لقی یەکەمی دیوانی باڵای ئێران داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی ڕەت کردەوە.

دیوانی باڵای ئێران بەبێ لەبەرچاوگرتنی کێشە و ناڕوونییەکانی ناو دۆسیەکە، ڕایگەیاندووە کە داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ئەم هاووڵاتییە «مەرجە یاساییەکانی نییە» و شایەتیدانی ژمارەیەک شایەتحاڵی نوێ کە شایەتییان لەسەر بێتاوانبوونی ڕەزا ڕەسایی داوە، وەک هۆکاری پێویست بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە لە قەڵەم نادات.

دوای ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە، ئێستا مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای ڕەزا ڕەسایی زۆر زیاتر بووەتەوە. پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو کە بەهمەن ڕەیحانی، فەرماندەی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان و ژمارەیەکی تر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە هەوڵی ئەوەدان ئەم زیندانییە سیاسییە هەرچی زووتر لە سێدارە بدرێت.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسانی خەڵکی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، لە لایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشانەوە بە تۆمەتی «بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی کوشتنی بەئەنقەست»ی نادر بەیرامی، سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، «بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی بریندارکردنی بەئەنقەست بەبێ کوشتن»، «نمایشکردن و خۆنواندن بە چەقۆوە» و «تێکدانی ئارامیی گشتی لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)، پێدانی دیە، ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپا.

ساڵی ڕابردوو ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان، کە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بەڕێوە چوو، لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکەی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری.

هێزە سەربازی-ئەمنییە جێگیرکراوەکان لە شوێنی ڕێوڕەسمەکەدا، لە وەڵامی دروشمەکانی خەڵکدا بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر بەشداربوان و ژمارەیەی زۆریان دەستبەسەر کرد. تا چەند ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمەکەیش کەشێکی ئەمنی باڵی بەسەر شاری سەحنەدا گرتبوو. ڕۆژێک دوای ئەو ڕێوڕەسمە، هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە نادر بەیرامی، لە کاربەدەستە پلەباڵا ئەمنییەکانی شاری سەحنە، لەو ڕێوڕەسمەدا کوژراوە.

هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهی لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) ڕەزا ڕەساییان لە شەهریاری پارێزگاری تاراندا دەستبەسەر کرد کە یەکێک بوو لە بەشداربوانی ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، پاشان گواستیانەوە بۆ شاری سەحنە و بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا خستیانە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە تاکوو «بەشداریکردن لە کوشتن»ی نادر بەیرامیدا قبووڵ بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەشکەنجە و لێدان بە شۆکەری کارەبا، دروستکردنی هەستی خنکان لە ڕێگای کردنی توورەکەیەک بە سەردا، «جووجەکردن» کە دەست و پێی کەسەکە لە پشتەوە دەبەستن بە یەکەوە و بە زنجیرێک لە سەقفەوە هەڵیدەواسن، لە ڕیزی ئەو ئەشکەنجانەدا بوون کە لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی سەحنە و کرماشاندا ڕووبەڕووی ڕەزا ڕەسایی کراوەتەوە. بە چەشنێک کە پەنجەکانی پێ، دەست و شانی شکابوون.

ئەم هاووڵاتییە کوردە یارسانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرا و دوای چەند حەفتەیەک ئەم جارە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاددا، لە زیندانی دیزڵئاواوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی کرماشان کران.

کۆبوونەوەکانی دادگاییکردنی ڕەزا ڕەسایی لە چەند مانگی ڕابردوو و لە سێ جاردا لە لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشان بەڕێوە چوو. دوای کۆتاکۆبوونەوە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢دا (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣)، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر (٧ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەزا ڕەسایی لە کۆبوونەوەکانی دادگادا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا بە هۆی «ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژیکردن»ـەوە ناچار بووە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت و هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە.

لەم دۆسیەیەدا ٦ هاووڵاتیی یارسانی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد بەیگ گەڕووسی، سەیدڕەسوول ڕەزەوی، سەیدمەعسووم ڕەزەوی، ئارمین حەقیی مەنجق، پووریا مینەتیی مەنجق تەپه و شوجاع مینەتیی مەنجق تەپه بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە سزای ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپاوە.