بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مێهدی سادقی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیلام کە نزیکەی ٣ حەفتە لەمەوپێش بۆ دووهەم جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، تا ئێستایش بەبێ ئەوەی چارەنووسی دیاری بکرێت لە دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلامدایە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە دوای چەند ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام ڕەوانەی دەستبەسەرگەی کاتیی ئەم شارە کراوە.

مێهدی سادقی لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئیلامدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو دوای ٥ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران لەو دەستبەسەرگەیەدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا و لە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەزدا (٢٣ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئیلامەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی» سزای ٦ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچی و وەک سزای تەواوکەریش، ٢ ساڵ قەدەعەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپا.

هەروەها دۆسیەیەکی تریش لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامدا بە تۆمەتی وەک «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان»، «تێکدانی ڕای گشتی» و «تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» بۆ ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە.