تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە.
هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (ئۆکتۆبەر و نۆڤامبەری ٢٠٢٣):
• کۆڵبەر و کاسبکار
ـ دوو کۆڵبەری کورد بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانی پارێزگای کوردستان کوژراون و دوو کۆڵبەری تریش بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا و داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها لانیکەم ٧٥ کۆڵبەر لە ئەنجامی دەسڕێژ یاخود پەلامار و لێدانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان، بریندار بوون کە ٦ کەسیان منداڵن. دوو کۆڵبەریش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانی پارێزگای کوردستاندا بریندار بوون.
ـ کاسبکارێکی کورد دوای ڕاوەدوونان لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و لە ئەنجامی دەسڕێژی ئەم هێزانەدا، لە شاری سەقزی پارێزگای کوردستان کوژراوە.
• لەسێدارەدان
ـ لانیکەم ١١ بەندکراو کە بە تۆمەتی «افساد فیالارض»، «کوشتنی بەئەنقەست» یان تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، کرماشان، ورمێ، خوڕەمئاوا و ئەردەبیل لە سێدارە دراون.
یەک لەم کەسانە هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوی نەزیر محەممەد بوو کە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا.
قاسم ئابستە، زیندانیی مەزهەبیی سوننەی کوردیش دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە ڕێکەوتی ١٤ی گەڵاڕێزاندا (٥ی نۆڤامبەر) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. ئەم هاووڵاتییە دوای قۆناغی دەستبەسەربوون کە لەگەڵ ئەشکەنجەدا بوو، لە پرۆسەیەکی دادوەریی نادادپەروەرانەدا، لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی سوننەی دیکە و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی «افساد فیالارض» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.
* ڕوونکردنەوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە هۆی گرنگایەتیی پرەنسیبی «مافی ژیان»ـەوە، لە بڵاوکردنەوە و تۆمارکردنی هەواڵ و ئاماری لەسێدارەدانەکاندا، بەدەر لە گرێدراویی نەتەوەیی لەسێدارەدراوان و شوێنی لەسێدارەدانیان، هەموو ئەو حاڵەتانەی کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە پێی ڕادەگەیەنرێت، دوای لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە بڵاو دەکاتەوە.
• ژنکوشتن
ـ لانیکەم شەش ژنی کورد لە شارەکانی ورمێ، کرماشان و گیلانی ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان بە دەستی پیاوانی بنەماڵە کوژراون.
● کرێکاران
لانیکەم ٤ کرێکار لە شارەکانی سەڵماس، بانە، سنە و پیرانشار بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.
• دەستبەسەرکردن
ـ لانیکەم ٣٨ هاووڵاتی و چالاکی کورد کە ٥ کەسیان منداڵن، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام، تاران و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەگەرچی هەندێ لەم دەستبەسەرکراوانە بە دانانی کەفالەت یان بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. سێ کەسیشیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.
• سەپاندنی سزا
ـ لانیکەم ١١ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و کەیفەریی شارەکانی سنە، کرماشان، مەهاباد، شنۆ، سەقز، و دیوانی باڵای ئێرانەوە بە تۆمەتی سیاسی سزای بەندکرانی تا ١٠ ساڵیان بەسەردا سەپاوە.
● گوشار بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان
دامودەزگا ئەمنییەکان لە یەکەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و چوارەمین ساڵیادی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبەری ٢٠١٩) بە گوشار خستنەسەر بنەماڵەی دادخوازان ڕێگرییان کرد لە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی جەماوەری بۆ یادکردنەوەی ئازیزەکانیان.
هێزە ئەمنییەکان هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێراندا بانگهێشت و دەستبەسەر کرد. ئەسرین محەممەدی، خوشکی شەهریار محەممەدی و سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی بۆکان و ورمێ، لە ڕیزی دەستبەسەرکراواندان.
