تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە بەردەم نووسینگەی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ئەم شارە گرد بوونەتەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی یوونس نەوخاهیان کردووە.

لەم گردبوونەوەیەدا نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی توانیویانە چاویان بە بەرپرسانی ناوەندی گەورەی ئیسلامی بکەوێت و بەڵێنیان لێ وەربگرن کە بەدواداچوون بۆ دۆخی دەستبەسەرکردنی یوونس نەوخاە دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ (٧ی جولای) یوونس نەوخاە، لە وانەبێژانی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

ناوبراو دوای دەستبەسەرکران پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و پێی ڕاگەیاندوون کە گواستوونیانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

دەوترێت ئەم مامۆستا ئایینییە لەبەر ڕەخنەگرتن لە حکوومەت دەستبەسەر کراوە. ناوبراو هەروەها لە ڕاهێنەرانی هەڵبژێردراوی وەرزشی پاراگلایدەرە لە ئێراندا.