لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکان و هاووڵاتییانی کورددا لە شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) بۆ ٧ کەس بەرز بوویەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی سیامەند کەرامەت (ئالانی)، سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی «نالووس»ی شنۆ و پیرۆت تابناک، خەڵکی گوندی «سینگان»، دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەم پێیە ئەمڕۆ لانیکەم مامۆستایەکی ئایینیی سوننەی کورد و ٦ هاووڵاتیی کوردی تر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری شنۆ دەستبەسەر کراون.

دوابەدوای شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی دەستبەسەرکردنی گرووپێکی ١٠ کەسیی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ناوەڕاستی پووشپەڕەوە (سەرەتای جولای) تا ئێستا لانیکەم ٢ مامۆستای ئایینی و ١٨ هاووڵاتیی کوردی دیکە لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ و و بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.