بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕادا فاتیحیی خوشکی ڕامین فاتیحی، لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی و بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» بانگهێشتی بەردەم لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەم شارە کراوە.

ڕادا فاتیحی لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنی دوو براکەی بە ناوەکانی ڕامین و وریا فاتیحی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا. لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەردا (٢١ی ئۆکتۆبر) بە بنەماڵەی فاتیحی ڕاگەیەنرا کە ڕامین فاتیحی لە دەستبەسەرگەدا هەوڵی «خۆکوشتن»ی داوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەو دەنگۆیانەی ئیدارەی ئیتلاعاتیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند کە ڕامین لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.

تەرمی ڕامین فاتیحی بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و بە شەو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی سنە ئەسپەردە کرا.

ڕادا و وریا فاتیحی لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزاندا (٣ی نۆڤامبر) دوای ٢١ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کران.