بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی گوڵان (١٣ی مەی) سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی شۆرای ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد، دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاباد دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) کراوە.

ئەم چالاکە یارسانە لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٢٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢) دوای دەسپێکردنی سەرهەڵدانی سەرانسەری لە گوندی «ورگمە»ی داڵاهۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان. سیاوەش حەیاتی کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەستبەسەرکردنی نایاسایی خۆیدا مانی لە خواردن گرتبوو، لە رێکەوتی ١٦ی ڕەزەردا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە دانانی کەفالەت لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.

شۆرای ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سەرەتای سەرماوەزی ١٤٠١دا (کۆتایی نۆڤامبری ٢٠٢٢) ڕایگەیاند کە سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی ئەم شۆرایە و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد، لە لایەن لقی ٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە کە لە شاری شابادە، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها ئەم چالاکە یارسانە لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز (٣٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لەگەڵ ٦ چالاکی یارسانی تردا بە ناوەکانی سەیدئەمین عەباسی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی، سەیدسرووش عەباسی، عەلی نەزەری، محەممەد قبووڵی و ڕووزبێهـ حەیاتی لە کاتی گەڕانەوەدا لە دیداری ژمارەیەک لە ئازادکراوانی ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەیدخەلیل عالی‌نژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگای یارسان، لە نێوان سەحنە بۆ کرماشاندا لە بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی بێستوون لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی و بە بێڕێزی و لێدان دەستبەسەر کران. ناوبراو دوای ٣٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.

لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٣ لە لایەن لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی سەحنەوە دۆسیەیەکی تر بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ» دژ بەم چالاکە یارسانە کرایەوە و بانگهێستی بەردەم دادگا کرابوو.