پێشەکی

لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ شەڕی ئامریکا-ئیسراییل و ئێراندا، تەنانەت لە قۆناغی ئاگربەستدا کە زیاتر لە مانگێکی لێ تێ پەڕیوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە پرۆکسییە گرێدراوەکانی لە وڵاتی ئێراق، شەپۆلێکی بەربڵاوی هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە. بەشی هەرەزۆری ئەم هێرشانە کە لە لایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە ئەنجام دراون، مقەڕ و بارەگای حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێران و کەمپەکانی پەنابەران و پەناخوازانیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر کردووەتە ئامانج.

جیا لە ئەندامانی حیزبەکانی کوردستان، بنەماڵەکانیشیان هەر لەم کەمپانەدا دەژین، زۆربەی ئەو بنەماڵانە لەسەر بنەمای کۆنڤانسیۆنی ژێنێڤ لە دۆخی پەنابەریدان و لە لایەن کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو پەناخواز یان پەنابەر ئەژمار دەکرێن. هەروەها لەم کەمپانەدا ناوەندی پەروەردە و پزیشکی بۆ دانیشتوان دروست کراوە، بەڵام بەشی هەرەزۆری ئەو ناوەندانە لە هێرشەکاندا زیانیان بەر کەوتووە یان بەتەواوی ڕووخاون.

لە ساڵانی ڕابردوویشدا، لەوانە لە ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) و لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، ئەم جۆرە هێرشانە بەردەوام ئەنجام دراون. بەڵام هاوکات لەگەڵ شەڕی ئەم دواییانەدا ئاست و ڕێژە و بەردەوامیی هێرشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە ئەنجامی هێرشەکانەدا دەیان کەس گیانیان لە دەست داوە یان بریندار بوون و سەدان کەسیش بە ناچار شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ هێشتووە.

پێشینەی مێژوویی

حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی دەوڵەتی ئێران کە لە کۆتایی شەستەکانی هەتاوییەوە (هەشتاکانی زایینی) دوابەدوای گوشارە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی کوردستانی ئێرانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان پاشەکشەیان کرد، لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا سەرباری خۆدوورگرتن لە پێکدادانی سەربازیی بەربڵاو لەگەڵ حکومەتی ئێراندا، هەمیشە بوونەتە ئامانجی چالاکییە سنووربەزێنەکان و هێرشە سەربازییەکانی ئێران. هێرشەکان ڕووبەرێکی بەربڵاویان گرتووەتەوە، لە تیرۆر و ڕفاندنەوە تا بۆمبدانان، تۆپباران و هێرشی ئاسمانی، مووشەکی و درۆنی.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی عەبدوڕەحمانی بروومەند، تەنها لە نەوەدەکان (١٩٩٠) و لە هەرێمی کوردستاندا بە لایەنی کەمەوە ٣٨٠ حاڵەتی تیرۆر و ڕفاندنی ئەندامان و کادێرانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە دەستی هێزە چالاکەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکان، تۆمار و بەڵگەدار کراوە[1].

لە دەیەکانی ڕابردوودا، «قەرارگای ڕەمەزانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی» و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکاندا، بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی جۆراوجۆری ئەمنی و سەربازی، ئەندام و کادێرانی حیزبە کوردییەکانیان کردووەتە ئامانج. هەر لە بەردەوامیی ئەو چالاکیانەدا، هێرشی تۆپخانەیی و بۆردومانی ئاسمانیی بارەگا و کەمپەکانی ئەو حیزبانەیش بوون بە بەشێک لە ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە ساڵانی ١٣٧٣ و ١٣٧٥دا (١٩٩٤ و ١٩٩٦) بارەگاکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە «دەشتی کۆیە»ی سەر بە پارێزگای هەولێر لە ڕێگای فڕۆکەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی و تۆپخانەی سوپای پاسدارانەوە بۆردومان کران.

