لە ڕۆژی ڕابردووەوە و دوابەدوای خوێندنەوەی بەیاننامەی زانایان و مامۆستایانی ئایینی شاری پیرانشار و دەوروبەر، تا ئێستە لانیکەم چوار مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی مەلا شەریف مەحموودپوور، مەلا سەیدجەمالەدین واژێ، مەلا یوونس نەوخاە و مەلا سەیدسلێمان ئەحمەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو زانایان و مامۆستایانی ئایینی شاری پیرانشار و دەوروبەر لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ناوزەدکردنی خۆپیشاندەران وەک «موحارەب» و «یاغی»یان بە شتێکی ناشەرعی و نایاسایی لە قەڵم دابوو و هاوکات داوایان کردبوو هەموو دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان بەبێ مەرج و دەستبەجێی ئازاد بکرێن و داوای لێبوردن لە خۆیان و بنەماڵەکانیان بکرێت و هەموو زەرەر و زیانەکانیشیان بۆ قەرەبوو بکرێتەوە.

دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەم کۆبوونەوەیە و خوێندنەوەی بەیاننامەکە، ڕۆژی ڕابردوو ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) مەلا شەریف مەحموودپوور، بەرنوێژی مزگەوتی ڕەسوولوڵڵای «پسوێ»ی پیرانشار و مەلا سەیدجەمالەدین واژێ، کوڕی مامۆستا سەیدنووردەین واژێ لە زانایانی ئایینیی کوردی سوننە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی ڕێبەندان (٢٤ی ژانڤییە) مەلا یوونس نەوخاە و مەلا سەیدسلێمان ئەحمەدی، لە وانەبێژانی مەدرەسەی ئایینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران.

لەسەر چارەنووسی ئەم چوار مامۆستا کوردە لەدوای دەستبەسەرکرانیانەوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.