ڕاپۆرتی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی شەردا
هێرشی درۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان؛ ئەندامێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گیانی بەخت کرد
دوانیوەڕۆی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (١٤ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئامریکا و ئێراندا، کەمپی سوورداشی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستان کەوتە بەر هێرشی درۆنەکانی ئێرانەوە. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا سێ ئەندامی ئەم حیزبە بریندار بوون، یەکێک لە برینداران بە ناوی غەزەڵ مەولایی دوای ئەوەی ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکی لە شاری سلێمانی کرا، بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد.
گیانبەختکردنی شەش پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێراندا
بەرەبەیانی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٦) بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیک شاری سۆرانی پارێزگای هەولێر کەوتە بەر هێرشی شەش مووشەکی باڵستیکی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە و لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا شەش پێشمەرگە گیانیان بەخت کرد و ٣٠ کەسی دیکەیش بریندار بوون. وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی گیانبەختکردوانی کەیوان موزەفەر قادر، شەهاب بێخشاشی، زکری شاکر بێخشاشی، ڕامین عادل ئۆرماری، پشتیوان مەلامووسا و ڕێبەر عەبداڵ ئەحمەد ڕاگەیاندووە.
لە سەرەتای شەڕەکەوە تاکوو ئەمڕۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن سوپای پاسداران و هێزە پرۆکسییەکانیەوە لە ناو ئێراقدا کراونەتە ئامانجی درۆن و مووشەک. لە ئەنجامی هێرشەکانی پێشووتریشدا پێنج ئەندامی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان گیانیان بەخت کردووە و چەندین کەسی دیکەیش بریندار بوون.
قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچە شاخاوییەکاندا و ڕەوانەکردنی هێزە تایبەتەکانی سوپای پاسداران بۆ ناوچە سنوورییەکانی بانە
ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٦) قایمقامییەت (فەرمانداری)ی شاری بانە لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا هاتوچۆی لە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری شار بەتەواوی قەدەغە کردووە و وتوویەتی بەرپرسیارێتیی هەرجۆرە ئەگەرێکی دەسڕێژ و مەترسیی گیانی لە ئەستۆی خودی ئەو هاوووڵاتیانەدایە کە ڕێساکە پشتگوێ دەخەن.
هاوکات سەرچاوە خۆجێییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باس لە گواستنەوەی جبەخانە و کەرەستەی قورسی تۆپخانە بۆ دەوروبەری گوندی «سوورێن» لە بانە دەکەن. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی ٢ی خاکەلێوە (٢٢ی مارس) سەدان ئەندامی کۆماندۆی سوپای پاسداران بە نزیکەی ٥٠ پاس و بە یاوەریی کاروانێکی سەربازی ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە کراون.
دەوترێت ئەم هێزانە کە سەر بە یەکەکانی سوپای پاسدارانی قەزوێنن، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان لەم ناوچەیەدا جێگیر کراون.
گیانبەختکردنی بێریڤان مەولانی، ژنەگەنجی خەڵکی سەردەشت، لە بۆردومانی گەڕەکێکی تاراندا
بێریڤان مەولانی، ژنەگەنجی ٢٢ ساڵانی خەڵکی سەردەشت و دانیشتووی تاران، ئێوارەی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٨ی مارسی ٢٠٢٦) لە بۆردومانی گەڕەکی زەعفەرانییەی تاراندا گیانی لە دەست دا.
دەوترێت لەم بۆردومانەدا ماڵێکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی زەعفەرانییە لە لایەن فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسراییلەوە بە ئامانج گیراوە، لەم بۆردومانەدا ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کوژراوە و هاوکات هەندێ ماڵی نزیک لە شوێنەکەیش ڕووخاون و چەند هاووڵاتییەکی مەدەنییش گیانیان لە دەست داوە.
