شەوی ڕابردوو لە دەسڕێژی هێزە ئینتیزامییەکاندا لە ناوچەی سنووریی «سەیرانبەند»ی بانەی پارێزگای کوردستان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی سەعدی پیران کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئگادار لە شاری بانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «شەوی ڕابردوو ٦ی ڕەشەمە هێزە ئینتیزامییەکان لە سێ ڕیانی بەقیەتوڵڵای ناوچەی سنووریی سەیرانبەندی بانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کوردیان داوەتە بەر دەسڕێژ کە لە ئەنجامدا کاسبکارێکی ٣٥ ساڵان بە ناوی سەعدی پیران دەستبەجێ کوژراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئینتیزامییەکان لە حاڵێکدا دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی ئەم کاسبکارە کوردە کردووە کە هیچ کاڵایەکیشی پێ نەبووە.

سەعدی پیران ٣٥ ساڵان، باوکی ٢ منداڵ و خەڵکی گوندی «کەریمئاوا»ی بانە بووە.