ ساڵان، دووگیان و دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٥) لە کووزەرانی کرماشان بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەکی گەرم کوژرا.
١٢. ئازیتا فەللاحی، ٣٦ ساڵان و دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٣ی ئاپریلی ٢٠٢٥) لە سونقوڕ بە دەستی هاوسەرەکەی دوای لێدان و ئەشکەنجەکردنێکی زۆر کوژرا. سەرەتا وترابوو کە ئازیتا خۆی کوشتووە، بەڵام دواتر پزیشکیی داد ڕایگەیاند کە کوژراوە.
١٣. ئایلار زاهیرپوور، ١٢ ساڵان، ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٣ی ئاپریلی ٢٠٢٥) لە گوندی «سورخەک»ی شاباد لەبەر تەلەفۆنکردن بۆ دایکی کە لە باوکی جیا بووبووەوە، بە دەستی باوکی و بە چەکی گەرم کوژرا. باوکی دوای کوشتنی ئایلار هەوڵی خۆکوشتنی دا و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
١٤. زارا (زەهرا) نوورمحەممەدی، ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٨ی ئاپریلی ٢٠٢٥) لە ئیلام لەگەڵ هەردوو منداڵەکەیدا بە دەستی هاوسەرەکەی کوژران. بکوژ پاشان خۆیشی کوشت.
١٥. گوڵاب فەرامەرزی، ڕۆژی ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاپریلی ٢٠٢٥) لە گوندی «کلێنە گۆران»ی داڵاهۆ بە دەستی هاوسەری کچەکەی بە چەکی گەرم کوژرا و بکوژ پاشان خۆیشی کوشت. دەوترێت بکوژ لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشی هەبوو و لە چەند مانگ پێشترەوە هاوسەرەکەی لە ماڵی دایک و باوکی دەژیا.
١٦ و ١٧. بەتوول محەممەدی، ڕۆژی ١١ی گوڵانی ١٤٠٤ (١ی مەیی ٢٠٢٥) لەگەڵ دایکی (فاتمە محەممەدی) و کوڕەکەیدا لە کرماشان بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەکی گەرم کوژران. لەم ڕووداوەدا دوو ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەیش بریندار بوون و بکوژ پاشان خۆیشی کوشت.
١٨. سەمیرا نووربەخش، ٣٧ ساڵان و دایکی منداڵێک، ڕۆژی ١٣ی گوڵانی ١٤٠٤ (٣ی مەیی ٢٠٢٥) لە کرماشان دوای ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری، بە دەستی داواکارەکەی و بە چەکی گەرم کوژرا.
١٩. ژنێک کە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە، ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٦ی مەیی ٢٠٢٥) لە کرماشان لەگەڵ براکەیدا بە دەستی هاوسەرەکەی کوژران. لەم ڕووداوەدا باوکیشی بە سەختی بریندار بوو.
٢٠ و ٢١. سەمیرا فەرهادی، دایکی دوو منداڵ، لەگەڵ هەردوو خوشکەکەیدا، سومەییە فەرهادی (١٧ ساڵان) و زەهرا فەرهادی، ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٣ی مەیی ٢٠٢٥) لە کرماشان لە لایەن هاوسەرەکەیەوە دەسڕێژیان لێ کرا و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا سەمیرا و خوشکە مێرمنداڵەکەی، سومەییە، گیانیان لە دەست دا. سەمیرا پێش ڕووداوەکە بە هۆی کێشەی قورسی خێزانییەوە بەتەما بوو لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە. بکوژ دوای دەسڕێژەکە و کوشتنی ئەو دوو ژنە و بریندارکردنی ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەکە، خۆیشی کوشت.
٢٢. مەحبووبە دلاوەری، ٤٢ ساڵان و مامۆستا، ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٢ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە ئاودانان لە دەمەقاڵەیەکی خێزانیدا کەوتە بەر پەلاماری هاوسەرەکەی و سەری بەر لێدان کەوت و گیانی لە دەست دا.