بێریڤان مەولانی یەکێک بووە لە گیانبەختکردوانی ئەو بۆردومانە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ناسنامەی کەسەکانی تر هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
چۆڵکردنی بەندێکی زیندانی ورمێ و تەرخانکردنی بۆ هێزە چەکدارەکانی نەوپوو
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای بۆردومانکردنی ناوەندە سەربازی-ئەمنییەکانی ورمێ، هێزەکانی نەوپوو (هێزە تایبەتەکانی پارێزوانی ویلایەت) لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێ و بەندێکی زیندانەکەدا بە ناوی بەندی «تەلاش» جێگیر کراون.
بنەماڵەی ژمارەیەک لە بەندکراوانی زیندانەکە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بارودۆخی بەندکراوان، ڕایانگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە فەرمانی دامودەزگا ئەمنییەکان، «بەندی تەلاش»ی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە شوێنی مانەوەی ئەو بەندکراوانە بوو کە لە ناو زیندان کاریان دەکرد یان مۆڵەتی «بڕیاری کراوە»یان پێ درابوو، چۆڵ کراوە و دەیان ئەندامی هێزەکانی نەوپوو لەم بەندە و لە بەشەکانی تری ناو زیندانەکەدا جێگیر کراون.
بە وتەی ئەو بنەماڵانە، جێگیرکردنی هێزە چەکدارەکان بووەتە هۆی ترس و تۆقینی بەندکراوان و بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە مەترسیی گەورە لەسەر ژیانیان دروست بووە، چونکوو کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ وەکوو قەڵغانی مرۆیی بە کاریان بهێنێت.
سوپای پاسداران هەڕەشە لە دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان دەکات
هێزەکانی سوپای پاسداران هەڕەشەیان لە دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کردووە و ڕایانگەیاندووە کە بۆیان نییە هاتوچۆی هێڵی سەرسنوور بکەن، هاوکات وتوویشیانە کە بە هۆی هەلومەرجی شەڕەوە هێزە چەکدارەکان سەرپشک کراون بۆ بەکارهێنانی مافی تەقە و دەسڕێژکردن لە هاووڵاتیان.
بە وتەی ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکانی پاوە، مەریوان، بانە و سەردەشت، هێزەکانی یەکەی سنووری و سوپای پاسداران هەموو بنکە سەربازییەکانی سەرسنووریان چۆڵ کردووە و لە مزگەوتی گوندەکان و ناوچە شاخاوییەکاندا جێگیر کراون. ئەم هێزانە هەرجۆرە هاتوچۆیەکیان بۆ ناوچە سنوورییەکان قەدەغە کردووە و هۆشدارییان داوە لە ئەگەری بینینی هەرکەسێک لەو ناوچانەدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دیکەنە ئامانج و تەقەی لێ دەکەن.
پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە جێگیرکردنی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان لە ئیدارەکان و شوێنە وەرزشی و فەرهەنگییەکاندا
ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی شارە جیاوازەکانی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا باس لە جێگیرکردنی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان، بەتایبەت هێزەکانی سوپای پاسداران، لە ناوەندە وەرزشییەکان، قوتابخانەکان، ئیدارە دەوڵەتییەکان و مزگەوتەکانی شار و گوندەکاندا دەکەن.
بە وتەی ئەم هاووڵاتیانە، سەرەڕای ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک، هێزە سەربازییەکان تا ئێستەیش هەر لەو شوێنانە و لە ناوچەکانی نیشتەجێبووندا ماونەتەوە و چۆڵیان نەکردووە.
لە هەندێ لە گوندەکاندا خەڵک بەرەنگاری هێزەکانی سوپای پاسداران بوونەتەوە و ناچاریان کردوون مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی تر چۆڵ بکەن. لە چەندین حاڵەتیشدا ئەو هێزانە دوای جێگیربوون لە شوێنە گشتییەکاندا داوایان لە سەرجەم دانیشتوانی دەوروبەر کردووە ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن.
هەر شوێنێک هێزی سەربازی و ئەمنیی تێدا جێگیر کرابێت لە لایەن فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسراییلەوە دەکرێتە ئامانج، هەر بۆیە ئەم جۆرە هەنگاوانەی حکومەت مەترسیی جیدیی لەسەر گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دروست کردووە.
