له ڕێكه‌وتی ٣٠ی گه‌لاوێژدا ٩ په‌ناخوازی كورد لەگه‌ڵ ٥٧ په‌ناخوازی دیكه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندا لە نزیک شاری ئەستەنبۆل لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراون و دوای ٣ ڕۆژ نێردراونەتە شاری ئەعزاز لە باکووری سووریا. ئەم کەسانە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بە ڕەسمی لە ئێرانەوە سەفەریان بۆ وڵاتی تورکیا کردبوو و هەوڵیان دەدا بە بەلەم خۆیان بگەیەننە ئەورووپا.
کەسێکی نزیک لەم پەناخوازانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «له‌ڕێكه‌وتی ٣٠ی گه‌لاوێژدا ٩ په‌ناخوازی كورد بە ناوەکانی ده‌ماوه‌ند پاكسرشت، مۆبین وه‌له‌دبه‌یگی، ئه‌فشار ڕۆسته‌می، به‌همه‌ن شادڕه‌وان، مه‌سعوود حه‌یده‌ری، سه‌عید ئه‌حمه‌دی، فه‌ردین ده‌روێشپوور، هیدایه‌ت ڕۆخزادی و ئارمان ڕه‌شیدی هوسێن، لەگه‌ڵ ٥٧ په‌ناخوازی دیكه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و لە کاتی هەوڵداندا بۆ بەجێهێشتنی تورکیا لە ناوچەیەکی شاخاوی و دارستانی نزیک شاری ئەستەنبۆل لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراون».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «ئەم کەسانە لە ڕێکەوتی ٣ی خەرماناندا پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا گرتووە و وتوویانە کە گواستراونەتەوە بۆ شارێکی هاوسنوور لەگەڵ سووریادا و چونکوو خۆیان بە هاووڵاتیی سووری ناساندووە دەوڵەتی تورکیا بەتەمایە سنوورداشی سووریایان بکات. ئەم پەناخوازانە دوای گوازرانەوە بۆ سنووری سووریا ئەمجار خۆیان بە هاووڵاتیی ئێرانی ناساندووە و بۆ سەلماندنی ئیدیعاکەشیان وێنەی پاسپۆرتەکانیان نیشانی پۆلیسی تورکیا داوە، بەڵام دوای جیاکردنەوەیان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە جیا گواستراوەتەوە بۆ شاری ئەعزازی باکووری سووریا».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «لە ڕۆژی ٣ی خەرمانانەوە پێوەندیی ئەم کەسانە لەگەڵ بنەماڵەکانیان پچڕاوە و هەر ئەمەش بۆتە مایەی تەشەنەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست چارەنووسیاندا».
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: «ئەو کەسەی قەرار بووە ئەم هاووڵاتییانە بپەڕێنێتەوە بۆ ئەورووپا، ئەمڕۆ کەسانی نزیکیانی ئاگادار کردۆتەوە کە دوای بەدواداچوونەکان بۆی دەر کەوتووە کە هەر ٩ کەسەکەیان گوازراونەتەوە بۆ کامپێک لە شاری ئەعزازی سووریا و هێزە دژبەرەکانی دەوڵەتی سووریا کە تورکیا پشتیوانی‌یان دەکات، بۆ ئازادکردنی هەرکامەیان داوای ٢ هەزار دۆلاریان کردووە».