٢٣ و ٢٤. سدیقە ڕوستەمی و خوشکەکەی، لەیلا ڕوستەمی، ڕۆژی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢ی جولایی ٢٠٢٥) لە ئیلام بە دەستی هاوسەری سدیقە کە تازە لە زیندان ئازاد بووبوو، بە چەکی گەرم کوژران. بکوژ پێشینەی توندوتیژیی خێزانیی هەبوو و سدیقە لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوو. بکوژ دوای کوشتنی ئەو دوو ژنە و بریندارکردنی ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەکە، خۆیشی کوشت.
٢٥. موحەدەسە میرزایی، ٣٠ ساڵان و دایکی منداڵێک، ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٣ی جولایی ٢٠٢٥) لە کرماشان لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە بیانووی وتووێژکردن لەسەر گەڕانەوە بۆ ژیانی هاوبەش داوای دیداری لێ کرا و لە شوێنی دیدارەکەدا هەر بە دەستی ئەو پیاوە کوژرا. بکوژ پاش ئەنجامدانی تاوانەکە خۆیشی کوشت.
٢٦. چنوور عەباسی و هاوسەرەکەی، ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٧ی جولایی ٢٠٢٥) لە دێولان بە دەسڕێژی گوللە و هەروەها پەلاماری چەقۆ کوژران، بکوژ داوای لە چنوور کردبوو لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە و لەگەڵ ئەو هاوسەرگیری بکات، بەڵام ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی دەستی دایە ئەو تاوانە.
٢٧. سورەییا عەلیمحەممەدی، ٣٢ ساڵان و دایکی منداڵێک، ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە سەقز دوای هەڕەشەی بەردەوام سەبارەت بە جیابوونەوە، بە دەستی هاوسەرەکەی ئاگری تێ بەر درا و گیانی لە دەست دا.
٢٨. شەهلا کەریمیانی، ٣٨ ساڵان و دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە مەهاباد دوای تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەختی توندوتیژیی خێزانی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە و بە هاوکاریی برای هاوسەرەکەی، لە ڕێگای «خنکاندن بە لەچک» کوژرا. تەرمەکەی بە نهێنی ئەسپەردەی خاک کرابوو و دواجار پاش چەند ڕۆژێک شوێنی ئەسپەردەکردنەکەی دۆزرایەوە.
٢٩. لەیلا عەلیڕەمایی، ٤٢ ساڵان و دایکی دوو منداڵ، ڕۆژی ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە مەریوان بە دەستی پیاوێکی دراوسێ ماڵی بە دەسڕێژی گوللە کوژرا. ئەو پیاوە داوای لێ کردبوو لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە و لەگەڵ خۆی هاوسەرگیری بکات، بەڵام لەیلا داواکارییەکەی ڕەت کردبووەوە و هەر بۆیە بە دەستی ئەو پیاوە کوژرا.
٣٠. نەمام فەرنووش، ٤٢ ساڵان، ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە مەهاباد بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەکی گەرم کوژرا. خالید فەرنووشی باوکیشی لەم دەسڕێژەدا کوژرا. نەمام پێش ئەوەی بکوژرێت بە هۆی کێشەی قووڵی خێزانییەوە بە شێوەی فەرمی لە دادگا داوای جیابوونەوەی تۆمار کردبوو.
زیندانیانی سیاسی
لە ئێستەدا لانیکەم ٩ زیندانیی سیاسیی ژنی کورد لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا بەند کراون و دوو کەسیان لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەداندان. چالاکوانێکی دیکەیش پاشماوەی سزاکەی بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە و لەژێر چاودێریی دادوەریدا لە دەرەوەی زیندان تێ دەپەڕێنێت.
