کۆمەڵی راوێژکاریی چالاکوانانی مەدەنیی یارسان رۆژی دووشەمە ٢٣ی رەزبەر/ 10.15 بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کرد دەستبەجێ هەوڵەکانیان بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بخەنە گەڕ.

لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا کە هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان وەکوو “دەستدرێژی” ئەژمار کراوە و هاتووه: “ئەم دەستدرێژییە لەگەڵ ئەوەیکە تاوانی جەنگی و پێشێلکاری بەربڵاوی مافی خەڵکی سیڤل بووە، دەستی دەورگێڕەکانی هەرێمی و جیهانی بۆ ژینۆسایدی نەتەوەی کورد ئاوەڵا کردووە و بووەتە هۆی جێگۆڕکێی (خەڵکی کورد) لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکە.”

کۆمەڵی راوێژکاری چالاکوانانی مەدەنیی یارسان لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا، داوای لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و هێزەکانی ناوچەکە و جیهان کردووە هەستن بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و رێگە نەدەن چیدی ئەم کردەوە نامرۆیانەیە درێژەی هەبێت.”

بە پێی هەواڵەکان، لە ماوەی شەش رۆژی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) لانیکەم ٧٥ هاوڵاتی کوژراون و پتر لە ٤٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.