بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەسەر چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی پەیمان ئەحمەدیان و مەنووچێهر ڕەزایی کە لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵاندا (٨ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

سەرەڕای تێپەڕینی چوار ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییەدا، تا ئێستا لەسەر شوێنی راگرتن و تۆمەتی سەر ئەم کەسانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (٢١ی مارس تا ٢٠ی ئاوریل) لانیکەم ١٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و خوراسانی ڕەزەوی، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. یەک کەس لەمانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی قوروە کراوە، بەڵام ئەوانی دیکە یان هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.