تەها ڕەسوولیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئوجاقلوو، بە گشتی سزای ٧ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم حوکمە بە شێوەی فەرمی بەم چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەنراوە و بەپێی حوکمەکە تەها ڕەسوولیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا، «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ٣ ساڵ، ٣ ساڵ و ٧ مانگ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر و لە گوڵانی ئەمساڵیشدا (مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دوو پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا قارەمانی بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» مەحکووم کرابوو بە ٣ مانگ بەندکران و ٤٠ قامچی کە دادگاکە بەپێی یاسا گۆڕیبووی بۆ پێدانی ٥٠ میلیۆن ڕیال غەرامەی پارە.

تەها ڕەسوولیان، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ (١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرایەوە بۆ زیندانی نەغەدە و ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە (٢١ی فێبرییە) بە بارمتەی قورسی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.