ئاریان خۆشگەوار، منداڵی خوێندەوانی ١٧ ساڵانی خەڵکی سنە کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە چەقۆ و باتۆمی هێزەکانی یەکەی تایبەت بریندار ببوو، ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمە (١٥ی مارسی ٢٠٢٣) دوای ٤ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

کەسێکی نزیکی ئەم منداڵە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ئاریان خۆشگەوار ئێوارەی ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبر) لە کاتی گەڕانەوەدا لە شوێنی کارەکەیەوە لە گەڕەکی حاجیئاوای سنە، کەوتبووە بەر پەلاماری باتۆم و چەقۆی هێزەکانی یەکەی تایبەت. خەڵک بە هانایەوە چووبوون و بردبوویانە ماڵێکەوە لە هەمان گەڕەکدا و دوای ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی بردبوویانە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە. هەردوو دەست، پشت و سەری ئەم منداڵە کەوتبووە بەر باتۆم و چەقۆ و دوای چەند کاتژمێرێک بە هۆی خوێنلبەرچوونی زۆرەوە تووشی حاڵەتی کۆما بوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، مانگێک دواتر ئاریان چاوی کردەوە بەڵام ئاستی هۆشیارییەکەی هەر کەم بوو. ئاریان دوای ٤ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمە (١٥ی مارس) بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «دوای گیانبەختکردنی ئەم منداڵە، هێزە ئەمنییەکان چوونە ناو نەخۆشخانەی کەوسەر و بەڵێننامەی نووسرایان لە بنەماڵەکەی وەرگرت کە مافی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕووداوەکە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان نییە. ئەو هێزانە هەڕەشەیان لە باوکی ئاریان کردبوو کە ئەگەر بەڵێننامە نووسراوەکە واژۆ نەکات تەرمی منداڵەکەی ڕادەست ناکەنەوە و هەر بۆیە ئەویش بە ناچار واژۆی کردبوو».

ئاریان خۆشگەوار لەدایکبووی ١٨ی گوڵانی ١٣٨٤ (٨ی مەیی ٢٠٠٥) و خوێندەوانی پۆلی سێهەمی قوتابخانەی دواناوەندیی شەهریار نمەکیی سنە بوو.

پێشتر و لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ی سنەدا (نۆڤامبری ٢٠١٩) خزمێکی ئەم هاووڵاتییە بە ناوی زیبا خۆشگەوار بە گازی فرمێسکڕێژ تووشی کێشەی هەناسە ببوو و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دابوو. لەو کاتەدا بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لەبەر هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو کە زیبا خۆشگەوار بە هۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست داوە.

پەلاماردانی ئاریان خۆشگەوار لە لایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بە چەقۆ و باتۆم

ئاسەواری چەقۆ بە سەریەوە

ئاسەواری باتۆم لەسەر دەستەکانی