بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٥ی جولای) مامۆستا یوونس نەوخاە، وانەبێژی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕدا (٧ی جولای) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو. ئەم وانەبێژە ئایینییە لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژدا (٢٣ی جولای) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕدا (١١ی جولای) ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە بەردەم نووسینگەی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ئەم شارە گرد بوونەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراویان کرد.