بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گوڵان (٢١ی مەی) هێژا ئومیدی، چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی مەلەکشاهیی پارێزگای ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان ئەم هاووڵاتییەیان لە شەقامێکی ئیلامدا و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە. لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنی ئەم چالاکە کوردە تا ئێستە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

هێژا ئومیدی، چالاکی فەرهەنگی و دەرچووی ماستەری بەشی زانستە سیاسییەکان، ساڵی ڕابردوویش لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئیلامدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.