١٧ی مەی (٢٨ی گوڵان) ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆییرفۆبیا، لە لایەکەوە وەبیرهێنەرەوەی ئەو مێژووە پڕ لە سەرکوت و توندوتیژییەیە کە لە زۆربەی کۆمەڵگە و وڵاتاندا لە ڕێگەی پێناسەکردنی کۆییرەکانەوە وەک کەسانی نەخۆش و پێناسەکردنی شوناسە جێندەری و مەیلە سۆزەکی/سێکسییەکەیانەوە وەک تاوان، لەسەریان جێبەجێ کراوە و دەکرێت، لە لایەکی تریشەوە وەبیرهێنەرەوەی خەبات و بەرەنگاریی کۆییرەکانە بۆ مۆرکسڕینەوە و تاوانسڕینەوە لە شوناس و مەیل و مافەکانیان لە پێناو ژیانێکی یەکساندا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو حکومەتانەیە کە نەتەنها لە یاساکانیدا سزای جۆراوجۆری بۆ کۆییرەکان داڕشتووە و لەسەریان جێبەجێی دەکات، لەوانە سزای لەسێدارەدان، بەڵکوو نەفرەت بەخشینەوەی بەردەوامی بەرپرسان و ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانیش دژ بە کۆییرەکان، بووەتە بەشێک لە سیاسەتە ئایدیۆلۆژیکەکانی ئەم حکومەتە.

ژیانکردن لەژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەو کاتە بۆ کۆییرەکان سەختتر و ئەستەمتر دەبێتەوە کە تەنانەت کۆمەڵگە و لە زۆر حاڵەتدا بنەماڵەیش بە شێوەی جۆربەجۆر سەرکوت و گۆشەگیریان دەکەن. کۆییرە کوردەکانیش کە لە ئێراندا بە نموونەی بەرچاوی پێکگەیشتن و یەکتربڕینی ستەمی چەندلایەنەی سێکسی، جێندەری، نەتەوەیی، مەزهەبی، چینایەتی و… لە قەڵەم دەدرێن، جیا لە هەڵاواردن و سەرکوتی حکومەت، بە داخەوە لە لایەن کۆمەڵگەی کوردستانیشەوە لە بەردەم گوشار و توندوتیژیدان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار هەواڵ و ڕاپۆرتی لەسەر دۆخی کۆییرە کوردەکان لە ئێراندا بڵاو کردووەتەوە و ئەمە خۆی نیشاندەری ئاستی بەرزی ئەو سەرکوت و توندوتیژییەیە کە لە لایەن دەوڵەت و کۆمەڵگاوە لە بەرانبەریاندا جێبەجێ دەکرێت. ئێمە لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆییرفۆبیادا جارێکی تر وێڕای ڕێزدانان بۆ خەبات و بەرەنگاریی کۆییرەکان لە سەرانسەری جیهاندا و بەتایبەت لە ئێران و کوردستاندا، خۆمان بە بەشێک لەم هەوڵ و خەباتە دەزانین بۆ دەستەبەرکردنی مافی کۆییرەکان و کۆتاییهێنان بە هەرچەشنە هەڵاواردنێک لەسەر بنەمای شوناسی جێندەری، مەیلی سۆزەکی/سێکسی و سەرجەم فۆرمەکانی تری ستەم، لەوانە زمان، ڕەگەز، ئەتنیک، چین، کەمئەندامی و….