بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردان (٢٤ی مەی) بەشیر نووری، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە گەڕەکی سپای ئەم شارە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە و گوزراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ڕابردوو لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە.

لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی گوڵاندا لانیکەم ٣٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.