لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٥ هاووڵاتی و چالاکی مەزهەبیی کورد بە ناوەکانی سومەییە قادری، حسەین بایەزیدی، محەممەد سوڵتانی، محەممەد مورادی و هادی یووسفپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گوڵان (٦ی مەی) سومەییە قادری، خەڵکی گوندی «گەزگەسک»، محەممەد سوڵتانی، خەڵکی گوندی «خورینج» و محەممەد مورادی، خەڵکی گوندی «بێکۆس»ی پیرانشار، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هاوکات هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشاریش بە ناوی حسەین بایەزیدی لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە ڕێکەوتی ١٢ی گوڵاندا (١ی مەی) هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەندامێکی مەکتەب قورئان بە ناوی هادی یووسفپوور لە شاری پیرانشار و دوای دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەزهەبییە، گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.