لەم قۆناغەدا، حیزبە کوردییەکان (حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە – ڕێکخراوەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) تا ڕادەیەکی زۆر وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا و لە هەندێ کەمپ و بارەگا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر نیشتەجێ بوون. سەرباری ئەمەیش، تیرۆرەکان و چالاکییە ئەمنییەکانی ئێران هەر بەردەوام بوون. ساڵی ١٣٩٠ (٢٠١١) هێزەکانی سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر ناوچە کوێستانییەکانی «قەندیل» لە سنووری نێوان ئێراق، ئێران و تورکیا کە لەژێر کۆنترۆڵی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)دا بوون. هاوکاتیش هەندێ لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان هەر لەو ناوچەیەدا تۆپباران کرا.

سووڕێکی نوێی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبە کوردییەکان لە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) و بە هێرشێکی مووشەکییەوە بۆ سەر بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) دەستی پێ کرد و لە ساڵانی دواتردا بە کەڵکوەرگرتنی بەربڵاو لە درۆنی خۆکوژ و شەڕکەر پێی نایە نێو قۆناغێکی نوێوە. لەو کاتەوە تا ئێستە بارەگا و مقەڕ و کەمپەکانی سەر بەو حیزبانە لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بوونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسداران.

دوابەدوای سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ٢٠٢٢دا و بەڕێوەچوونی شەپۆلێکی بەربڵاوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، قۆناغێکی نوێی گوشار و هێرش بۆ سەر حیزبەکان دەستی پێ کرد. لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا واژۆ کرا. ئەگەرچی وردەکارییەکانی ئەو ڕێکەوتننامەیە تا ئێستا بە ڕوونی ئاشکرا نەکراون، بەڵام بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە، بنەما سەرەکییەکانی بریتین لە چەککردنی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێران و توندکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر پەناخوازان و پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.

هەر بەپێی ئەم ڕێکەوتننامەیە، لەژێر چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق، کەمپێکی نوێ لە ناوچەی «سوورداش»ی پارێزگای سلێمانی بۆ بەشێک لە بنەماڵەکانی ئەندامانی هەرسێ لقە سەرەکییەکەی کۆمەڵە کرایەوە و ئەو بنەماڵانە لەوێ نیشتەجێ کران. لە ساڵی ١٤٠٤یشدا (٢٠٢٥) ژمارەیەکی تر لەو بنەماڵانە ڕەوانەی کەمپەکە کران. سەرباری هەموو ئەمانەیش، لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕەکەی ئەم دواییەدا ماڵی پەناخوازان و پەنابەرانی دانیشتووی ئەو کەمپە بەردەوام بە مووشەک و درۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆردومان کراون.

بارودۆخی ئێستا

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆی کردوونەتەوە، لە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧)ـەوە تا ئێستە لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا بۆ سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا، ٤٤ کەس گیانیان بەخت کردووە و بە دەیان کەسی دیکەیش بریندار بوون.

دوای دەسپێکردنی شەڕی ئامریکا-ئیسراییل لەگەڵ ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا (٢٨ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی بەربڵاوترەوە و سەرەڕای ئاگربەستی نێوان لایەنەکانی ئەو شەڕە، هێرشەکانی سەر کوردستان ڕانەگیراون و درێژەیان هەیە.

حیزبە کوردییەکان بەردەوام داوایان کردووە پاڵپشتی و پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ کەمپە مەدەنییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و پەنابەران دابین بکرێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامودەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە هیچ هەنگاوێکی کردەیی کاریگەریان بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە هەڵ نەگرتووە.

«هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» ڕۆژی ١٠ی گوڵانی ١٤٠٥ (٣٠ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای شەڕەکەوە هەتا ئەو ڕۆژە زیاتر لە ٧٠٠ جار سەروەریی ئێراقی پێشێل کردووە و بە شێوەیەکی بەردەوام هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. بە گوێرەی بەیاننامەکە، زیاتر لە ١٥٠ هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دراوە کە بووەتە هۆی گیانبەختکردنی لانیکەم ٢١ کەس، ١٠ کەس لەم گیانبەختکردوانە ئەندام و هێزی حیزبەکانی ناو هاوپەیمانییەکە بوون.

