بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دەمەوبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی ژنی تۆمەتبار بە «کوشتنی بەئەنقەست» بە ناوی زەینەب خودامورادی لە زیندانی سنە جێبەجێ کرا.

زەینەب خودامورادی، ٤٢ ساڵان و خەڵکی شاری قوروەی پارێزگای کوردستان کە لە ٥ ساڵ لەمەوپێشەوە لە زینداندا بوو، بە تۆمەتی کوشتنی دوو منداڵی خۆی و هاوسەرەکەی حوکمی «قەساس»ی بۆ دەرچووبوو.

ئەم زیندانییە پێشتر لە ٢٤ی ڕەزبەری ئەمساڵیشدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە برابووە ژووری تاکەکەسی، بەڵام شکاتکارەکان دەرفەتێکیان پێ دابوو تاکوو ٧٠٠ میلیۆن تمەن دیە بدات، هەر بۆیە جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕاگیرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە پێشتر بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندبوو کە «ناوبراو پێشینەی کێشەی دەروونیی بووە و پێش ئەوەی دەست بداتە کوشتنەکە لە نەخۆشخانەدا خەوێنرابوو، بەڵام لەسەر خواست و ڕەزایەتی هاوسەرەکەی برابۆوە ماڵەوە».