تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە.
هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خاکەلێوەی ١٤٠٣دا (مارس و ئاوریلی ٢٠٢٤):
پێنج کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی پەیمان ئەحمەدی، سۆران عەبدی، ئومید سەعیدی، مێهرداد عەبدوڵڵازادە و سەیوان دەستئەفکەن لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، بانە، سەقز، سەردەشت و سەوڵاوا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی شۆڕش شوکری و ئەبووبەکر ماخووزی فەرد بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا، ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی هەستیار عەبدولکەریمی و سەعید سەلووسی بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا و کۆڵبەرێکیش بە ناوی محەممەدبایر محەممەدی بە هۆی جەڵدە و وەستانی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەریدا گیانیان لە دەست داوە.
لانیکەم ٣١ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. هەروەها ٥ کۆڵبەر بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا، ٢ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین، ٢ کۆڵبەر بە هۆی ڕاوەدوونانەوە و کۆڵبەرێکیش بە ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. ڕەوف ئەحمەدی، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە لای قاچەوە بەشێک لە جەستەی لە دەست دا.
ـ لە مانگی خاکەلێوەدا ناوچەی سنووریی نەوسوودی کرماشان بە لانیکەم ٣٠ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانەوە کوشندەترین شوێن بۆ کۆڵبەران بووە.
ـ منداڵێکی کۆڵبەری ١٧ ساڵانی خەڵکی مەریوان بە ناوی دانیال مام ئەحمەدی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە سزای ٢ ساڵ بەندکران، ٧٤ قامچی و ٢ میلیارد تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپاوە.
بەندکراوێکی خەڵکی کەنگاوەر بە ناوی ئەفشین باغ شیرین لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە سێدارە دراوە.
لانیکەم ٦ هاووڵاتیی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد، دیواندەرە، سنە، کرماشان و سەقزەوە بە تۆمەتی سیاسی ڕووبەڕووی سزای بەندکران و سزای پارە بوونەتەوە.
لانیکەم ٣٦ هاووڵاتی، هونەرمەند و چالاکی ڕاگەیاندنکار و مەدەنیی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و تاراندا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ٨ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. ٣ کەس دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و یەک کەسیش دوای چەند ڕۆژێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون. ئەوانی دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
ـ بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەوف شێخمەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون و تۆمەتی «افساد فیالارض»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکانەوە بۆ ماوەی دوو مانگی تر تازە کرایەوە. ئەم سێ هاووڵاتییە بە ڕیز لە ڕۆژانی ٥ی بەفرانبار، ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢ و ٢٢ و ٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوون و گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
ـ ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی شێواندنی ڕای گشتی» بە گشتی سزای ٤٠ مانگ بەندکران و ٨ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپا.
ـ کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی قوروە دەستبەسەر کرا. تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە. کەمال لوتفی چەند پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری حکومەتی ئێران» سزای ٢ ساڵ و بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
لە ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوەدا (٢٧ی مارس) تەقینەوەی مینی چێندراوی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق لە شاری قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک.
ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز وەک ساڵانی پێشوو لە لایەن گرووپی خۆڕێکخراوی خەڵکەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بەڕێوە چوو. ئەمساڵ بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمانە بەتایبەت لە کرماشان و ئیلامدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیی گەورەی لێ کرا.
دامودەزگا ئەمنی و ئینتیزامییەکان لە زۆرێک لە شارەکاندا هەوڵیان دابوو لە ڕێگای بانگهێشتکردن و هەڕەشەکردنەوە لە بەڕێوەبەران، ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بکەن. هەروەها ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و بەشداربوانی ئەو ڕێوڕەسمانە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت یان دەستبەسەر کران.
