به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، به‌ندكراوی سیاسیی كورد، له‌ به‌ندی قه‌ره‌نتینه‌ی بەندیخانەی قه‌رچه‌كدا و لە رێكه‌وتی ٣١ی جۆزه‌ردانەوە ده‌ستی داوەتە‌ مانگرتن، داواكاریی ناوبراو گه‌ڕاندنه‌وه‌یە بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری خۆی یان گواستنه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ی ئێوین‌.  
ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ١٠ی مانگی گوڵانی ئه‌مساڵدا له‌ گرتووخانەی ‌شاری “خۆی”ـەوە گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ زیندانی قه‌رچه‌ك، ئەو ڕایگه‌یاندبوو‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژانی داهاتوودا نه‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ گرتووخانه‌ی خووی، مان له ‌خواردن دەگرێت. ناوبراو كه‌ له‌م دواییانه‌دا تووشی نه‌خۆشیی كۆڤید ١٩ بووه‌، هەروەها داوای پێڕاگه‌یشتنی پزیشكیی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان کردووە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له بارودۆخی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، دوای ده‌ربڕینی په‌رۆشی و نیگەرانیی خۆی له‌ ئاست دۆخی ته‌ندروستیی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ و هەروەها‌‌ نەگونجاوبوونی شوێنی مانەوەی و نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست و پشتگوێخستنی به‌رپرسانی زیندانی قه‌رچه‌ك، وتی: “نزیكه‌ی مانگێكه‌ زه‌ینه‌ب تووشی نه‌خۆشیی كۆڤید ١٩ بووه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا ته‌نیا یه‌ك جار براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان و دوای پشكنین و تاقیكردنه‌وه‌ تایبه‌ته‌كان، پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كان ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ تووشبوونی ناوبراو به‌ نه‌خۆشیی كۆڤید ١٩ حه‌تمییه‌ و به‌ پێی وێنه‌كانی سی‌تی ئێسكه‌ن، ڤایرۆسی كۆرۆنا‌ شانه‌ی سییه‌كانی گرتۆتەوە‌، پێویستە‌ ناوبراو له‌ شوێنێكی ئارام و دوور لە سترێس بێت و پێداویستیی ته‌ندروستیی گونجاوی بۆ دابین بکرێت، هه‌روه‌ها پێویستە تا کاتی دەربازکردنی ئەم دۆخە و ڕزگاربوون لە کۆرۆنا، خواردنی سالم و پاک بخوات و‌ له‌ ژێر چاودێریی پزیشكیشدا بمێنێته‌وه‌، ئەگەر پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بێت، پێده‌چێ كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌كێشانی‌ تووشی زیانێكی گەورە ببێت”.
تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار بووه‌ته‌وه‌ کە هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی مانگرتنه‌كه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیاندا، “سوهه‌یلا حیجاب و سه‌كینه‌ په‌روانه‌”یش، دوو به‌ندكراوی سیاسیی دیکەی كوردی‌ زیندانی قه‌رچه‌ك، به‌رده‌وامن له‌ مانگرتنه‌كه‌یان. سه‌كینه‌ په‌روانه‌ له‌ ٥ی جوزه‌ردانه‌وه‌ و سوهه‌یلا حیجاب له‌ ١٧ی جۆزه‌ردانەوە ده‌ستیان‌ به‌ مانگرتن کردووە و داوایان کردووە بگوێزرێنەوە‌ بۆ زیندانی ئێوین.
سه‌كینه‌ په‌روانه‌ ڕۆژی ڕابردوو به‌ هۆی لاوازیی جه‌سته‌ییەوە له‌ ئاكامی مانگرتندا‌‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی به‌ندیخانه‌ كراوە.