١. زەینەب جەلالیان، کۆنترین و تاکەژنی زیندانیی سیاسی بە سزای بەندکرانی هەتاهەتاییەوە لە ئێراندا، هەژدەیەم ساڵی بەندکران لە زیندانی ناوەندیی یەزددا تێدەپەڕێنێت. ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٣٨٦ (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) لە کرماشان دهستبهسهر كرا و دوای چەندین مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی و لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە سەرەتا سزای لەسێدارەدان و پاشان سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا.
٢. پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و ئێستە لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە. دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای «چالاکی و تێکۆشانی کاریگەرەوە بە کەڵکوەرگرتن لە چەک بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی گرووپگەلێک کە لە بەرانبەر حکومەتی ئیسلامیدا شۆڕشی چەکداری دەکەن و ڕێبەرایەتییەکەیان هێشتا کارایە» سزای لەسێدارەدان و هەروەها بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی وڵاتدا» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاندووە. سزای لەسێدارەدانەکەی لە بەفرانباری ١٤٠٣ (ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە دیوانی باڵای ئێران پەسەند کرا و دوای ماوەیەکی کورت، داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەیشی لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.
٣. وریشە مورادی، خەڵکی سنە، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی شاری سنە دەستبەسەر کرا و ئێستە لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە. دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.
٤. سەکینە پەروانە، خەڵکی قووچان، ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٤ی ئاپریلی ٢٠٢٣) بۆ چەندەمین جار لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە مەشهەد دەستبەسەر کرا و ئێستە لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە. لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەدەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە گشتی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
٥. سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و لە ئەندامانی دستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، لە ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ەوە (١٩ی ئاوریلی ٢٠٢٥) لە زیندانی ژنانی سنەدایە. لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا، دوای تانەدان لە بڕیارەکە و پێشکەشکردنی داوای پیاچوونەوە، لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) ئەو سزایە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.
٦.ژیان (سەیران) ئاغاج، زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی تورکیا، پاییزی ١٤٠١ (٢٠٢٢) لە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای ٥ مانگ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ساڵی ١٤٠٢ (٢٠٢٣) بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و حوکمەکە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.
٧ و ٨. ڕۆژدا سەعدوون و سەفیە تورسو لەگەڵ هاوسەرەکانیان، مەزڵووم ئارلی و فەسیح کاراتاش، هەروەها دوو منداڵە بچووکەکانیان، پێشتر وەکوو پەناخوازی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەژیان. ئەم دوو بنەماڵەیە ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٤) لە ڕێگای کۆچبەری بۆ ئەرمەنستاندا، لە شاری تەورێزی ئێران دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان. ئەوان دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان سەرەتا ڕەوانەی زیندانی سنە کران و پاشان لە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) گوازرانەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.
ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە لە جۆزەردانی ١٤٠٤دا (مەیی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» هەرکامە سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا. لە گەلاوێژی ١٤٠٤دا (ئاگۆستی ٢٠٢٥) بەرپرسانی زیندان دوو منداڵە کەمتەمەنەکەی ئەم ژنانەیان لێ سەندنەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کردنەوە کە لە وڵاتی تورکیا دەژین؛ بە بیانووی ئەوەی تەمەنیان گەیشتووەتە سێ ساڵان و بەپێی یاسا نابێ چیدی لە زینداندا بمێننەوە.
٩.شەیدا عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسراییلدا دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کرا. لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
١٠. هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاری، ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کرا. ئەم ژنە کوردە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو کە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران.
هاجەر پێشتریش لە گەلاوێژی ١٣٩٩دا (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا (کۆمەڵە) و هەروەها بەشداریکردن لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانە و پێوەندیگرتن لەگەڵ چالاکانی کرێکاریدا، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی چوار ساڵی بەسەردا سەپابوو.
هەجەر سەعیدی دوای نزیکەی ساڵێک مانەوە لە زینداندا، بە هۆی کارابوونەوەی سزای هەڵپەسێردراوی پێشوویەوە بە پێبەندی ئەلێکترۆنی و لەژێر چاودێریی دادوەریدا لە زیندان ئازاد کراوە.