ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان (١٢ی فێبرییە) دوو مامۆستای ئایینیی دەستبەسەرکراوی کوردی سوننە بە ناوەکانی مامۆستا شەریف مەحموودپوور و مامۆستا سەیدسلێمان ئەحمەدی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراون. هاوکات بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی مامۆستا یوونس نەوخاە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی تر تازە کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە مامۆستا شەریف مەحموودپوور، بەرنوێژی مزگەوتی رەسوولوڵڵای «پسوێ»ی پیرانشار و و مامۆستا سەیدسلێمان ئەحمەدی، لە وانەبێژانی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیوبیی پیرانشار کە لە ڕێکەوتی ٣ و ٤ی ڕێبەنداندا (٢٣ و ٢٤ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراون.

ئەم دوو مامۆستا ئایینییە دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون و لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرابوونەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

هەروەها بڕیاری دەستبەسەربوونی مامۆستا یوونس نەوخاە، لە وانەبێژانی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیوبیی پیرانشار کە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەنداندا (٢٤ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی تر تازە کراوەتەوە. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و تا ئێستە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

ئەم مامۆستا ئایینییە لە کۆتایی مانگی بەفرانباردا (ناوەڕاستی ژانڤییە) لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی تەورێزەوە بە گشتی سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و داماڵینی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەردا سەپا.