هاوپەیمانییەکە هاوکات ئاماژەی بەوەیش داوە کە کردنەئامانجی کۆنسووڵخانەکان، کەمپە سیاسییەکان و ناوچە مەدەنییەکان لە هەرێمی کوردستاندا پێشێلکردنی ئاشکرای کۆنڤانسیۆنی ژێنێڤە و دەبێ وەک «تاوانی شەڕ» لە قەڵەم بدرێت، هەروەها داوای لە دەوڵەتەکان، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەییەکانیش کردووە لە بەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی ئێراندا هەڵوێستێکی ڕوون، بەرپرسیارانە و ڕێگریکەر بگرنە پێش.[2]

فەرمانگەی میدیا و پێوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕۆژی ٥ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢٥ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای شەڕی ئامریکا و ئیسراییلەوە لەگەڵ ئێراندا تا ئەو کاتە، واتە لە ٢٨ی فێڤرییەوە تا ٢٠ی ئاڤریلی ٢٠٢٦، ٨٠٩ هێرشی سەربازی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٢٠ کەس کوژراون و ١٢٣ کەس بریندار بوون، هەروەها ماڵ و کەلوپەل و شوێنی کار و ئۆتۆمبێلی سەدان هاووڵاتیی دیکەیش زیانیان بەر کەوتووە. بە گوێرەی بەیاننامەکە، هەرێمی کوردستان لە ڕیزی سەرەوەی ئەو ناوچانەدا بووە کە سەرباری بەشدارینەکردن لە شەڕەکەدا زیاترین زیانی گیانی و دارایی بەر کەوتووە.[3]

هێرشەکان تەنها بۆ سەر مقەڕ و بارەگای حیزبەکانی کوردستانی ئێران نەبووە، بەڵکوو هەندێ ناوەندی سەربازی، ئیداری و تەنانەت ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەشت پێشمەرگە و دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە پارێزگای هەولێر گیانیان بەخت کردووە.

ئەگەرچی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان تا ئێستە خۆیان لە هەرجۆرە چالاکییەکی سەربازی دژ بە کۆماری ئیسلامی بواردووە، بەڵام هێرشەکان تا ئێستەیش درێژەیان هەیە و بەرپرسی کۆنسووڵخانەی ئێران لە شاری سلێمانی چەند حەفتەیەک لەمەوپێش پاڵپشتیی لە هێرشەکان کردبوو.

هێرشەکان و گیانبەختکردوان

قۆناغی نوێی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسداران لە ڕۆژی ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ـەوە (٢ی فێڤرییەی ٢٠١٨) بە ئاڕاستەکردنی سێ مووشەک بۆ سەر بارەگای «پاکشار»ی پارتی ئازادیی کوردستان دەستی پێ کرد.

ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ (٨ی سێپتامبەری ٢٠١٨) سوپای پاسداران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگای دەفتەری سیاسیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، لەو کاتەدا پێلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە بەڕێوە دەچوو و لە ئەنجامی هێرشەکەدا ١٥ ئەندام و کادێری سەرکردایەتیی حیزبەکە گیانیان بەخت کرد: کەریم مەهدەوی، ئیبراهیم ئیبراهیمی، نەسرین حەداد و ڕەحمان پیرۆتی (ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب)، سوهەیلا قادری و هاشم عەزیزی (ئەندامانی جێگرەوەی کۆمیتەی ناوەندی)، کەریم ڕەسوولزادە (مام شێرکۆ)، هاوڕێ کارساز (هاوڕێ شێخانی)، عوسمان عوسمانی، پێشەوا سەیدعومەر، جەمال ئەکبەری، مەنسوور ئەکبەرپوور، موختار قادرپوور، فارووق حەسەنخانی و محەممەد حەسەنپوور.

هاوکات لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر بارەگای حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، دوو ئەندامی ئەم حیزبە بە ناوەکانی موختار قادرپوور و فارووق حەسەنخانی گیانیان بەخت کرد.