دەیان بەندکراو لە مەهابادەوە بۆ ورمێ گوازرانەوە
ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٤ی مارسی ٢٠٢٦) کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی یەکەی تایبەت دەیان بەندکراویان لە زیندانی مەهابادەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستەوە. هۆکاری ئەم گواستنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ پەرچەکرداری ناڕەزاییانەی حەفتەی ڕابردووی بەندکراوان لە ئاست بەردەوامیی مانەوەیان لە زیندان لە کاتی شەڕدا. پێشتریش نزیک بە ١٢٠ زیندانیی سیاسیی و ئاسایی دیکە لە زیندانی مەهابادەوە بۆ زیندانی میاندواو گوازرابوونەوە.
دەوترێت دوای گواستنەوەی ئەم بەندکراوانە ئێستە زیندانی مەهاباد بەتەواوی چۆڵ کراوە. ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٣ی مارسی ٢٠٢٦) دوای بۆردومانکردنی ناوەندێکی سەربازی لە نزیک بینای زیندانی مەهاباد، بەندکراوان لە بەرانبەر مەترسییەکانی بەردەامیی ڕاگرتنیان لە زینداندا بە شێوەی بەکۆمەڵ ناڕەزاییان دەر بڕی. هێزەکانی یەکەی تایبەت چوونە ناو زیندانەکە و بە گازی فرمێسکڕێژ و پەنابردن بۆ توندوتیژی، بەندکراوانی ناڕازییان سەرکوت کرد. پاشان بە فەرمانی بەرپرسانی ڕێکخراوەی زیندانەکان و دامودەزگا ئەمنییەکان بڕیارێک بۆ چۆڵکردنی تەواوی زیندانی مەهاباد دەر کرا.
کیان مورادی، منداڵی کورد، لە ئەنجامی برینداربوون لە بۆردومانی ڕوانسەردا گیانی بەخت کرد
کیان مورادی، منداڵی ١٥ ساڵانی خەڵکی ڕوانسەر کە ڕۆژی ١٠ی ڕەشەمە (١ی مارسی ٢٠٢٦) لە بۆردومانی فڕۆکەکانی ئەرتەشی ئامریکا و ئیسراییلدا بە سەختی بریندار بووبوو، دوای ١٣ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی کرماشاندا گیانی لە دەست دا.
لەو بۆردومانە و لە هەمان ڕۆژدا منداڵێکی دیکەیش بە ناوی هەستی محەممەدی گیانی لە دەست دابوو.
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستە بە لایەنی کەمەوە ٢٥ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد، لەوانە چوار منداڵ، بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسراییلەوە گیانیان لە دەست داوە.
گیانبەختکردنی دوو ئەندامی ڕێکخراوەی خەباتی کوردستانی ئێران لە هێرشی درۆنیدا
ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٣ی مارسی ٢٠٢٦) لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر بارەگای ڕێکخراوەی خەباتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی «باشیک»ی هەولێر لە هەرێمی کوردستان، دوو پێشمەرگەی ئەم حیزبە بە ناوەکانی ئێقباڵ ساڵحپوور، خەڵکی سەقز و فەخرەدین مورادی، خەڵکی سنە، گیانیان بەخت کرد و ٤ کەسی دیکەیش بریندار بوون.
هاوکات «کەمپی ئازادی»ی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش لە شاری کۆیە و هەروەها بارەگاکانی ئەم حیزبە لە «دۆڵی ئاکۆیان»ی هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک کرانە ئامانج. دەوترێت ئەم هێرشانە زیانی گیانییان بەدواوە نەبووە.
لە دەسپێکی شەڕی ئامریکا-ئیسراییلەوە لەگەڵ ئێراندا بە لایەنی کەمەوە پێنج پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و ڕێکخراوەی خەباتی کوردستانی ئێران، لە ئەنجامی هێرشی درۆنی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و هێزە ئێراقییەکانی سەر بە ئێراندا گیانیان بەخت کردووە.