تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی خاکەلێوە (١٠ی ئاوریل) ٦ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی سامان ڕەسوولزادە، سەنعان ڕەسوولزادە، ئەشکان شکاک، ڕەزا ئیسلامدۆست، سینا قادرزادە و دیاکۆ خەلیلی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردوون.

ئەم هاووڵاتییانە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەدا (٣٠ی مارس) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆزی شنۆدا بانگهێشت کرابوون بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات و بۆ چەندین کاتژمێر خرابوونە ژێر لێپرسینەوە.

دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستاندا، لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە (فێبرییەی ٢٠٢٢) بە دەیان کەس لە بەڕێوەبەرانیان بانگهێشت کردبوو و هەڕەشەیان لێ کردبوون. هەروەها لە چەند حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە و پیرانشار لەبەر بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆزدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.