لەسەر چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو بە ناوەکانی ناسر وەساف و شاهین وەساف کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دوایین دۆخی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) و دوابەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ورمێ، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ناسر وەساف و شاهین وەساف و بەبێ ئەوەی مۆڵەتی یاساییان پێ بێت ئەم هاووڵاتییانەیان دەستبەسەر کرد».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێدان و تا ئێستە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بوون.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەم کەسانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.