بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١ی ڕەشەمە (٢٠ی فێبرییە) مامۆستا عەلی ڕەحیمی، بەرنوێژی مزگەوتی «کۆنەخانێ» و مامۆستا جەعفەر پەروینی، لە وانەبێژانی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، بە تەلەفۆن بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بانگهێشت کراون.

مامۆستا جەعفەر پەروینی دوای سەردانکردنی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، مامۆستا عەلی ڕەحیمییش دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

دەوترێت هۆکاری بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی ئەم دوو مامۆستا ئایینییە کوردە دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیکردنیان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و شەرمەزارکردنی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە دوو مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ مامۆستای ئایینیی کوردی سوننە لە شارەکانی ورمێ، پیرانشار، نەغەدە، سەردەشت، جوانڕۆ و سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.