بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی ژانڤییە) مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «نەنەڵە» و مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەرنوێژی مزگەوتی «چواریاری نەبی»ی شاری سنە، لە جادەی سنە بۆ مەریواندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیشی لەو گوندەدا و پشکنیویانە. ئەم مامۆستا ئایینییە سوننەیە بەم دواییانە بانگهێشتنامەیەکی بۆ نێردرابوو کە دەبێ لە ڕێکەوتەکانی ١٦ و ١٨ی ڕێبەنداندا (٥ و ٧ی فێبرییە) ئامادەی بەردەم دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان بێت.

ئەم دوو مامۆستای ئایینییە کوردە سوننەیە لە چەند مانگی ڕابردوو و لە وتارەکانیاندا لە سەرهەڵدانیی سەرانسەریی خەڵکی ئێران پشتیوانییان کردبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧ مامۆستای ئایینیی کورد لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت و سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.