ڕۆژی ٢ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر گرووپێک لاو کە لە پارکی ڕۆژهەڵاتی تاقەوسانی کرماشان لە گەڕەکی زەفەردا گۆرانیان دانابوو و شادی و هەڵپەڕکێیان دەکرد. لە ئەنجامی ئەم هێرش و دەسڕێژەدا دوو لاوی کورد بە ناوەکانی محەممەد ئەحمەدیان و ئارمان بەسیری لە لای قاچەوە پێکران و بە سەختی بریندار بوون.
هەندێ دووکان و یەکەی پیشەیی لە شارە جیاوازەکاندا بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» لە لایەن لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانەوە (ئەماکن) داخراون. لە ناوەڕاستی خاکەلێوەدا (سەرەتای ئاوریل) مۆزەخانەی گوندی و نشینگەی هەرێمیی «شانشین»ی شاری مەریوان لەبەر «ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ و مۆزیکژەندنی کچان» داخرا. هەروەها ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) زیاتر لە ٢٠ یەکەی پیشەیی شاری سنە و لەوانە کتێبفرۆشیی «ژیرا» کە چالاکی مافەکانی ژنان ژینا مودەڕیس گورجی سەرپەرشتیی دەکات، لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانی ئەم شارەوە بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» داخران.
ـ ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی کورد بە هۆکاری نادیار لە زیندانی مەشهەدەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران.
ـ عوسمان ئیسماعیلی، زیندانیی سیاسی و چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز کە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (١٢ی فێبرییەی ٢٠٢٤) بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی دەرمان لە زیندانی سەقزەوە ڕەوانەی زیندانی سنە کرا، تا ئێستا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست بێبەش کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کۆمەڵەنەخۆشییەکی وەک فتقی ئینگۆیناڵ، ئاسم، دڵ و ڕۆماتیسمی لەگەڵە.
ـ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد ڕێگەی نەدا ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد کە لە زیندانی مەهاباد بەند کراوە، مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ بدرێت. ئەم زیندانییە سیاسییە نەخۆشیی پێست و دڵی لەگەڵە و لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.
ـ کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی، لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە بڕیار بوو ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بەڕێوە بچێت، بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەر «عەمووزاد»ەوە دوا خرا بۆ کاتێکی تر.
ـ حەسەن عومەرپوور، بەندکراوی کوردی خەڵکی ورمێ کە لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا سزای ١٠ ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەوە (١٤ی ئاوریل) مانی لە خواردن گرتووە و هۆکاری مانگرتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ داوای لێکۆڵینەوەی دووبارە لە دۆسیەکەی و هەروەها دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سووکایەتیکردنی داواکاری گشتیی ورمێدا بە بنەماڵەکەی. ئەم زیندانییە کوردە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی بە دەستووری سەرۆکی زیندان گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لە مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.
ـ ئەردەوان تەهووریان، زیندانیی سیاسیی کوردی تەمەن ٦٠ ساڵانی خەڵکی سەڵماس کە نەخۆشیی دڵ و شەکرەی لەگەڵە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستدا و پێنەدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، لە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەوە (١٥ی ئاوریل) مانی لە خواردن گرتووە.
ـ ئارش قولیزادە، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی ورمێ کە سێهەم ساڵ لە کۆی سزای ١٠ ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ەوە (١٥ی مارسی ٢٠٢٤) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بێبەشکراندا لە مۆڵەتی پشووی کاتی مانی لە خواردن گرتووە و دەوترێت ئێستا دۆخی جەستەیی ناجێگیرە. ئەم بەندکراوە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و تا ئێستا لە مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.
ـ ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) پاسەوانەکان و هێزەکانی گاردی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە بیانووی بوونی مۆبایل لە ناو بەندەکەدا هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و دوای شێواندن و تێکدانی کەلوپەلی بەندکراوان، پەلاماری هەردوو زیندانیی سیاسیی کورد کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمییان دا. لە ئەنجامی ئەم پەلامارەدا سەری کەیوان ڕەشۆزادە شکا، بەڵام بەبێ چارەسەر و دەرمانکردن لەگەڵ کامران قاسمیدا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.