• مانگرتنی بەندکراوان
ـ ڕۆژی ١ی گەڵاڕێزان (٢٣ی ئۆکتۆبەر) ٤٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی بەندکراو لە بەندی ئەمنیی «ئیرشاد»ی زیندانی ناوەندیی ورمێدا وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بێبەشکردندا لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، دانانی کامێرای چاودێری لە ناو توالێتەکاندا، ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکان لە قبووڵکردنی داواکاریی ئازادیی مەرجدار و پشووی کاتیی بەندکراوان، بە کۆمەڵ مانیان لە خواردن گرت.
ـ زیندانییەک لە زیندانی بۆکاندا بە ناوی حەیدەر فەیزی لە ڕێکەوتی ٥ی گەڵاڕێزاندا (٢٧ی ئۆکتۆبەر) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر سەپاندنی سزا بەسەر خۆیدا لە لایەن دادگاوە، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت.
● تیرۆر لە دەرەوەی ئێراندا
سوهراب ڕەحمەتی، چالاکی سیاسیی کورد و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزان (١٦ی نۆڤامبەر) لە شاری هەولێر کەوتە بەر پەلاماری چەکدارییەوە. ئەم پارێزەرە یاساییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەرکی پارێزەریی ژمارەیەک دۆسیەی پێوەندیدار بە تیرۆری چالاکانی سیاسیی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا گرتبووە ئەستۆ و چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.
● کوشتنی هاووڵاتیان
ڕۆژی ٦ی گەڵاڕێزان (٢٨ی ئۆکتۆبەر) هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران هەواڵی گیانلەدەستدانی ئارمیتا گەراوەندیان دوای ٢٨ ڕۆژ کۆما و خەواندن لە بەشی چاودێرییە تایبەتییەکانی نەخۆشخانەی فەجری تاراندا بڵاو کردەوە. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە بەپێی چەندین ڕاپۆرت، لە هەمان سەرەتای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەوە، ئارمیتا گەراوەند «نیشانەکانی ژیان»ی پێوە نەمابوو و هەموو ئەو ماوەیە لە کۆمادا بوو.
ئارمیتا گەراوەند لەدایکبووی ١٣ی خاکەلێوە ١٣٨٥ (٢ی ئاوریلی ٢٠٠٦) لە کرماشان بوو. بنەماڵەکەی خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستانن و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی تاران بوون. ئەم کچە ١٧ ساڵەیە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە وێستگەی میترۆی شوهەدای تاراندا لەبەر نەبوونی حیجابی زۆرەملێ کەوتە بەر پەلامار و لێدانی هێزە دەوڵەتییەکانەوە (حیجاببان) و بە هۆی بەرکەوتنی سەریەوە لەسەر خۆ چوو.
بنەماڵەی گەراوەند لە کاتی گواستنەوەی منداڵەکەیانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبەر) و بڵاوبوونەوەی هەندێ هەواڵ سەبارەت بە پەلاماردان و لێدانی ئارمیتا لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەبەر ڕەچاونەکردنی حیجاب، لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی دامودەزگا ئەمنییەکاندا بوون و تەنانەت ناچاریان کردن لە بەردەم کامێرای تەلەڤیزیۆندا پەلاماردان و لێدانی کچەکەیان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕەت بکەنەوە.
کۆماری ئیسلامی دوای ڕاگەیاندنی «کاتبەندیکراو»ی هەواڵی گیانبەختکردن (کوژران)ی ئارمیتا گەراوەند، سەرەتا دەستیان بەسەر تەرمەکەیدا گرت و نەیانهێشت بۆ ئەسپەردەکردن بگوێزرێتەوە بۆ کرماشانی زادگەی یان کووهدەشت کە شوێنی ژیانی خزمانی باوک و دایکیەتی. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی لە تارانیشدا لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا بەڕێوە چوو و دەیان کەس، لەوانە هەندێ لە خزمانی ئارمیتا، ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی، دەستبەسەر کران.