شایانی باسە لەو کاتەدا حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لەژێر دوو ناو و دوو ڕێکخستنی جیاوازدا کاریان دەکرد و دواتر یەکیان گرتەوە و لەژێر هەمان ناوی سەرەکیدا، واتە «حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران»، درێژەیان بە چالاکی داوە.

ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) بە درۆن و چەکی دوورمەودا زنجیرەهێرشێکی بەربڵاو کرایە سەر بارەگای دەفتەری سیاسیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و کەمپی بنەماڵەکانی سەر بەم حیزبە. لەم هێرشانەدا هەشت کەس گیانیان بەخت کرد: عومەر مەحموودزادە، هاجەر زەرگە، عوسمان فەیزی، محەممەد خەلیلی، ڕێحانه کەنعانی، وانیار ڕەحمانی (منداڵی ساوا)، میلاد پیرساحێب و شێرکۆ بەرتەنی. هاوکات بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستانیش کەوتنە بەر هێرشی بەربڵاوی مووشەک و درۆنەکانی ئێرانەوە. ئەم هێرشانە بە ١٨ مووشەک و ١٠ درۆن ئەنجام دران و لە ئەنجامدا ٩ ئەندامی ئەم حیزبە گیانیان بەخت کرد و ٢٦ کەسی دیکەیش بریندار بوون.

ناونیشانی گیانبەختکردوان بەم جۆرەیە: ئێحسان فەرەجی، ئومێد نیکدڵ، یوونس غەیاسی، ئاروین سوهرابی، یەدوڵڵا نووریی‌سابت، سەعید ئومێدی، ئیدریس ئەمجەدی، کامران ڕوستەمی و ساسان شەریعەتی.

ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٢١ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە ئەنجامی سێ هێرشی درۆنیی دیکەدا بۆ سەر مقەڕەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەندامێکی ئەم حیزبە بە ناوی مزەفەر محەممەدزادە گیانی بەخت کرد و کەسێکی دیکەیش بریندار بوو.

ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٥ی مارسی ٢٠٢٦) جەلال ڕەشیدی بە ناوی ڕێکخراوەیی «کاوان»، لە ئەندامانی پارتی ئازادیی کوردستان، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی سوپای پاسداراندا بۆ سەر ناوچەی «دێگەڵە» لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر گیانی بەخت کرد.

ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٧ی مارسی ٢٠٢٦) ئیسماعیل ڕەحیمی (ئاکۆ) لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی سوپای پاسداراندا بۆ سەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی «زڕگوێزەڵە»ی پارێزگای سلێمانی گیانی بەخت کرد و ئەندامێکی دیکەی ئەم حیزبەیش بریندار بوو.

ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١١ی مارسی ٢٠٢٦) ئومێد وەیسی لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی سوپای پاسداراندا بۆ سەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی «زڕگوێزەڵە»ی پارێزگای سلێمانی گیانی بەخت کرد و دوو ئەندامی دیکەی ئەم حیزبەیش بریندار بوون.

ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٣ی مارسی ٢٠٢٦) بارەگایەکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە بەرزاییەکانی «باشیک» کەوتە بەر هێرشی درۆنییەوە و لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو ئەندامی ئەم حیزبە بە ناوەکانی ئێقباڵ ساڵحی و فەخرەدین مورادی گیانیان بەخت کرد و چوار کەسی دیکەیش بریندار بوون.

ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (١٦ی مارسی ٢٠٢٦) بە درۆن و کوادکۆپتەر بە لایەنی کەمەوە هەشت هێرش کرایە سەر بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کەمپی «سوورداش»ی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئەندامێکی ئەو حیزبە بە ناوی غەزاڵ مەولان گیانی بەخت کرد و دوو کەسی دیکەیش بریندار بوون.

ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (١٧ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) لە ئەنجامی هێرشی درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ سەر کەمپەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پارێزگای هەولێر دوو ئەندامی ئەم حیزبە بە ناوەکانی نێدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری لەگەڵ منداڵی ئەندامێکی حیزبدا بە ناوی شاهین ئازەربەرزین گیانیان بەخت کرد و دوو ئەندامی دیکەیش بریندار بوون.

داواکاری بۆ دەستپێشخەری و هەنگاوی بەپەلە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هاوکات لەگەڵ شەرمەزارکردنی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ سەر بارەگاکان و شوێنی نیشتەجێبوونی پەناخوازان و پەنابەرانی سیاسی و ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی حکومەتی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا، لە دامودەزگا بەرپرسیارە ئێراقی و جیهانییەکان داوا دەکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بگرنە بەر. بۆ ئەو مەبەستەیش ئەم ڕاسپاردانەی خوارەوە دەخەینە بەردەست:

ـ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ دەسبەجێ کۆتایی بە هێرشی مووشەکی، درۆنی و هەرجۆرە چالاکییەکی سەربازی دژ بە بارەگاکان، کەمپەکان و شوێنەکانی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا بهێنێت و پابەند بێت بە هەموو بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا؛

ـ دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ بەرپرسایەتیی خۆیان لە پاراستنی گیان و ئاسایشی پەناخوازان و پەنابەرانی سیاسیی دانیشتووی ئەو بارەگا و کەمپانەدا قبووڵ بکەن و ڕێوشوێنی کرداری و خێرا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بگرنە بەر؛

ـ ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەت کۆمیساریای باڵای پەنابەران و لیژنەی بریکارانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتی ئێراقدا، دەبێ بەردەوام چاودێریی بارودۆخی ئەمنیی بارەگا و کەمپەکانی پەناخوازان و پەنابەرانی سیاسیی کوردی ئێران بکەن و ڕێوشوێنی کارامە و کاریگەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی بگرنە بەر؛

ـ شۆرای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردە تایبەتە پێوەندیدارەکان، لەوانە نێردەی تایبەت بۆ بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا و نێردەی تایبەت بۆ پرسی لەسێدارەدانی سەروویاسایی، دەبێ ئەم هێرشانە وەکوو پێشێلکردنی جیدیی یاسای نێودەوڵەتی تاوتوێ بکەن و سەبارەت بە لێکەوتەکانی بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی و پەنابەران لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ ئەنجام بدەن؛

ـ کۆمەڵگەی جیهانی و هەموو ئەو دەوڵەتانەی پێوەندیی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، دەبێ بە پشتبەستن بە ڕێوشوێنە دیپلۆماتیک و یاساییەکان و لە پێناو کۆتاییهێناندا بە هێرشەکان و ڕێزگرتن لە مافی هاووڵاتیانی مەدەنی، گوشاری کاریگەر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران؛

ـ سەرجەم هێرشەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، کەمپەکانی پەنابەران و ناوەندە پزیشکی و پەروەردەییەکان دەبێ بە شێوەی سەربەخۆ، ڕوون و بێلایەنانە تۆمار و لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت و بەرپرسان و بکەرانی ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکاندا بکەونە بەر لێپێچینەوەی یاساییەوە؛

ـ دامودەزگا نێودەڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری و بەهاناوەچوون دەبێ پاڵپشتیی مرۆڤدۆستانە، پزیشکی و دەروونیی پێویست بۆ بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان، برینداران و هەموو ئەو هاووڵاتیانە دابین بکەن کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا ناچار بوون ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و بگوێزنەوە بۆ شوێنی دیکە.

سەرچاوەکان:

١. تیرۆر و ڕفاندنی لانیکەم ٥٤٠ ئێرانی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە دەرەوەی وڵاتدا (بە زمانی فارسی):

٢. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: هێرشەکانی تاران تاوانی شەڕ و هەوڵدانن بۆ مانەوە (بە زمانی فارسی):

٣. حکومەتی هەرێمی کوردستان: ٨٠٩ هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و ٢٠ شەهید و ١٢٣ بریندار هەن (بە زمانی کوردی):